مەشخەڵ كەوڵۆسی: قسەكانی ئارێز بێ بایەخن و مەبەستیەتی ناوی بهێنرێت

:: PM:03:14:22/09/2020 ‌
دوای ئەوەی ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی داوای دادگاییكردنی ڕێفراندۆمچییەكان دەكات، سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانە‌ سیاسییەكان دەڵێ، ئەو قسانە بایەخیان نییە، تەنیا بۆ ئەوەیە لە فەیسبووك باسی بكەن، هەركات دەوڵەتی كوردی دروست بكرێت، ڕێفراندۆم بناغە یاساییەكەی دەبێت.
ئەو داوایەی ئارێز عەبدوڵا بێ ئاگاییە له ‌یاسا

ئەمڕۆ دووشەم 22ـی ئەیلوول، مەشخەڵ كەوڵۆسی سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد بۆ پەرەپێدانی سیاسی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هەركات دەوڵەتی كوردستان ڕابگەیەنرێت، ڕێفراندۆم بناغەكەی دەبێت و مێژوو قەرزداری ئەو كەسانە دەبێت بڕیاری ڕێفراندۆمی سەربەخۆییان دا و ئەوانەشی بە بەڵێ دەنگیان پێ دا.

لە وەڵامی ئەوەی ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی داوا دەكات دادگایەك پێكبهێنرێت و ئەوانەی ڕێفراندۆمیان كردووە تێیدا دادگایی بكرێن. دەڵێ، ئەو قسەیەی ئارێز عەبدوڵا قسەیەكی سیاسییە و زیاتر مەبەستیەتی لە فەیسبووك باس بكرێت، ئەگەرنا جێی بایەخ نییە قسەی لەسەر بكەین، چونكە مێژووی گەلانی دنیا وایە دەبێت ڕسك بكەی بۆ ئازادی.

ڕیفراندۆم پرۆسەیەكی دیموكراسییە و سەرەتای دروستبوونی دەوڵەته،‌ تاوانێكمان نەكردووە تا دادگایی بكرێین، خۆزگە دادگایەكیان دابنایە دەوڵەتی داگیركەری عێراق و تەواوی مرۆڤایەتی تێدا بەشدار بوونایە، تا ئێمە بەرگریمان لە پرۆسەی دیموكراسی و دەنگدانمان بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكردایە، ئەو داوایەی ئارێز عەبدوڵا بێ ئاگاییە له ‌یاسا.

"دادگا بۆ شتێكە تۆ تاوانت كردبێت پرۆسەی ڕێفراندۆم دیموكراسییە و حەقی میلەتێكە مافی داگیر كراوە، خۆی دەبێت ئەو كەسانە دادگایی بكرێن پشتیوانی لە داگیركەری عێراق دەكەن، دەیانەوێ میلەتی كورد قەناعەت بكات بە ژێردەستەیی خۆی، ئەوە تاوانە گەورەكەیه".‌ مەشخەڵ كەوڵۆسی وای گوت.

سەرۆكی ناوەندی چاوی كورد دووپاتی دەكاتەوە، ئەگەر ڕێفراندۆم ڕێچكەی خۆی وەربگرتایە داگیركەری عێراق بەدەبابە و پشتیوانی دەوڵەتانی تری داگیركەر و هاوكاری ناوخۆیی هێرشی نەكردایە لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017، بێگومان ئێستە سەركەوتنەكان باوكیان زۆر دەبوو، بەڵام ئێستە ئەنجامی ڕێفراندۆم هەندێك خاوە، هیچ ڕووداوێك ناتوانێ ڕیفراندۆم بسڕێتەوه،‌ هەركات دەوڵەتی كوردی دروست بكرێت، ڕێفراندۆم بناغە یاساییەكەی دەبێت.

هەڵەبجە / عەزیز هەورامی



وشە - هیدایه‌ت جان