به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه له سنووری پارێزگای دهۆك، 23 گوند به‌ته‌واوی چۆڵ كراون و گوندنشینان له به‌رهه‌می ساڵێكیان بێبه‌ش بوون، له ترسی په‌كه‌كه و بۆردمانی توركیا نا‌وێرن بچنه ناو ڕه‌زه‌كانی خۆیان.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 12ی تشرینی یه‌كه‌م/ ئۆكتۆبه‌ر، دلشێر عه‌بدولستار به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی باتیفا به "وشه"ی گوت، به‌ھۆی نزیكبوونه‌وه‌ی په‌كه‌كه له گونده‌كانی سنووری ئێمه، دۆخه‌كه ناخۆش بووه و بۆردمانی توركیا بۆ سه‌ر ناوچه‌كه به‌رده‌وامه، ته‌نیا له‌و چه‌ند ڕۆژه دوو گوند چۆڵ كراون و خه‌ریكه گوندێكی تریش چۆڵ ده‌بێت.
له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا 20 گوندی تر چۆڵ كراون
به‌پێی قسه‌ی ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌ره، له ماوه‌ی ڕابردووش‌دا 20 گوندی تر چۆڵ كراون، بۆیه خه‌ڵك ھه‌ست به ترسێكی زۆر ده‌كه‌ن و ھیچ ئارامییه‌ك له ناوچه‌كه نییه. وه‌ك ده‌ڵێ: توركیا ئه‌و شوێنانه بۆردمان و تۆپباران ده‌كات كه په‌كه‌كه‌یان لێیه.
دلشێر عه‌بدولستار زیاتر گوتی، ئێسته خه‌ڵك نا‌وێرن بچنه ناو ڕه‌ز و باغ و بێستانی خۆیان، ئه‌مساڵ له به‌رھه‌مه‌كانی خۆیان بێبه‌ش بوون و چه‌ندان دارستان ھه‌ر به‌ته‌واوی سووتان، بۆیه زیانێكی زۆریان به‌ركه‌وتووه و په‌كه‌كه‌ش ھیچ گوێ به‌وه نادات خه‌ڵك زیانی پێ ده‌گات و ھه‌ر له شوێنی خۆیان ماونه‌ته‌وه، توركیاش به‌ھۆی ئه‌وانه‌وه بۆردمانی ناوچه‌كه ده‌كات.
"تا دێت په‌كه‌كه زیاتر خۆی له گونده‌كان نزیك ده‌كاته‌وه، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات زیانی زیاتر به‌ر خه‌ڵكی گونده‌كانی سه‌ر سنوور بكه‌وێت". به‌ڕێوه‌به‌ری شاره‌دێی باتیفا وای گوت.
هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم