فڕەنسا لە داڕمانی لبنان هۆشداری دا

:: PM:01:12:23/09/2020 ‌
وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا هۆشداری دایە حزب و رەوتە سیاسییەكانی  لبنان ئەگەر بە زووترین كات حكوومەت دانەمەزرێنن، دەوڵەتەكەیان دەڕووخێت.

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فڕەنسا دوو بژاردەی خستووەتە بەردەم حزبەكانی لبنان و پێی گوتوون، لە نێوان پاراستن و رووخانی لبنان دەبێت یەكێكیان هەڵبژێرن.

سەرچاوەیەكی تری فڕەنساش ئەوەی بڵاو كردەوە، ئەو وڵاتە پاڵەپەستۆی زیاتری خستووەتە سەر لایەنەكانی لبنان بۆ ئەوەی هەرچی زووە حكوومەتی نوێ پێك بهێنن و وڵات لەو تەنگژەیە رزگار بكەن تێی كەوتووە.

بەگوێرەی سپوتنیك، دوو بەرپرسەكەی فڕەنسا هیچ كاتێكی دیاریكراویان دەستنیشان نەكردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەت، دوای ئەوەی كاتە دەستنیشانكراوەكەی پێشوو بۆ دامەزراندنی حكوومەت كۆتایی هات.

دۆخێكی كارەساتبار چاوەڕوانی وڵات دەكات.
میشێل عۆن سەرۆك كۆماری لبنانیش هۆشداری داوەتە حزبەكان و سەركردە سیاسییەكانی وڵاتەكەی ئەگەر زوو حكوومەت پێكنەهێنن و هەناسەیەك بە دۆخی نالەباری وڵات نەدەن، دۆخێكی كارەساتبار چاوەڕوانی وڵات دەكات.

پێویستە بگوترێ تەقینەوەیەكی بەهێزی بەندەری بەیرووت بووە هۆی كەوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵكی ئەو وڵاتە و دواجار حكوومەت هەڵوەشایەوە. تەقینەوەكە جگە لە كوشتنی سەدان كەس، سەرووی 15 ملیار دۆلار زیانی بە لبنان گەیاندووە.


وشە - سلێمان تاشان