هێرشكردنە سەر هاوپەیمانان لە عێراق بەردەوامە و حكوومەت بەدوای ئەنجامدەرانەوەیە

:: PM:04:20:23/09/2020 ‌

لە ماوەی رابردوو كردنەئامانجی كاروانی پاڵپشتی لۆجیستی و ئامانجەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەلایەن چەكدارانی نەناسراوەوە بەردەوامە، سەرچاوەیەكی تەناهی رای گەیاند كە ئەمڕۆ چوارشەم بۆمبێكی چێنراو بە كاروانێكی هاوپەیمانانی لە پارێزگای سەڵاحەدین تەقیوەتەوە.
گوشاری میلیشیاكان بۆ سەر ئەمەریكا و هاوپەیمانان بەردەوامە
سەرچاوەكە روونی كردەوە، بۆمبێكی چێنراو كاروانێكی ئۆتۆمبێلەكانی پاڵپشتی لۆجیستی سەر بە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق لەسەر رێگەی خێرا لە پارێزگای سەڵاحەدین كردە ئامانج، بێ ئەوەی زانیاری زیاتر بدات. 

ئەوە لەوكاتەی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق ئەمڕۆ چوارشەم پرۆسەیەكی پشكنینینان بەدوای ئەوانەی مووشەكبارانی ناوچەی سەوزی بەغدا دەكەن لە چەند ناوچەیەكی بەغدا دەست پێ كرد، بەپێی میدیاكانی ناوخۆیی عێراق، هێزێكی دژەتیرۆری عێراقی هەڵمەتێكی پشكنینیان لە ناوچەی زوییە لە جادرییە بۆ گەڕان بەدوای ئەوانەی مووشەكی كاتیۆشا دەگرنە ناوچەی سەوز، ئەنجام دا. 

بەپێی زانیارییەكان ئەو هێزە هەموو دەروازەكانی ئەو ناوچەیان گرتووە و هێزەكانی سوپای عێراقیش لە ناوچەكە بڵاو بوونەتەوە، لەوانە لە ناوچەی كەڕادە لە ناوەڕاستی بەغدا، هاوكات لە بەیاننامەیەكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق هاتووە، فایەق زێدان، سەرۆكی ئەنجوومەنەكە لەگەڵ ماسیۆ تۆلەری باڵوێزی ئەمەریكا لە عێراق باسی رێوشوێنەكانی لێپرسینەوەیان لەگەڵ ئەوانە كرد كە نێردە دیپلۆماسییەكان لە بەغدا دەكەنە ئامانج.

ئەوە لەوكاتەی شانەی راگەیاندنی جەنگ دوێنێ سێشەم رای گەیاند كە چەند گولە هاوەنێك ناوچەی سەوزی بەغدایان كردووەتە ئامانج و هیچ زیانی لێ نەكەوتووەتەوە، شوێنی بۆردمانەكەیش ناوچەی زوییە بووە لە بەغدا.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل