87%ی دەرچووان لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەکان وەرگیراون

:: PM:01:15:01/11/2020 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕای دەگەیەنێت، زیاتر لە 47 هەزار قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەکان وەرگیراون، ئەوەیش دەكاتە ڕێژەی 87%ی دەرچووان.

ئەمڕۆ یەكشەم یەكی تشرینی دووەم، خەتاب شێخانی سەرۆكی دیوان لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، ئەنجامی زانكۆلاین ڕادەگەیەنین و ئەمساڵ 47 هەزار و 178 قوتابی لە زانكۆ و پەیمانگا حكوومییەکان وەرگیراو كە دەكاتە رێژەی 87%ی قوتابیانی دەرچوو.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی خوێندنی باڵا گوتی، حەوت هەزار و 118 قوتابی وەرنەگیراون كە دەكاتە 13%.

ئێستە هەشت هەزار و 119 كورسی بەتاڵ ماون، ئەم كورسییانە دەدرێن بەو قوتابیانەی وەرنەگیراون 
باسی لەوەش كرد، ئێستە هەشت هەزار و 119 كورسی بەتاڵ ماون، ئەم كورسییانە دەدرێن بەو قوتابیانەی وەرنەگیراون كە ژمارەیان حەوت هەزار و 118 قوتابییە. هێشتا ژمارەی كورسی بەتاڵ ماوە، واتا ئەگەر قوتابیانی تریش سكاڵا بنووسن و وەربگیرێن، رێژەی وەرگرتن لە ئەمساڵدا دەكاتە 100%.

ڕوونی كردەوە، سەعات چواری ئێوارەی ئەمڕۆ ماڵپەڕی زانكۆلاین بۆ وەرگرتنەوەی ئەنجامەكان ئەكتیڤ دەبێت، قوتابیان دەتوانن بە یوزەرنەیم و پاسۆردی خۆیان بچنەوە سەری ئەنجامەكان وەربگرنەوە، هەروەها قوتابیان دەتوانن بە ئۆنلاین سكاڵاكانیان پێشكەش بكەن.



وشە - رامیار جەواد