بۆ یەکەم جار كتێبى فەرهەنگی دەرمان بە زمانى کوردی بڵاو ده‌كرێته‌وه‌

:: PM:01:34:26/09/2020 ‌
دوو گه‌نجى كورد كه‌ شاره‌زان له‌ بوارى ده‌رمانسازى له‌ كارێكى هاوبەش بۆ یەکەم جار كتێبى فەرهەنگی دەرمان بە زمانى کوردی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌موو 26ى ئه‌یلوول، محه‌مه‌د خەلەف یه‌كێك له‌ ئاماده‌كارانى کتێبى فه‌رهه‌نگى ده‌رمانسازى (ببە بە دەرمانساز) به‌ "وشه‌"ى ڕاگه‌یاند، "کتێبى فه‌رهه‌نگى ده‌رمانسازى "ببە بە دەرمانساز" له‌لایه‌ن من‌ و عیسا کانەبی ئاماده‌ كراوه كه‌ بۆ یەکەم جارە بەهێزترین فەرهەنگی دەرمان بە زمانی کوردی بڵاو ده‌بێته‌وه‌.

زیاتر گوتى، "ئەمجارە کتێبێکمان خستۆتە بەر دەستی خوێنەران و قوتابیانى بەشە پزیشکییەکان بە تایبەت بەشی دەرمانسازی.  کتێبەکە بە ناوی "ببە بە دەرمانساز"، ئەم کتێبە پێکهاتووە لە ناساندنی هه‌زار و 111 دەرمان کە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ هەموو قوتابیانى بەشی دەرمانسازی و بەشە پزیشکیەکان".

ڕوونى كرده‌وه‌، "کتێبەکە باس لە ناوی زانستی دەرمان وە ناوی بازرگانی و ڕێژە و شێوەی دەرمان بە شێوەیەکی زۆر ڕێکوپێک، بە شێوەی ئەلف بێ لە  (A-Z)، هه‌روه‌ها ناساندنی گروپی دەرمانەکەیشى تێدایه‌، لە کۆتایی کتێبەکەیش خشتەیەکی پێڕست کە هەموو دەرمانەکانی لەخۆ گرتووە بۆ ئاسان دۆزینەوەی دەرمانەکانى تێدایه‌".

"بیرۆکەی ئەم کتێبە لەوە سەرچاوەی گرتووە کە هەریەکەمان لە ماڵه‌وە جانتایەک لە کەپسوول و دەرمانمان هەیە یارمەتیدەرێکی باشە بۆ هەموو ئاستێک بۆ ئەوەی بزانێت هەر یەکە لەو دەرمانانەی لە ماڵەوە هەیە چییە و بۆ چ مەبەستێک بە کار دێت، جگە لەوە یارمەتیدەرێکی زۆر باشە بۆ هەموو دەرمانسازێک" محەمەد خەلەف وای گوت

ئەو نووسەرە دووپاتی دەکاتەوە، كتێبه‌كه‌ ئاماده‌یه‌ و له‌ سه‌ره‌تاى مانگى ئۆكتۆبه‌ردا چاپ و بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ له ‌سه‌رجه‌م شاره‌كانى كوردستان و ده‌گاته‌ ده‌ستى خوێنه‌ران.


وشە - محەمەد میران