بەندەری فاو.. گوشار دەخرێتە سەر كۆمپانیای دایۆ بۆ پاشەكشەكردن

:: PM:04:23:08/11/2020 ‌

لە مانگی ئۆكتۆبەری رابردوو لەوكاتەی گرێبەستی جێبەجێكردنی پڕۆژەی بەنداوی گەورەی فاو لە بەسڕە خەریكی تەواوبوون بوو و هەردوولا گەیشتن بە لێكگەیشتنی زیاتر، دوای چەند رۆژێك بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆ لە عێراق، كە پڕۆژەكەی جێبەجێ دەكرد كوژرا، ئەو كات پەنجەی تاوان بۆ میلیشیاكان درێژ كرا، بەوەی بۆ بەرژەوەندی خۆیان و چەند وڵاتێكی ناوچەكە ئەو كارەیان ئەنجام داوە، ئێستەیش وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كێشە بۆ كۆمپانیاكە دروست دەكات.
وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كێشە بۆ كۆمپانیاكە دروست دەكات
تا ئێستەیش لە عێراق مشتومڕ سەبارەت بەو بەنداوە و داهاتووی و جێبەجێكردنی هەیە، بەتایبەتی لەبارەی مشتومڕی لە نێوان كۆمپانیای دایۆی جێبەجێكار و دەسەڵاتدارانی عێراق هەیە، كاتێك شڵەژانێك لە ناو وەزارەتی گواستنەوەی عێراق دروست بووە، ئەوە لەبری ئەوەی دروستكردنی بەنداوەكە ببێتە چارەسەرێكی ستراتیجی بۆ كێشەی هەناردنی كاڵا و كەرەستەكانی عێراق لە رێگەی دەریاییدا.

لە 2010ەوە عێراق چەند گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئیتاڵیا و كۆریای باشوور و یۆنانی كرد بۆ دروستكردنی بەندەری گەورەی فاو لەسەر ئاوی كەنداو بە تێچووی نزیكەی 4.5 ملیار دۆلاری ئەمەریكی، كەچی تا ئێستە كارەكانی ئەو پڕۆژەیە راستەڕێ نەبووە و كێشەكانی سیاسی و تەنگژەكانی ئابووری و تەناهی دەستیان تێ ناوە، تا 2018 ئەوكاتەی چەند گرێبەستێك لەگەڵ كۆمپانیای دایۆی كۆریای باشوور زیندوو كرانەوە، هاوكات دامەزراندنی یەكێك بوو لە داواكارییەكانی خۆپێشاندەران لە 2019، بەتایبەتی خەڵكی بەسڕە بۆ كاراكردنی ئابووری عێراق و بەستنەوەی بە تۆڕی گواستنەوەی نێودەوڵەتییەوە.

كۆمپانیا كۆرییەكە دەستی بە كارەكان كرد و توانی یەكێك لە گەورەترین شەپۆلشكێنەكان لە دنیا دروست بكات و خۆی بۆ دروستكردنی شوێنی گیرسانەوەی كەشتییەكان ساز كرد، بەتایبەتی دوای ئەوەی حكوومەتی مستەفا كازمی رای گەیاند بەوەی ئەو پڕۆژە لە پێشەوەی گرنگیپێدانییەتی لە قۆناغی ئێستە، بەڵام لە ئۆكتۆبەری رابردوو رووداوێك لەناو پڕۆژەكە رووی دا و گومانی دروست كرد، كاتێك ئەسعەد عیدانی، پارێزگاری بەسڕە كوژرانی بەڕێوەبەری جێبەجێكاری كۆمپانیاكەی راگەیاند، بەوەی خۆی كوشتووە.

خۆكوشتن یان كوژرانی ئەو بەڕێوەبەرە یەكتر تۆمەتباركردنی تێكەوت، چەند لایەنێكی سیاسی میلیشیاكانی سەر بە ئێرانیان بە كوشتنی تۆمەتبار كرد، بەهۆی ئەوەی رەتی كردووەتەوە لە قازانجی پڕۆژەكە بیانكاتە هاوبەش، سەرانی ئەو میلیشیایانە پێوەندیان بەو بەڕێوەبەرە كردووە و داوایان لێی كردووە كارەكانی پڕۆژەكە بە كۆمپانیاكانی ئەوان بدات، ئەویش رەتی كردووتەوە، بۆیەیش كەسانی نزیك لەو بەڕێوەبەرە ئاشكرایان كردووە كە پێش مردنی گوتوویەتی گوشاری زۆری لەسەرە.

