ئەحمەد سەفاڕ: هەر منداڵێكی عێراقی بە سێ هەزار دۆلار قەرزەوە لەدایك دەبێت

:: PM:10:51:22/09/2020 ‌

 


بڕیاردەری لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە لە كاتی حسێبكردنی قەرزەكانی عێراق و دابەشكردنی بەسەر ژمارەی دانیشتوانی ئەو وڵاتە، هەر منداڵێك لە عێراق لەدایك دەبێت سێ هەزار دۆلاری ئەمەریكی قەرزدارە.
حكوومەت بەهۆی دامەزراندنی هەڕەمەكی و حزبییەوە ژمارەی فەرمانبەرانی نازانێت
ئەحمەد سەفاڕ، لە دیدارێكی تەلەڤزیۆنیدا گوتی، حكوومەتە دواییەكەكانی عێراق ئابووری وڵاتیان لە بەرهەمهێنەرەوە بۆ داهاتخۆر گۆڕیوە كە تەنیا پشت بە داهاتی نەوت دەبەستێت، ئێستەیش هیچ سیستمێكی دیاریكراوی ئابووری لە عێراق نییە، روونی كردەوە، ئێستە 5%ی داهاتی دەوڵەت لە دەروازە سنوورییەكان و گومرگ و باج، ناگات.

زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق سەرقاڵی ئامادەكردنی نووسراوێكی چاكسازییە و لیژنەیەك بۆ ئەو مەبەستە پێكهاتووە، ئامانج و قۆناغەكانی چاكسازی ئابووری لە رێگەی نووسراوێكی سپی دیاری كردووە، كە چەند چارەسەرێكی بۆ چاكسازی بەڕێوەبردنی دارایی تیادایە و پشت بە داهاتی نەوت و قەرز دەبەستێت.   

سەفار ئاماژەی كرد، چەندان وەزارەت هەن زیاتر لە پێویستیان پارە دەبەن و بەهەدەردانی پارە هەیە و چەندان بندیوار هەن مووچەی زۆر وەردەگرن، حكوومەتیش بەهۆی دامەزراندنی هەڕەمەكی و حزبییەوە ژمارەی فەرمانبەرانی نازانێت، لە پەرلەمان چوارچێوەمان بۆ سیستمی نوێی مووچە داناوە كە دادوەری لە نێوان فەرمانبەران بێنێتە دی و چاوەڕوانی رەشنووسی حكوومەتین بۆ ئەوەی چاوی پیادا بخشێنینەوە. 

سەفار سەبارەت بە قەرزەكانی عێراق گوتی، ئەگەر قەرزەكانی عێراق كۆ بكرێنەوە و بەسەر ژمارەی دانیشتوانی عێراقی دابەش بكەین، هەر منداڵێكی تازە لەدایكبوو سێ هەزار دۆلار قەرزدارە، لەوكاتەی پێشتر عەلی عەلاق، پارێزگاری پێشووی بانكی ناوەندی عێراق ئاشكرای كرد كە قەرزی دەرەكی عێراق دەگاتە ئاستی 23 ملیار دۆلار و قەرزی ناوخۆییش 40 ترلیۆن دیناری عێراقییە.  

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل