رۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزی ئه‌مه‌ریكی ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی كاره‌كانی تره‌مپ له چوار ساڵی سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه و به وردی به دوای پرسی باجدانی تره‌مپه‌وه به‌دواداچوونی كردووه و گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئه‌نجامه‌ی تره‌مپ بڕی 70 هه‌زار دۆلاری بۆ چاككردنی قژی نووسیوه، بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له باج بدزێته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه نووسیویه‌تی، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تره‌مپ بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه كه‌سێكی زۆر ده‌وڵه‌مه‌نده و گرنگی به پاره و سامان نادات، به‌ڵام له 11 ساڵی ڕابردوو كه‌مترین باجی داوه، له‌وكاته‌یشی وه‌ك سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا هه‌ڵبژێردرا، به ته‌واوی خۆی له باج دزیوه‌ته‌وه و هیچی نه‌داوه و ساڵانی پێشوویش ته‌نیا 750 دۆلاری وه‌ك باج داوه.
بۆ ئه‌وه‌ی پاره و داهاته‌كانی سپی بكاته‌وه، تره‌مپ خه‌رجییه‌كانی به بڕێكی یه‌كجار زۆر ده‌نووسێت، وه‌ك نموونه‌یه‌كیش ڕۆژنامه‌كه باسی له‌وه كردووه، كه ته‌نیا بۆ ڕێكخستن و چاككردنی قژی تره‌مپ بڕی 70 هه‌زار دۆلار واته (حه‌وت ده‌فته‌ر دۆلاری) نووسیوه كه به سه‌رتاشخانه‌كه‌ی ده‌دات، ئه‌مه‌یش به پاره‌یه‌كی خه‌یاڵی ناوده‌برێت، به‌ڵام تره‌مپ بۆ خۆ دزینه‌وه له باج ئه‌و ژماره زۆره‌ی لێداوه.
به‌ر له دیبه‌یتی تره‌مپ و بایدن، ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمز په‌رده‌ی له‌سه‌ر ئیمپراتۆریه‌تییه ئابوورییه‌كه‌ی تره‌مپ هه‌ڵدایه‌وه كه خۆی له نزیكه‌ی 500 كۆمپانیای جۆراوجۆر ده‌بینێته‌وه، ماوه‌ی دوو ده‌یه به چڕی و فره‌وانی كار ده‌كه‌ن، به‌ڵام له 11 ساڵ یه‌ك سه‌نتیشی وه‌ك باج به نووسینگه‌ی كۆكردنه‌وه‌ی باج نه‌به‌خشیوه.
بۆ خۆ دزینه‌وه له باج ژماره‌ی خه‌یاڵی لێداوه
ئاماژه دراوه، كه خۆ دزینه‌وه له باج یه‌كێكه له تاوانه‌كان له ئه‌مه‌ریكا و نووسینگه‌ی فیدرالی كۆكردنه‌وه‌ی باج ده‌توانێ هه‌موو بڕیارێك به‌سه‌ر تره‌مپ و كۆمپانیاكانی ده‌ربكات، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له پۆستی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكایه، هیچ هه‌نگاوێكی له دژ نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر و دۆخه‌كه‌ی بۆ چووه‌ته‌سه‌ر، ئه‌مه‌یش له كاتێكدایه له میدیاكان و له گوته و په‌یامه‌كه‌ی تره‌مپ خۆی به كه‌سێكی پابه‌ندبوو به یاسا و ڕێساكان ناو ده‌بات، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی ته‌واوی سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، ئه‌و ئاماده نییه، لیستی باجدانی ساڵانه‌ی بڵاو بكاته‌وه، له كاتێكدا سه‌رجه‌م سه‌رۆكه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ شه‌فافیه‌ت و نه‌هێشتنی كێشه‌ی باجنه‌دان له‌لایه‌ن كۆمپانیا و سه‌رمایه‌دارانه‌وه، ساڵانه پێش هه‌موو كه‌س لیستی باجدانی خۆیان ئاشكرا كردووه و له میدیاكان بڵاویان كردووه‌ته‌وه.
له ئه‌نجامی نه‌دانی باج تره‌مپ له چوار ساڵ بڕی 427 ملیۆن دۆلاری پاشه‌كه‌وت كردووه، له كاتێكدا ده‌بوو ئه‌و پاره‌یه له سامانه‌كانی به گه‌نجینه‌ی فیدرالی بدات، به‌ڵام ئه‌و به‌و پاره‌یه خه‌ریكی دروستكردنی یاری گۆڵفه و ئاره‌زووه‌كانی خۆی پێ ده‌هێنێته دی، له‌وكاته‌ی له 2016 به‌شێوه‌یه‌كی چاوه‌ڕواننه‌كراو و گوماناویش بوو به سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هه‌ڵبژاردنی برده‌وه، ئیتر هه‌موو شتێك كه‌وتووه‌ته ژێر كۆنتڕۆڵی خۆی و عورفی سه‌رۆكه‌كانی له ئاشكراكردنی لیستی باجدان به ته‌واوی شكاندووه و ئاماده‌یش نییه پێوه‌ی پابه‌ند ببێت.
له به‌شێكی تری ڕاپۆرته‌كه هاتووه، كه تره‌مپ زه‌وییه‌كی به بڕی 230 فدان له ویلایه‌تی نیویۆرك بۆخۆی وه‌رگرتووه، به ناوی دروستكردنی شوێنی مانه‌وه‌ی ماڵباته‌كه‌ی، ئه‌و پاره‌یش كه له ویلایه‌تی نیویۆرك به‌خشیویه‌تی له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی ئه‌و پارچه زه‌وییه بووه، نه‌ك پێدانی باج كه زانیاری بڵاو ده‌كاته‌وه گوایه باجی به‌خشیوه، كه بڕه‌كه‌ی 21 ملیۆن دۆلاری ئه‌مه‌ریكی بووه و له به‌رانبه‌ر ئه‌و پارچه زه‌وییه ستراتیجییه داویه‌تی، هیچ باجێكی نه‌داوه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و داتایانه چانسی تره‌مپ له بوونه‌وه به سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا لاواز ده‌كات
له به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕاپۆرته‌ی نیویۆرك تایمز دۆناڵد تره‌مپ به په‌له هاته سه‌رخه‌ت و وه‌ڵامی دایه‌وه و سه‌رجه‌م زانیارییه‌كانی ره‌ت كرده‌وه و به فه‌یك ناوی برد و دووپاتی له‌وه كرده‌وه كه ئه‌م كاره و زانیارییه‌كانی سه‌رجه‌می دوورن له ڕاستییه‌وه و ته‌نیا بۆ ناوزڕاندنی ئه‌و بڵاو كراوه‌ته‌وه، به‌وهۆیه‌وه سكاڵا له‌سه‌ر ڕۆژنامه‌كه تۆمار ده‌كات.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی تره‌مپ نووسیویه‌تی، نه‌ك هه‌ر باجم به ته‌واوه‌تی داوه، به‌ڵكو له بڕی دیارییكراویش زیاترم به‌خشیوه، به تایبه‌ت له ویلایه‌تی نیویۆرك وه‌زاره‌تی گه‌نجینه ئاگه‌داری ئه‌و ڕاستییه‌ن و ده‌زانن كه زۆرتر له‌وه‌ی پێویست بووه باجم داوه.
سه‌ره‌ڕای ره‌تكردنه‌وه‌ی تره‌مپ و بانگه‌شه‌كردن بۆ تۆماركردنی سكاڵا و به شایه‌تكردنی وه‌زاره‌تی گه‌نجینه، به‌ڵام تره‌مپ وه‌ڵامی وردی زانیارییه‌كانی نه‌داوه و به به‌ڵگه لیستی باجدانی نه‌خستووه‌ته ڕوو، بۆیه ئه‌مه‌ریكییه‌كان به ته‌واوی بڕوایان به ڕاپۆرته‌كه‌ی نیویۆرك تایمز كردووه و له تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی نووسیویانه، ئه‌گه‌ر نیویۆرك تایمز ناوی زڕاندوویت و تۆمه‌تی بۆ دروست كردوویت، وه‌ك سه‌رۆكه‌كانی پێشوو لیستی ئه‌و باجانه‌ی كه نووسینگه‌ی فیدرالی كۆكردنه‌وه‌ی باجت به‌خشیوه، بڵاوی بكه‌ره‌وه و كۆتایی به گفتوگۆكان بهێنه، به‌ڵام تره‌مپ ئاماده نییه به هیچ شێوه‌یه‌ك لیستی باجدانی بڵاو بكاته‌وه، ئه‌مه‌یش هێنده‌ی تر گومانه‌كانی زیاد كردووه، چاوه‌ڕوان ده‌كرێ ئه‌و دۆسیه‌یه‌یش زیانی گه‌وره‌ی له هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا لێ بدات، كه بڕیاره له سێی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ر ئه‌نجام بدرێت.