چەند لایەنێكی تری سیاسی بابەتەكەیان بە بەرژەوەندی چەند وڵاتێكی ناوچەكە بەستەوە لەوانە كوێت، كە سەرقاڵی دروستكردنی بەندەری موبارەكە لەسەر كەنداو و بەتەواوبوونی بەندەری فاو، گەورەترین زەرەر دەكات، جیا لە ئێران كە دەیەوێ هیڵی ئاسنینی عێراق بەخۆیەوە ببەستێتەوە و عێراق لەبری بەندەرەكانی خۆی، پشت بە هێنانی كاڵاكان لە رێگەی بەندەرەكانی ئێرانەوە ببەستێت.

بەگشتی كوژرانی بەڕێوەبەری كۆمپانیای دایۆ، گومانی خستە سەر خواستی تەواوكردنی پڕۆژەكە، لەوساتەوەیش وەزارەتی گواستنەوەی عێراق كەوتووەتە ناو گێژاوێك لەبارەی چارەنووسی بەندەرەكە، سەرەتای ئەم مانگەیش هەواڵەكان دزیان كرد بەوەی گرێبەستی كۆمپانیا كۆرییەكە هەڵوەشاوەتەوە بەهۆی بوونی ناكۆكی لەسەر قووڵایی بەندەرەكە و پارە و كاتی داواكراو لەلایەن كۆمپانیاكەوە، بۆیە دوای چەند رۆژێك لەو هەواڵانە، ناسڕ شبلی، وەزیری گواستنەوەی عێراق رای گەیاند كە بەو قەناعەتە گەیشتوون كۆمپانیای دایۆی كۆریای باشوور توانای جێبەجێكردنی پڕۆژەكەی بەو تایبەتمەندیانەی دەیانەوێ نییە، ئەوەیش هاوكات لەگەڵ بوونی زانیاری بەوەی كارەكانی پڕۆژەكە دەدرێتە چەند كۆمپانیایەكی ناوخۆیی، ئەوەیش گومانی بوونی گەندەڵی لە پڕۆژەكەی زیاتر كرد. 

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق لەبری روونكردنەوەی زیاتری ئەو بابەتە، لە كۆتایی هەفتەی رابردوو گومانەكانی زیاتر كرد، بەوەی گفتوگۆكان لەگەڵ كۆمپانیای دایۆ بەردەوامە، ئەو كۆمپانیاكەی بەوە تۆمەتبار كرد كە رێككەوتنی هەردوولای پێشێل كردووە لە رووی قۆڵایی دیاریكراو و پارەی داواكراو و ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەكە، وەزارەتەكە دەڵێت، رێككەوتن كراوە پێنج پڕۆژە ئەنجام بدەن و قوولایی بەندەرەكە 19.8 مەتر بێت و تێچووی پڕۆژەكەیش دوو ملیار و 370 ملیۆن دۆلار بێ و لە ماوەی سێ ساڵ تەواو بێت، كەچی جێگری كۆمپانیاكە داوای پارەیەكی زیاتری كردووە، بۆیە ئەوان رەتیان كردووەتەوە. 

زانیارییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن، بەپێی رێككەوتنی سەرەتایی نێوان وەزارەتەكە و كۆمپانیاكە ئەو نرخەی بۆ ئەو قووڵاییە لەسەری رێككەوتوون زیاتر بووە، ئەوەیش وای كردووە كۆمپانیاكە لەسەر هەڵوێستی خۆی سوور بێت، بۆیە سەرچاوەكان بەدووری نازانن وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، كە ساڵانێكە بەدەستی میلیشیای بەدرەوەیە، ئەو تەكتیكەی بۆ ناچاركردنی كۆمپانیای دایۆ بەكارهێنا بێ بۆ ناچاركردنی بۆ دووركەوتنەوە و پاشەكشەكردن لە پڕۆژەكە، ئەوەیش وەك هەنگاوی دووەم دوای كوژرانی بەڕێوەبەرەكەی.         



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل