زەوییەكی كشتوكاڵی هەلی كار بۆ سەتان گەنج دەڕەخسێنێت

:: PM:03:55:28/09/2020 ‌
لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن و لەلایەن دوو خاوەن زەوی كشتوكاڵی، كە تەماتەیەكی زۆری تیا بەرهەم هێنراوە، توانراوە هەلی كار بۆ سەتان گەنجی بێكار بڕەخسێنرێت.
زۆر گرنگە بایەخی زیاتر بە بەرهەمی خۆماڵی بدەین

كامەران هەڵەبجەیی و حەسەن چووچانی، دوو خاوەنكاری خەڵكی دەرەوەی پێنجوێنن، بەهۆی بەرهەم هێنانی بڕێكی زۆر تەماتەی كوردی خۆماڵی، لەمساڵدا توانیویانە، رۆژانە هەلی كار بۆ سەتان گەنجی سنووری پێنجوێن و ناوچەكانی دەوروبەری و شارۆكەكانی سەیدسادق و شارەزوور و هەڵەبجە بڕەخسێنن.

ئەمڕۆ دووشەم 28ی ئەیلوول، كامەران هەڵەبجەیی خاوەنكار بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئێستەدا كە كوردستان بە تەنگژەیەكی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕێت، زۆر گرنگە بایەخی زیاتر بە بەرهەمی خۆماڵی بدەین و بەو هۆیەوە بتوانین هەلی كار بۆ گەنجان و دانەمەزراوان بڕەخسێنین.

زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەمساڵ لە سنووری شارۆكەی پێنجوێن، بەهۆی بەرهەمهێنانی تەماتەی كوردی خۆماڵی، هەلی كار بۆ چەندین گەنج دەستەبەر كراوە كە خەڵكی سنووری پێنجوێن و ناوچەكانی دەوروبەریەتی.

ئازاد حەمە، گەنجێكە لەزەوی پڕ لە تەماتەكەی ئەو دوو خاوەنكارەدا كاردەكات و بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا، رۆژانە چەندین كرێكار كاری هەیە و كاری دەستكەوتووە، پێمان باشە لە داهاتوودا هاوشێوەی ئەم دوو خاوەنکارە، چەندین شوێنی تریش هەبێت هەلی كار بۆ گەنجان دابین بكات.

"بەداخەوە، چەندین كەس هەن بۆ دەستكەوتنی بڕێك پارە، بەروبوم لە دەرەوە هاوردە دەكەن، بە واستەی حزبی و دەبنە هۆكار بۆ ئەوەی بەروبومی ناوخۆ رەواجی نەمێنێت" ئازاد حەمە وای گوت.

شارۆكەی پێنجوێن، دەكەوێتە باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای سلێمانی، ساڵانە لە وەرزی هاویندا، بەهۆی پێگەیشتنی زۆربەی بەرهەمە كشتوكاڵییەكان، جووڵەی گەرمی ئابووری تێدەكەوێت و چەندین هەلی كاریش بۆ گەنجان و كرێكاران دەڕەخسێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی



وشە - هیدایه‌ت جان