سەرۆك بارزانی و جێمس جیفری دۆخی رۆژئاوای كوردستانیان تاوتوێ كرد

:: PM:02:11:22/09/2020 ‌
سەرۆك بارزانی و نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا كۆ بوونەوە و لەبارەی دۆخی سووریا و پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و كۆمەڵێك پرسی تر گفتوگۆیان كرد.
ڕۆشنایی خرایە سەر ئایندەی گەلی كورد لە سووریا

 ئەمڕۆ سێشەم 22ی ئەیلوول، بارەگای بارزانی بڵاوی كردووەتەوە، لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازی لە جێمس جیفری نوێنەری تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و شاندێكی یاوەری كرد.

زیاتر روون كراوەتەوە، لەو دیدارەدا دوایین پێشهاتە سیاسییەكانی ناوچەكە تاوتوێ كران و نێردەی تایبەتی ئەمەریكا بۆ هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، كورتەیەكی لەبارەی ستراتیج و ڕوانگەی وڵاتەكەی لەمەڕ دیالۆگی ستراتیجی نێوان ئەمەریكا و هەولێر و بەغدا و هەروەها پرسە هەنووكەییەكان و هاوكێشەكانی ناوچەكە بۆ سەرۆك بارزانی خستەڕوو.

"لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر ئایندەی گەلی كورد لە سووریا و باسی ئەو هەوڵانە كرا كە بۆ دیالۆگ و لێكنزیكبوونەوەی لایەنە كوردییەكانی سووریا ئەنجام دراون. هەر لەو كۆبوونەوەیەدا وێڕای ئاماژەدان بە مانەوەی هەڕەشەی داعش، دووپات لەسەر هاوپەیمانێتی و هاوئاهەنگیی هەردوولا لە شەڕی تیرۆریستانی داعش لە سووریا و عێراق كرایەوە". لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.

بارەگای بارزانی دووپاتی لەوەیش كردووەتەوە، پرسی ئاوارەكان و گەڕاندنەوەیان بۆ ناوچەكانیان تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.



وشە - هیدایه‌ت جان