هه‌دیه فازڵ زرار ناوسراو به "دیاری كۆیی" كه شاعیری شارى كۆیه‌یه و ئێسته له ئه‌ڵمانیا ده‌ژیت، خاوه‌نی چه‌ندان شیعره و له رێی سه‌ماكردن به وشه‌كانه‌وه، گوزارشت له ناخی كۆمه‌ڵگا و جوانییه‌كانی ژیان به‌گشتی ده‌كات. وه‌ك دووپات ده‌كاته‌وه كه رۆمانسییه‌ت لایه‌نێكى گه‌وره‌ى ژیانیه‌تى. له‌م چاوپێكه‌وتنه‌ى له‌گه‌ڵ "وشه"دا وه‌ڵامى چه‌ند پرسیارێك ده‌داته‌وه.
- وا دیاره رۆحی كلاسیك له شیعره‌كانته‌وه نزیكه، چۆن له شیعری كلاسیك ده‌گه‌یت و ئه‌زموونت لێ وه‌رگرتووه؟
بێگومان كلاسیك به ئاستێكی به‌رچاو له نووسینه‌كانمه‌وه نزیكه و زۆر سه‌رسامی شیعری كلاسیكم و هه‌ست به چێژێكی تایبه‌ت و ئارامبوونه‌وه ده‌كه‌م، هه‌سته‌كانیشم هه‌ر له‌وكاته‌وه ده‌ستیان پێ كرد كه ئه‌وكاته‌ى بچووك بووم، گوێبیستی باوكم ده‌بووم كه بۆی ده‌خوێندینه‌وه یان له رێی كاسێته‌كان گوێبیستی ده‌بووین، هه‌ستم ده‌كرد كه تێكهه‌ڵكێشێكی زۆر جوانی زاراوه‌كانه.
رۆمانسییه‌ت به‌شێكى گه‌وره‌ى ژیانمه
- شیعر چی به تۆ ده‌دات و چیت لێ وه‌رده‌گرێت؟
شیعر، ژیان به ره‌نگه‌كانییه‌وه، ئارامی و خۆشیم پێ ده‌به‌خشێت، هه‌رچه‌نده كه خۆشییه‌كان زۆرینه‌ی جار خه‌یاڵن، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم جوانترین و خۆشترین خه‌یاڵن. هه‌روه‌ها شیعر كه‌سایه‌تی و حه‌ز و ئاره‌زوو و به‌هره‌كه‌می به كۆمه‌ڵگاكه‌م ناساندووه، وه‌ك وه‌رگرتنیش، تاكه هۆكاره‌كه ئه‌وه‌یه كه ئازاره‌كانم لێ وه‌ربگرێت و ئومێدى به‌رده‌وامیم پێ ببه‌حشێت.
- ناواخنی شیعر و ئه‌زموونی شیعر چه‌ندی پێویسته تا پێ بگات و ببێته مایه‌ی ستایل و شێوازی تایبه‌ت به شاعیر؟
ناواخنی شیعر ده‌كه‌وێته سه‌ر ناخی كه‌سه‌كه و چۆنیه‌تیی ده‌ربڕین و ناساندنی به خه‌ڵك، بێگومان ئه‌زموون زۆر پێویسته، چونكه تا ئه‌زموونت زیاتر بێ، زیاتر قووڵ ده‌بیته‌وه و ده‌توانی به شێوه و هه‌ستێكی جوانتر و ئازادانه‌تر هه‌ستی خۆت و خاكت و ده‌وروبه‌رت ده‌رببڕیت.
- ژن له‌ناو شیعری تۆدا پێگه‌ی له كوێی هه‌ڕه‌می ئه‌ده‌بیاتدایه؟
ژن له‌ناو شیعره‌كانمدا پێگه‌یان له لووتكه‌دایه و ماف و بوێریی ته‌واوی پێ ده‌ده‌م.
- شاعیر پێویسته خوێنه‌رێكی چاك بێت، یا به‌هره به‌سه بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌زموونی خۆی بنووسێته‌وه؟
زۆر جار ده‌بینین كه‌سێك شاعیرێكی به‌توانایه، به‌ڵام نه‌خوێنده‌واره و خۆی به‌هره‌ی هه‌یه، حه‌زی زۆریشی بۆ نووسین و ده‌ربڕینی ناخ و هه‌ستی جوان، وای لێ كردووه په‌نا بۆ شیعر ببات، به‌ڵام ئه‌گه‌ر خوێنه‌ری باش بێت، زۆریش باشتره و زیاتر ئاشنای ستایل و وشه‌ی نوێ و رێچكه شیعرییه‌كان ده‌بێت، هه‌روه‌ها ده‌توانێ خۆی زیاتر به خه‌ڵك و كۆمه‌ڵگا بناسێنێت له رێی كۆڕ و چاپكردنی بابه‌ته‌كانه‌وه.
- رۆمانسییه‌ت له شیعری تۆدا مه‌به‌سته یان ئامراز؟
بێگومان رۆمانسییه‌ت مه‌به‌سته و زۆرینه‌ی نووسینه‌كانیشم رۆمانسییه‌تیان پێوه دیاره و هه‌ستی پێ ده‌كرێت، كه به‌شێكی گه‌وره‌ی ژیانمه.
- زمان چ گرنگییه‌كی هه‌یه لای تۆ بۆ نووسین؟
بێگومان زمان گرنگییه‌كی زۆری هه‌یه و خۆم حه‌زم زۆر له وشه‌ی پاراو و جوانه، هه‌وڵیش ده‌ده‌م زیاتر رۆبچمه ناو زمانه‌وه، چونكه ده‌بێته هۆی ده‌وڵه‌مه‌ندیی شاعیران و نووسه‌ران له رووی زمانه‌وانی و داتاشینی وشه‌ی نوێ و تێكهه‌ڵكێشی زاراوه‌ی شیعریی زۆر جوان، هه‌ر ئه‌مه‌یش هۆكاره بۆ ئه‌وه‌ى به‌رهه‌می بیركردنه‌وه و تێڕامان و بۆچوون و دنیابینییه‌كانت، به هه‌مووان رابگه‌یه‌نێت. به‌ڵام بیرمان بێت جگه له هه‌موو ئه‌وانه‌ش، ئه‌گه‌ر بته‌وێ له نووسینه‌كانت سه‌ركه‌وتوو بیت، ده‌بێ (بوێریت تێدا بێت، موڵكی هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك بیت، باوه‌ڕی ته‌واوت به ئازادیی ره‌گه‌زه‌كان و مافه‌كانیان هه‌بێت)، هه‌روه‌ها خۆشویستنی پێنووس و تیانووسیش، له سه‌رووی هه‌موو شتێكه‌وه‌یه.
وشه/ فه‌یسه‌ڵ شێخانی