عوسمان هەورامی و سیاچەمانە بە باڵای یەكتر دروواون

:: PM:12:30:30/11/2020 ‌
عوسمان هەورامی ناوێكی ئاشنایە بۆ هۆگرانی دەنگ و ئاوازی رەسەنی كوردی و فۆلكلۆری هەورامان. ئەو لە چڕینی سیاچەمانە كە ئاوازێكی زۆر كۆنی هەورامانە و پشت بە هیچ ئامێرێكی موزیك نابەستێت، پێشەنگ بووە و كەم كەس توانیویەتی لە چڕینی ئەم جۆرە ئاوازە شان لەشانی عوسمان هەورامی بدات.

عوسمان هەورامی لە ساڵی 1935 لە گوندی كێمنەی پاوە لە دایك بووە
عوسمان هەورامی لە ساڵی 1935 لە گوندی كێمنەی پاوە لە دایك بووە كە سەر بە پارێزگای كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانە. 

لە بنەماڵەی عوسمان هەورامی تەنیا خۆی دەنگی خۆش نەبووە، بەڵكو زۆر لە خزم و كەسە نزیكەكانی دەنگیان خۆش بووە و ئەو دەنگە خۆشەش وا پێ دەچێت پشتاوپشت بۆیان بە میرات بەجێ مابێت.

دایكی عوسمان هەورامی دەنگێكی زۆر خۆشی هەبوو و چەند گۆرانییەكیشی لەگەڵ كوڕەكەی چڕیوە، باوك و مامەكانیشی دەنگیان زۆر خۆش بووە و هەر لە سەرەتای منداڵییەوە گوێی عوسمان هەورامی بە دەنگێكی ئەفسووناوی و خۆش راهاتووە. گوێی لە سیاچەمانەی رەسەنی ناوچەكەی بووە و دواتر خۆی دەستی بە چڕینی هەمان ئاواز كردووە و وای لێ هاتووە پێش هەموو ئەوانە بكەوێت كە پێشتر سیاچەمانەیان گوتووەتەوە .

هەناسەی درێژی عوسمان هەورامی لە كاتی چڕینی ئاوازەكە و دەنگی دڵنشین و بەرزبوونەوە و دابەزینی دەنگ و رەچاوكردنی سەرجەم تەكنیكە وردەكانی چڕینی ئەم جۆرە ئاوازە، وایكرد عوسمان هەورامی ناو دەربكات و ناوبانگەكەی ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەكان ببڕێت و خەڵك چێژ لەم دەنگ و سەدایە وەربگرن.

عوسمان هەورامی تەنیا لە چڕینی سیاچەمانە باڵادەست نەبوو
عوسمان هەورامی تەنیا لە چڕینی سیاچەمانە باڵادەست نەبوو، بەڵكو توانایەكی زۆری هەبوو لە گوتنی گۆرانی هەڵپەڕكێ و زۆر لە شایی و زەماوەندەكان لە گوندەكانی دەوروبەری كێمنە بە بێ دەنگی عوسمان هەورامی بەڕێوە نەدەچوون.

زۆر كەس لەگەڵ عوسمان هەورامی گۆرانییان چڕیوە و كاسێتی هاوبەشیشیان بڵاو كردووەتەوە، بەڵام هیچ كامێكیان نەیانتوانی هێندەی عوسمان هەورامی ناوبانگ دەربكەن. حوسێن كێمنەیی، جەمیل نەوسوودی، مەولود هەورامی، سەباح هەورامی، حەسەن خاوەر لەو هونەرمەندە ناسراوانەن كە لەگەڵ عوسمان هەورامی گۆرانی و سیاچەمانەیان چڕیوە.

عوسمان هەورامی لە ساڵی 1965 یەكەم بەرهەمی خۆی  لە هەردوو رادیۆی كرماشان و بەغدا تۆمار كرد. دواتر لە شارەكانی كەركووك، سنە، مەریوان، سەقز، هەڵەبجە و زۆر لە شارەكانی تر بەشداری زەماوەند و كۆڕەكانی ئاواز و گۆرانی دەكرد.

لەدوای پرۆسەی ئەنفال و كیمیابارانكردنی هەڵەبجە، عوسمان هەورامی ژمارەیەكی زۆری ئاواز و گورانیی غەمگین و لاواندنەوەی چڕی و بە دەنگەكەی باسی لە خەم و ژان و ئەو كارەساتانە كرد كە بەسەر گەلی كورددا هاتن.

