فیلمێكی جەزائیری بۆ "ئۆسكار" كاندید دەكرێت

:: AM:11:03:19/10/2020 ‌
فیلمی جەزائیری "هلیۆپۆلیس" لە دەرهێنانی هونەرمەند جەعفەر قاسم، بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئۆسكار لە خولی 93یەمیدا كاندیدە كە ساڵی داهاتوو 2021 بەڕێوە دەچێت.

پێگەی "ئیلاف" ئەمڕۆ دووشەم 19ی تشرینی یەكەم بڵاوی كردووەتەوە، ئەو فیلمە جەزائیرییە لە ئێستەوە كاندیدە بۆ بەشداركردنی لە خولی 93مینی ئۆسكار. هاوكات كێبەركێی چەندان فیلمی تری بیانی دەكات. فیلمەكە باس لە سەردەمی داگیركردنی جەزائیر لەلایەن فڕەنسا دەكات.

بڕیار دراوە بەهیچ شێوەیەك لە هۆڵەكانی سینەمادا نمایش نەكرێت.
بەپێی پێگەكە، تا ئێستە تەواوی وێنەگرتنی ئەو فیلمە تەواو نەبووە و لەكاتێكدا ئەگەر تەواویش بێت، بڕیار دراوە بەهیچ شێوەیەك لە هۆڵەكانی سینەمادا نمایش نەكرێت. هاوكات بۆی نییە لە فێستیڤاڵەكانی سینەمادا بەشداری بكات، تەنیا ئامادە دەكرێ بۆ بەشداركردنی لە ئۆسكار.

چیرۆكی فیلمی "هلیۆپۆلیس" باس لە ساڵانی چلەكانی سەدەی رابردوو دەكات، زۆرینەی رووداوەكانی لە شارۆكەی "هلیۆپۆلیس" روویان داوە كە دەكەوێتە قالمە لە باكوری رۆژهەڵاتی جەزائیر. ئەو شارۆكەیە لە سەردەمی داگیركاریی جەزئیر لەلایەنە فڕەنساوە، تووشی چەندان رووداوی ناجۆر بووە و چەندان جار هاووڵاتییانی ئاوارە بوون.

فیلمی "هلیۆپۆلیس" لە بەرهەمهێنانی سەنتەری گەشەپێدانی جەزائیرە بۆ سینەما كە سەربە وەزارەتی رۆشنیری و هونەریی ئەو وڵاتەیە. ئەو فیلمە لە پاڵەوانێتی هەزیز بۆكرۆنی و مەهدی رەمەزانی و فەزیل عەسوولە لەگەڵ چەندان ئەكتەری دیاری جەزائیر.

بڕیارە رێوڕەسمی ئۆسكار لە 25ی ئەپریلی 2021 بەڕێوە بچێت كە پێشتر ساڵانە لە مانگی فێبرایەر بەڕێوە دەچوو، ئەویش بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

لە ئێستەوە باڵوێزخانەی جەزائیر لە ئەمەریكا، پیرۆزبایی لە ستافی فیلمە كردووە و هیواخوازە خەڵاتەكە وەربگرێت.



وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د