چەمچەماڵ.. تاقیگە تایبەتەكان بە ناوی كۆرۆناوە هاووڵاتییان دەترسێنن

:: PM:08:44:23/09/2020 ‌

هاووڵاتییانی چەمچەماڵ نیگەرانن لەوەی ماوەیەكە تاقیگە تایبەتەكان جۆرە پشكنینێك بۆ هاووڵاتیانی ناوچەكە دەكەن گوایە دەری دەخات كێ هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە، بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵیش دووپاتی دەكاتەوە تەنیا نەخۆشخانەی حكوومی بۆی هەیە ئەو پشكنینە بكات و پشت بە پشكنینی تاقیگە تایبەتەكان نابەسترێت.
هەڵامەت و پەتای وەرزییش بە كۆرۆنا دەخوێننەوە
هاووڵاتییانی چەمچەماڵ لە تاقیگە تایبەتەكان بۆ هەر پشكنینێك بڕی نۆ هەزار دیناریان لێ وەرگیراوە و لە ماوەی رابردوو بە سەدان پشكنین لە تاقیگەكان كراوە و لە پشكنینەكەدا وا دەردەكەوێ كەسێك هەڵگری كۆرۆنا بێت یان نا، بەڵام لە رووی زانستییەوە پشكنینەكە نابێتە سەرچاوە بۆ دیاریكردنی حاڵەتەكە.

جەلال سلێمان، هاووڵاتییەكی چەمچەماڵە، رۆژی رابردوو ئەو پشكنینەی كردووە و پێیان گوتووە رێژەیەك لە كۆرۆنا لە لەشیدا هەیە، بەڵام دواتر لە لایەن پزیشكی تایبەتمەندەوە پێی گوتراوە ئەو پشكنینە نابێتە بەڵگەی بوونی وەك هەڵگری ڤایرۆسەكە، چونكە تەنیا نەخۆشخانەی حكوومی بۆی هەیە ئەو پشكنینە بكات.

فەرهاد محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی چەمچەماڵ ئەمڕۆ چوارشەم بە "وشە"ی راگەیاند، پشكنینی كۆرۆنا تەنیا بە ئامێری (پی سی ئاڕ)، دەكرێ كە تەنیا نەخۆشخانە حكوومییەكان بۆیان هەیە ئەو پشكنینە بكەن و هیچ نەخۆشخانە و تاقیگەیەك لە دەرەوەی حكوومی بۆیی نییە بیكات.

ئەو پشكنینەی كە لە تاقیگە تایبەتەكان دەكرێ، ناوەكەی جیاوازە لەوەی حكوومی كە پشكنینی (سی ئاڕ پی)یە، گوایە بە رێژە دیاری دەكات ئەو كەسە رێژەی كۆرۆنای چەندە، بۆ هەر پشكنینێكیش بڕی نۆ هەزار دینار وەردەگیرێت.

بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەماڵ روونی كردەوە، پشكنینی (سی ئاڕ پی)، تاقیگەكان گشتییە و ناتایبەتمەندە و پشتی پێ نابەستین بۆ دیاریكردنی تووشبوون بە ڤایرۆسەكە.

هاووڵاتییانی چەمچەماڵ تووشی دڵەڕاوكێ هاتوون بەهۆی ئەوەی پشكنینی (سی ئاڕ پی)، كە جیاوازە و لە تاقیگە تایبەتەكان دەكرێ، سەرجەمی ئەوانەی پشكنینەكەیان كردووە دەركەوتووە تووش بوونە، لە كاتێكدا لە رووی زانستییەوە پشتی پێ نابەسترێ و ئەو پشكنینە ئەگەر هاووڵاتی، تەنانەت هەڵامەتێكیشی هەبێت یان پەتایەكی وەرزی، بە كۆرۆنا دەیخوێنێتەوە.

بەڕێوەبەری تەندروستی چەمچەمال دووپاتی كردەوە، هەر تاقیگەیەك بزانین پشكنینی (پی سی ئاڕ)، ئەو پشكنینەی لە نەخۆشخانە حكوومییەكان دەكرێت بۆ كۆرۆناو ئەوانیش دەیكەن، بە زووترین كات دای دەخەین.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل