نوێترین زانیاری لە بارەی فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانییەوە

:: PM:09:32:23/09/2020 ‌

بەپێی زانیارییەكان كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی دەكرێتە پڕۆژەیەكی بازرگانی، پەرلەمانتارێكی فراكسیۆنی گۆڕانیش ڕای دەگەیەنێت، بەدواداچوون بۆ ئەو كارە دەكەن و هەوڵی ڕاگرتنی فرۆشتنەكەی دەدەن.
نووسراوی نهێنی ڕەزامەندی كراوە
دووشەمی رابردوو 21ی‌ ئەیلوول، سەروەر عەبدولرەحمان، پەرلەمانتاری‌ پێشووی‌ یەكێتی‌، لە واڵی‌ تایبەتی‌ خۆی‌ لە فەیسبووك بڵاوی‌ كردووە‌، بەپێی زانیارییەك یەكێك لە كۆمپانیا زەبەلاحەكان داوای كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی كردووە، تا بیكات بە پڕۆژەیەكی كەرتی تایبەت.

ڕوونی‌ كردەوە، هەندێك لە بەرپرسانی زانكۆ و خوێندنی باڵا ڕەزامەندیان لەسەر بابەتەكە داوە و نووسراوی نهێنیشیان بۆ ڕەزامەندی دەربڕینەكە كردووە.

لای خۆیەوە دابان محەمەد، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان لە پەڕلەمانی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەم 23ی ئەیلوول، بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لەسەر بابەتی فرۆشتنی كەمپی كۆنی زانكۆی سلێمانی لە هەفتەی داهاتووەوە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەكات و بۆ ڕای گشتی بڵاوی دەكاتەوە. 
زیاتر گوتی، بابەتی داگیركردن و فرۆشتنی زەوییەكانی سلێمانی لەلایەن چەند دەستڕۆیشتووێكی یەكێتییەوە دەكرێت، كە بەشێكیان لە ناو حكوومەتدان و كارئاسانیان بۆ دەكەن.

لە لایەكی ترەوە و بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، ئەو كۆمپانیایەی بڕیارە زەوییەكەی پێ بدرێ، كۆمپانیایەكی گەورەی سلێمانییە بەناوی قەیوان، لە بارەی پڕۆژەكەیشەوە زانیارییەكان ئاماژە دەكەن، پڕۆژەكە دەكرێتە مۆڵێكی بازرگانی، ئەوە لەكاتێكدایە كە لە چەند ڕۆژی‌ ڕابردوو دار سنەوبەرەكانی‌ نێوان سلێمانی‌ و تاسڵوجە سووتێنران و وا بڵاو كرایەوە كە دراوەتە كەرتی‌ تایبەت و دەكرێ‌ بە پڕۆژە.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل