پێش هاتنی سەرما پڕۆژەیەكی گرنگی ڕێگەوبان تەواو دەبێت

:: PM:02:10:20/09/2020 ‌
وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون رای دەگەیەنێت، پڕۆژەی نۆژەنكردنەوە و ڕێی باشماخ بۆ پێنجوێن جارێكی تر بەگەڕ دەخرێتەوە.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ـی ئەیلوول، دانا عەبدولكەریم وەزیری ئاوەدانكردنەوەی نیشتەجێكردن لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، نۆژەنكردنەوەی  ڕێی باشماخ بۆ پێنجوێن دووبارە بەگەڕ دەخرێتەوە و بەشێوەی خێرا تەواو دەكرێت.

لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانیش گفتوگۆمان كردووە بە نزیكترین كات پارەی بۆ دابین دەكرێت
وەزیری ئاوەدانكردنەوە گوتی، پێویستە پێش ئەوەی بگەینە وەرزی زستان، ئەو پڕۆژەیە تەواو بكرێت و لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانیش گفتوگۆمان كردووە بە نزیكترین كات پارەی بۆ دابین دەكرێت.

باسی لەوەش كرد، دەمانەوێ پارەی پێویست و تەواوەتی دابین بكرێت تا پڕۆژەكە بەبێ‌ هیچ كێشەیەك تەواو بكرێت، بۆیە ئەمڕۆ بەڵێندەرەكان ڕادەسپێرین بێ‌ كەموكوڕی كارەكانیان دەست پێ‌ بكەنەوە.

باسی  لەوەش كرد، ئەوەی لەسەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بەرانبەر بەڵێندەركان جێبەجێی دەكات، بۆیە دەبێت بەخێرایی ئەو ڕێیە تەواو بكرێت و گرنگی خۆی هەیە.

لە ڕابردوو بودجە بۆ چاككردنی ڕێی باشماخ بۆ پێنجوێن دابین كرا بەهۆی تەنگژەی دارایی لە كابینەی پێشوو دیاری كرا، بەڵام جێبەجێ‌ نەكرا و كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری دا دروستكردن و نۆژەنكردنەوەی ئەو ڕێیە دەست پێ‌ بكاتەوە.



وشە - رامیار جەواد