زۆر لە بەرهەم و كاسێتە ناوازەكانی عوسمان هەورامی لە ستۆدیۆ پێشكەوتووەكان تۆمار نەكراون
زۆر لە بەرهەم و كاسێتە ناوازەكانی عوسمان هەورامی لە ستۆدیۆ پێشكەوتووەكان تۆمار نەكراون، بەڵكو هەر ئەوانەن كە لە كۆڕی ماڵان تۆمار كراون.

ئەو خاوەنی هەزار و 700 كاسێتە كە زۆریانی لەگەڵ هونەرمەندەكانی تر تۆمار كردووە. عوسمان هەورامی توانایەكی زۆر سەیری هەبووە و دەڵێ رۆژێكیان پێنج كاسێتی تۆمار كردووە.

زۆربەی گۆرانییەكانی عوسمان هەورامی بە بێ موزیك گوتراون و لە بەشێكی كەمیان پشت بە هەندێك ئامێری وەك باڵەبان و شمشاڵ بەستراوە.

عوسمان هەورامی لەپڕ دەنگی دەكەوێت و ناتوانێ چیتر گۆرانی بڵێت. ئەو دەگێڕێتەوە رۆژێكیان لە شوێنێك میوان بووە و لەو میواندارییەش مۆتە یان ئایسكرێمی خواردووە و دوای ئەمە هەرگیز نەیتوانی جارێكی تر سیاچەمانە بچڕێتەوە. هەرچەندە زۆر قسەی تر لەسەر هۆكاری كەوتنی دەنگی عوسمان هەورامی هەن و زیاتر لە 20 ساڵە هیچ گۆرانییەكی نەگوتووە.

قوڕگی ئەو كەسەی ئەم جۆرە گۆرانییە دەڵێت دەبێت زۆر تایبەت بێت
عوسمان هەورامی لە سیاچەمانەدا توانایەكی ئەفسووناوی هەبوو. خۆی سیاچەمانە بە هەموو كەسێك ناگوترێت، قوڕگی ئەو كەسەی ئەم جۆرە گۆرانییە دەڵێت دەبێت زۆر تایبەت بێت، گوتنەوەی ئەوەندە قورسە كە دەبێ كەسێكی تر هاوكاری بكات و بە گشتی ئاوازەكە لە لایەن دوو كەس دەخوێنرێت.

بۆ نموونە یەكێكیان كە دەست بە سیاچەمانە دەكات دوای كەمێك چڕین ئەوەی تر بە هەناسەیەكی نوێ و تایبەتی  لێی دەستێنێتەوە و دریژەی پێ دەدات، ئەمەش دەرفەتێكە بۆ پشوودان بە هەناسە و حەساندنەوەی قوڕگ، تا بۆ بۆ كۆپلەیەكی تر خۆی ئامادە بكات. هۆنراوەكانی سیاچەمانە فۆلكلۆری هەورامانن و ناوەڕۆكیان باس لە عەشق و سروشت و خەم  و ئازارەكان  دەكات.

لەسەر ریشەی مێژوویی سیاچەمانە قسەی زۆر هەن. هەندێك پێیان وایە سیاچەمانە لە دوو وشەی سیا و چەمان پێك هاتووە كە بە واتای رەش و چاو دێن، دواجار سیاچەمانە هەڵگوتنە بە  كچە چاوڕەشەكانی هەورامان.

هەندێكی تر پێیان وایە چەم بە واتای رووبار دێت و ئەو ناوچەیەش رووباری سیروانی پێدا تێدەپەڕێت و سیاش هەر بە واتای رەشە، هێمایە بۆ خەم و پەژارەكانی هەورامان كە لە زاری هونەرمەندەكانیەوە دەربڕاوە.

پێڕەوانی ئاینەكە بە سیاچەمانە ستایشی خواوەندیان كردووە.
بۆچوونێكی زاڵتر هەیە كە پێی وایە ئەم ئاوازە راستییەكەی تایبەت بووە بە پەرستنی ئاهوورا مەزدا و ئاینی زەردەشتی و پێڕەوانی ئاینەكە بە سیاچەمانە ستایشی خواوەندیان كردووە. 



وشە - سلێمان تاشان