ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەی هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێت

:: AM:10:43:03/12/2020 ‌
گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی ڕای گەیاند، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم سێی کانوونی یەکەم، سەمیر هەورامی گوتەبێژی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئامادەکاری بۆ گفتوگۆی نێوان هەردوو حکوومەت دەکرێت.

ڕوونی کردەوە، ئامادەکارییەکان لەم نزیکانە دەست پێ دەکەن، بۆ ئەوەی کۆبوونەوەیەک ڕێکبخرێت و تێیدا گفتوگۆی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێم و عێراق بکرێت.

ئەوەشی گوت: حکوومەتی هەرێم هێلی سووری بۆ دۆسیەی دارایی و نەوت نییە، بە وردی گفتوگۆ لە سەرجەم پرسە گرنگەکان دەکەن و تاوتوێی کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان هەردوو حکوومەت دەکەن.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەولەویەتی کارەکانی بریتین لە گفتوگۆ و ڕێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بۆ ئەوەی هەموو مووچە و شایستە داراییەکانی گەلی کورد بەدەست بێنێت، چەندان جاریش مەسروور بارزانی دووپاتی لەوە کردووەتەوە کە سازش لەسەر مافەکانی گەلی کورد ناکرێت.


وشە - ڕێناس شابان