گەرمیان.. لایەنگرانی پەكەكە لەناو گردبوونەوەكان هەوڵ دەدەن كێشە بنێنەوە

:: PM:08:48:11/11/2020 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم بە بیانووی دژایەتیكردنی شەڕەوە، ژمارەیەك هاووڵاتی كە لە نێویاندا ئەندامانی پەكەكە هەبوون بێ وەرگرتنی مۆڵەت ویستیان گردبوونەوە ساز بكەن، بەڵام ئاسایش رێگەی پێ نەدان، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەلار دەڵێ، خۆیان دەزانن مۆڵەتیان پێ نەدراوە و ویستوویانە سەركێشی بكەن.
لایەنگرانی پەكەكە بەناوی دژایەتیكردنی شەڕ سەرقاڵی چالاكی سیاسین
 گۆران رەحیم، ئەندامی بەرەی نیشتمان لە شارۆكەی كەلار، كە خۆیان بە بەرەیەكی بێلایەنی دژ بە شەڕ دەناسێنن، بە"وشە"ی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ویستمان لە شاركەی كەلار گردبوونەوەیەك دژ بە شەڕی ناوخۆیی ساز بكەین، بەڵام هێزەكانی ئاسایشی كەلار رێگەیان پێ نەداین، بەهۆی ئەوەی كۆبوونەوە و گردبوونەوە و قەرەباڵغی مەترسی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنای بەدواوەیە.

 لەوبارەوە چالاكێكی دیاری  كەلار بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد كە سانێكی سەر بە پەكەكە خۆیان خزاندووەتە ناو ئەوبەرەوە، بەدەر لەوە كەسانێكی تێدایە بۆ خۆدەرخستن خۆیان دەخزێننە ناو هەندێك چالاكییەوە.

 لەبەرامبەردا سەردار مەحموود، بەڕێوەبەری ئاسایشی كەلار، بە"وشە"ی راگەیاند، قایمقامی كەلار لە ئیدارەی گەرمیان مۆڵەتی بە ئەنجامدانی گردبوونەوە و خۆپێشاندانی نەداوە، ئێمەیش فەرمانی قایمقامی كەلارمان جێبەجێ كردووە، ئەوان خۆیان دەزانن مۆڵەتیان پێ نەدراوە، بەڵام ویستوویانە سەركێشی بكەن.

بەر لە دوو رۆژ "وشە"، وەك یەكەم میدیای كوردی ئاشكرای كرد كە رێكخراوە سێبەرەكانی پەكەكە، بۆ زانینی رای شەقام و خۆدەرخستنیان وەك ئاشتیخواز، سەرقاڵی چالاكی سیاسین بەناوی دژایەتیكردنی شەڕی سەپێندراوی خۆیان بەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان.

 گەرمیان/ سەبری هۆرێنی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل