كۆرۆنا كاریگەریی خراپی لەسەر پۆستەی كوردستان هەبووە

:: PM:03:42:20/09/2020 ‌
لەگەڵ سەرهەڵدانی كۆرۆنا لە كوردستان، كەرتی پۆستەش زۆرترین كاریگەری بۆ دروست بووە و بەشێك لە چالاكییەكانی دوای هەشت مانگ لە بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا هێشتا دەستیان پێ نەكردووەتەوە.

ئومێد محەمەد ساڵح بەڕێوەبەری گشتی پۆستە و گەیاندن بۆ "وشە" ئاماژەی دا، پۆستەی حكوومی بۆ دەرەوەی وڵات بە تەواوی پەكی كەوتووە و پۆستەی ناوخۆش هەرچەندە بەردەوامە، بەڵام وەك پێشتر چالاك نییە.
تا هێڵەكە بە تەواوی ئاسایی نەبێتەوە، پۆستیان بۆ دەرەوەی وڵات نابێت.

ئەو روونی كردەوە، پۆستەی دەرەوەی وڵات گرێ درابوو بە هێڵی ئاسمانی عێراقی و كاتێكیش ئەو هێڵە وەستا، ئیتر هیچ رێیەكی تر نەبوو تا پۆستەی لێوە بنێردرێت، بۆیەش تا هێڵەكە بە تەواوی ئاسایی نەبێتەوە، پۆستیان بۆ دەرەوەی وڵات نابێت.

ئەو بەرپرسەی پۆستە گوتی، لە ناوخۆ پۆستە چ لە نێوان فەرمانگەكان و چ لە نێوان پارێزگاكاندا هەیە، هەرچەند ئەویش بە هۆی رێوشوێنەكانی كەرەنتین بۆ ماوەیەك بە تەواوی وەستابوو، بەڵام ئێستە كە كراوەتەوە و درێژە بە چالاكییەكانیان دەدەن.

پێویستە بگوترێ پۆستەی هەریمی كوردستان بە نرخێكی گونجاو رەوانەی زۆربەی وڵاتانی دنیا دەكرا كە بەراورد بە پۆستەی كەرتی تایبەت، زۆر هەرزانتر بوو.



وشە - سلێمان تاشان