كۆگایەكی تەقەمەنی حزبوڵا لە باشووری لبنان تەقییەوە

:: PM:06:44:22/09/2020 ‌

ئەمڕۆ سێشەم تەقینەوەیەك لە پارێزگای نەبەتییە لە باشووری لبنان رووی دا و بەپێی زانیارییەكان جبەخانەیەكی سەر بە حزبوڵا بەهۆی هەڵەیەكی تەكنیكییەوە تەقیوەتەوە، بەهۆی تەقینەوەكەیش ژمارەیەك بریندار هەیە.
بەهۆی هەڵەیەكی تەكنیكی بووە
وەك سەرچاوە لبنانییەكان بڵاویان كردەوە، تەقینەوەكە لە جبەخانەیەكی تەقەمەنی و چەكی حزبوڵای لبنانی رووی داوە، بەوهۆیەشەوە ژمارەیەك بریندار هەن، لەوكاتەی چەكدارانی حزبوڵا گەمارۆی ناوچەكەیان داوە، كە هەورێكی گەورە ئاسمانی گرتبووەوە، تەقینەوەكە لە گوندی عەین قانا رووی دا لە پارێزگای نەبەتییە، كە بارەگایەكی سەرەكی حزبوڵایە لە باشوور لە نزیك شاری سەیدای كەناراوی و دووكەڵ ئاسمانی گوندەكەی گرت. 

بەرپرسێكی حزبوڵای لبنانی دانی بە روودانی تەقینەوەكە دانا و زانیاری زیاتری نەدركاند، كە لە وێنەكاندا گەورەیی تەقینەوەكە دیار كەوتووە و دەنگی لە لە ناوچەی باشوور بیستراوە و دووكەڵێكی زۆری دروست كردبوو، لەوكاتەی دیمەنە ڤیدیۆییەكان كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو كرانەوە، ئاماژەیان بۆ زیانی مایەكی و سووتانی ئۆتۆمبێلەكان لە ناوچەكە و بەرزبوونەوەی دووكەڵ كرد.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل