ئەمەریكا سزای زیاتر بەسەر ئێران دەسەپێنێت

:: PM:09:03:20/09/2020 ‌

بەرپرسێكی ئەمەریكی ئاماژەی كرد كە واشنتن پێی وایە ئێران تا كۆتایی ئەمساڵ ئەوەندە مادەی بەدەستەوە دەبێت بەشی بەرهەمهێنانی بۆمبێكی ناوەكی بكات، ئەو ئاماژەی كرد كە سبەی دووشەم سزای نوێ بەسەر ئێران دێتە راگەیاندن.
ئەمەریكا سزا دەخاتە سەر 24 كەسایەتی و قەوارە
ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە ئاماژەی كرد كە هەریەك لە ئێران و كۆریای باكور، هاریكاریان لەبارەی پڕۆژەی مووشەكی دوورهاوێژ دەست پێ كردووەتەوە، ئاشكرای كرد كە سبەی دووشەم ئەمەریكا سزا دەخاتە سەر 24 كەسایەتی و قەوارە، بەشداریان لە بەرنامەی ئەتۆمی و مووشەكی و چەكی ئاسایی ئێران كردووە.

وەك ئاژانسی "رۆیتەرز"، بڵاوی كردەوە، ئەو بەرپرسە ئەمەریكییە روونی كردەوە، سبەی دووشەم دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا فەرمانێك دەردەكات، رێگە بە واشنتن دەدات بۆ سەپاندنی سزا بۆ سەر چەند لایەنێكی نائەمەریكی كە مامەڵە لەگەڵ چەكی ئاسایی ئێران دەكەن، لەوكاتەی ئەو سزایانە دەبێتە گوشارێكی زیاتر بۆ سەر تاران.

دوێنێ مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە سزاكانی قەدەغەی كڕینی چەك بەسەر ئێران دەسەپێندرێتەوە، ئەگەر وڵاتانیش نەیانتوانی ئەوە بكەن، ئەمەریكا ئامادەیە بۆ بەكارهێنانی دەسەڵاتەكانی بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەوانەی پێشێلی سزاكان دەكەن، ئەوەیش بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئێران سوود لە چالاكییە قەدەغەكراوەكان نابینێت. 

ئەمە و ئەمڕۆ یەكشەم بەهۆی راگەیاندنی سەرۆكی ئەمەریكا بە سەپاندنەوەی سزاكان بۆ سەر ئێران، بەهای ریالی ئێران تا ئاستێكی تری پێوانەیی دابەزی، كاتێك ئێران ئەو هەنگاوەی ئەمەریكای رەت كردەوە و بە نایاسایی لە قەڵەمی دا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل