میدیاكانی دنیا لە سەردانی كۆشنێر و هۆك بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگومانن

:: AM:10:34:30/11/2020 ‌
چەند رۆژ دوای كوژرانی موحسین فەخریزادە زانا ئەتۆمییەكەی ئێران، جێرید كۆشنێر راوێژكاری دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا سەردانی سعوودیە و قەتەر دەكات. لەو گەشتەیدا برایان هۆك سەرۆكی پێشووی گرووپی بەرپەرچدانەوەی ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكاش هاوڕێیەتی كۆشنێر دەكات.

هەوڵەكانی جێرید كۆشنێر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ترەمپ كۆمەڵێك دەستكەوتی گەورەی هەبووە و لەوانە دەكرێ ئاماژە بە رێككەوتنی ئاشتی نێوان ئیسرائیل و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی و بەحرێن بكرێت. سوودانیش كۆمەڵێك هەنگاوی گرنگی ناوە بۆ ئاساییكردنەوەی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئیسرائیل. 

فرانس پرێس لە زاری بەرپرسانی كۆشكی سپی باسی لەوە كرد كۆشنێر و هۆك سەردانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەن و ماوەیەك دەمێننەوە.

دەگوترێ ئامانج لەو سەردانە ئەوەیە رێككەوتنی ئاشتیی پتەوتر بكرێت
دەگوترێ ئامانج لەو سەردانە ئەوەیە رێككەوتنی ئاشتیی پتەوتر بكرێت و بڕیارە كۆشنێر چاوی بە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پاشای سعوودیە بكەوێت و بە باوەڕی زۆر لە چاودێرانی سیاسی، محەمەد بن سەلمان پاشای راستەقینەی سعوودیەیە و بڕیارەكان هەمووی هەر بە دەستی ئەون.

رادیۆ زەمانە لە زاری وال ستریت جۆرناڵ باسی لە هەندێك ئامانجی تری ئەم سەردانە كردووە و بەشێكی تریش لە میدیاكانی دنیا بە بایەخەوە لەم گەشتە دەڕوانن و شرۆڤەی جیاوازی بۆ دەكەن.

ئەو سەردانە لەكاتێكدا دەكرێت كە چەند رۆژ بەسەر كوشتنی موحسین فەخریزادە زانای ئەتۆمی ئێران تێنەپەڕیوە و هێشتا پرسی كوژرانی زۆر گەرمە.

برایان هوك پێشتر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەرپرسی سەرەكی دۆسیەی ئێران بووە
 دووەم پرس كە جێی سەرنجی میدیاكانە هاوڕێیەتی برایان هۆكە لەو گەشتەی كۆشنێر. هەموو لایەك دەزانن كە برایان هوك پێشتر لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بەرپرسی سەرەكی دۆسیەی ئێران بووە، بۆیەش گومانەكان بۆ ئەوە زیاتر دەچن كە سەردانی كۆشنێر لەگەڵ سەردانی جارانی جیاوازە و تەنیا بەمەبەستی چەسپاندنی ئاشتی و تۆكمەكردنی پێوەندییەكانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتی عەرەبی نەبێت.

لێرە بەو ئەنجامە دەگەین كۆماری ئیسلامیی ئێران گرنگترین هۆكاری سەردانی كۆشنێر و هۆكە بۆ رۆژهەڵات ناوەڕاست و تەوەری سەرەكی گفتوگۆكان پێك دەهێنێت.

لە لایەكی ترەوە فراوانكردنی سنووری رێككەوتنەكانی ئاشتی وڵاتانی عەرەبی لەگەڵ ئیسرائیل ئامانجێكی تری ئەم سەردانەیە. لە 23ی ئەم مانگە بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بە نهێنی چاوی بە محەمەد بن سەلمان جێنشینی پاشای سعوودیە كەوت و پێشبینی دەكرێت ئەمجارە ئیسرائیل لەگەڵ سعوودیە رێككەوتنی ئاشتی بكات كە هەنگاوێكی زۆر گرنگ و كاریگەر دەبێت لە نزیككردنەوەی یەكجارەكی وڵاتانی عەرەبی لە ئیسرائیل و هێندەی تر پەراوێزخستن و تەریككردنەوەی ئێران.

ئەگەری ئاساییكردنەوە و رێككەوتنی ئاشتی نێوان وڵاتەكەیان لەگەڵ سعوودیە زۆر بەهێزە
میدیاكانی ئیسرائیلیش باسیان لەوە كردووە ئەگەری ئاساییكردنەوە و رێككەوتنی ئاشتی نێوان وڵاتەكەیان لەگەڵ سعوودیە زۆر بەهێزە، بۆیەش پێشبینی رووداو و گۆڕانكاری نوێ لە ناوچەكە دەكرێت.

هەفتەیەك لەمەوبەر كاتێك بنیامین نەتەنیاهۆ سەردانی سعوودیەی كرد لەگەڵ خۆی كۆمەڵێك بەرپرسی باڵاشی بردە ئەو وڵاتە كە رۆڵی گرنگیان لە پرسی تەناهی ناوچەكەدا هەیە. یوسی كوهەن سەرۆكی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل یەكێك بوو لەو بەرپرسانە و هاوكات مایك پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكاش لە كۆبوونەوەكاندا بەشدار بوو.

پێویستە بگوترێ چەند رۆژێك دوای ئەو سەردانەی بنیامین نەتەنیاهۆ بۆ سعوودیە، هێرشێك لە تاران ئەنجام درا و گرنگترین كەسایەتیی ئەتۆمی ئێران لە پایتەختی وڵاتەكە كوژرا و بەمەش گورزێكی كاریگەر لە بەرنامەی ناوكیی ئێران درا.

هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە تا پشتێنەیەكی تەناهی لە دژی ئێران دابمەزرێنێت
شرۆڤەكارانی ئیسرائیلی پێیان وایە دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ نەیتوانی لە هەڵبژاردن سەربكەوێت، هەوڵەكانی خۆی چڕ كردووەتەوە تا پشتێنەیەكی تەناهی لە دژی ئێران دابمەزرێنێت و بۆ ئەمەش كۆمەڵێك وڵاتی عەرەبی بەشداری بكەن.

لە دوای كوژرانی فەخریزادە، ئێران دەستی بە هەڕەشە و گوڕەشە لە ئیسرائیل و ئەمەریكا كردووە و تەنانەت دەیەوێ هەرچی زووە تۆڵەی خوێنی زاناكەیان بكاتەوە، بەڵام پێ ناچێت بتوانێ هیچ هەنگاوێكی كردەنی بنێت، چونكە بەر لە هێرشكردنەكە رەچاوی هەر جۆرە بەرپەرچدانەوەیەكیش كراوە و لەوانەیە حەز بكەن ئێران هەڵویستی هەبێت بۆ ئەوەی هێندەی تر كوڵی خۆیان بەسەر ئێراندا هەڵڕێژن.

ئەمەریكا پێشتر فڕۆكەی جەنگیی B52 و كەشتیی فڕۆكەهەڵگری رەوانەی ناوچەكە كردووە
ئەمەریكا پێشتر فڕۆكەی جەنگیی B52 و كەشتیی فڕۆكەهەڵگری رەوانەی ناوچەكە كردووە و هەموو ئەو جووڵە سەربازییانەش هێمان بۆ ئەگەری جەنگێك لە ناوچەكەدا، ستارتی ئەم جەنگەش بەدەستی ئێرانەوەیە هەرچەندە زۆر لە چاودێرانی سیاسی ئێران هۆشدارییان دایە حكوومەتی وڵاتەكەیان خۆی لە هەر جۆرە جەنگ و تۆڵەسەندنەوەیەك بپارێزێت، ئەگەرنا دەكەوێتە ناو ئەو بۆسەیەی بۆی دانراوەتەوە.



وشە - سلێمان تاشان