كار لەسەر ڤاكسینێك دژ بە كۆرۆنا و ئینفلەوەنزا بەیەكەوە دەكرێت

:: PM:08:12:10/10/2020 ‌

لەوكاتەی هێشتا چارەسەری بۆ ڤایرۆسی كۆرۆنا نەدۆزراوەتەوە، وەرزی سەرما خەریكە ئینفلەوەنزای وەرزی لەگەڵ خۆیدا دێنێت، بۆیە شارەزایانی تەندروستی وریایی لە خراپبوونی دۆخەكە بەهۆی بەیەكەوەهاتنی دوو ڤایرۆسەكە دەدەن، لە هۆنگ كۆنگ، توێژەران كار لەسەر ڤاكسینێك بۆ هەردوو جۆر ڤایرۆس بەیەكەوە دەكەن.
تاقیكردنەوەكان ئەنجامی باشیان هەبووە
توێژەران لە هۆنگ كۆنگ توانیان داهێنان بكەن سەبارەت بە هەوڵی بەرهەمهێنانی ڤاكسینێكی دووسەرە، كە هاوكات لە هەردوو جۆر ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئینفلەوەنزا دەتپارێزێت، چاوەڕوان دەكرێ لە تشرینی دووەمی داهاتوو بچێتە ناو یەكەم قۆناغی تاقیكردنەوەكان، كاتێك لە رێگەی لووتەوە بە ژمارەیەك خۆبەخش دەدرێت.  

یووین كووك یۆنگ، سەرۆك بەشی نەخۆشییە پەتاییەكان لە بەشی مایكرۆبایۆلۆجی لە زانكۆی هۆنگ كۆنگ كە بەشداری توێژینەوەكەیە گوتی، لە یەكەم قۆناغی تاقیكردنەوەكاندا 100 كەسی پێگەیشتوو بەشداری دەكەن، بیرۆكەكەیش ئەوەیە دەمانەوێ ڤاكسینێك بەرهەم بێنین هاوكات لە هەردوو ڤایرۆسی كۆرۆنا و ئینفلەوەنزا مرۆڤ بپارێزێت.

دووپاتی كردەوە، تاقیكردنەوەكان دەریانخستووە كە ڤاكسینەكە لەسەر ئاژەڵ تاقی كراوەتەوە و باش كار دەكات، ئەوە لەوكاتەی تا ئێستە دەیان كۆمپانیای دەرمان لە دنیا لەكێبەركێدان بۆ بەرهەمهێنانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا كە تا ئێستە ملیۆنان تووشبوو و زیاتر لە ملیۆنێك حاڵەتی مردن بەوهۆیەوە هەیە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل