ئەوەی لە هەریمی کوردستان روو دەدات درێژەی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنایە

:: PM:04:37:28/09/2020 ‌
لە وڵاتان پرسی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا و کۆنترۆل و چاودێری ئەم پەتایە بە هەوراز و نشێوی جیاوازدا تێپەڕیوە و هەندێک وڵات خەریکە خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلی سێیەمی پەتاکە ئامادە دەکەن بەڵام لە کوردستان هێشتا شەپۆلی یەکەم کۆتایی پێ نەهاتوە.

دکتور بژار مووسا گوتەبیژی بەرێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر بۆ "وشە" ئاشکرای کرد ئەوەی لە کوردستان روو دەدات درێژەی شەپۆلی یەکەمی کۆرۆنایە و هەر چەندە لە مانگەکانی حەوت و هەشت دۆخەکە زۆر خراپ بوو بەڵام دیسان لە داهاتوودا مەترسی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا لەئارادایە.

مەترسی ئەوە هەیە لە وەرزی سەرمادا دۆخەکە خراپتر بێت
ئەو روونی کردەوە هاتنی وەرزی پایز و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرمی لە لایەک و کرانەوەی بەشێک لە قوتابخانەکان لە لایەکی تر لەوانەیە ببنە هۆی بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا بە تایبەتی ئەگەر رەچاوی رێنماییە تەندروستییەکان نەکرێت.

دکتور بژار مووسا ئاماژەشی دا ئەم دۆخە تا دروستبوونی پێکوتە بەردەوام دەبیت و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش لەم رووەوە هەست بە بەرپرسیارێتی دەکات و ئەگەر هەر پێکوتەیەک دروست بێ ئەوا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا و وڵاتان هەوڵی دەستخستنی پێکوتەکە دەدات بۆ ئەوەی ئەم پەتایە لە کوردستان بنبڕ بکرێت.

ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە کوردستان گەیشتووەتە 46 هەزار و 466 کەس
پێویستە بگوترێ ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە کوردستان گەیشتووەتە 46 هەزار و 466 کەس کە لەو ژمارەیە 29 هەزار و 708 کەس چارەسەر کراون و هەزار و 693 کەسیش گیانیان لەدەست داوە. هەر ئێستە 15 هەزار و 65 تووشبووی کۆرۆنا لە کوردستان هەن.

هەرێمی کوردستان لە مانگەکانی یەکەم زۆر بە باشی توانی پێش بە کۆرۆنا بگرێت بەڵام لە نیوەی دووەمی ساڵەوە ژمارەکە پەرەی سەند و نەتوانرا بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێ و زۆرێک لە تووشبووانی کۆرۆنا هەر لە ماڵەکانیانەوە چاودێری دەکرێن و پەتاکە بە هەموو شار و گەڕەکەکاندا بڵاو بووەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان