هەوڵەكان بۆ بەرزكردنەوەی نرخی دینار دەستی پێ‌ كرد

:: AM:08:59:22/12/2020 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، نزمكردنەوەی نرخی دینار و بەرزكردنەوەی دۆلار، زیانێكی زۆر بە هاووڵاتییان دەگەیەنێت و هەوڵەكانمان دەستی پێ‌ كردووە بۆ بەزركردنەوەی نرخی دینار.

ئەمڕۆ سێشەم 22تی كانوونی یەكەم، گەلاوێژ عوبێد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، نزمكردنەوەی نرخی دینار لەلایەن بانكی ناوەندی زیانێكی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاندووە، بۆیە هەوڵ دەدەین ئەو بڕیارە ڕابگیرێت.

ئەندامەكەی پەرلەمان گوتی، گرەنتی جێگیركردنی ئەو نرخە و بە یاساییكردنی لاوازە و ئەم دۆخە كاریگەری نەرێنی زۆر زیاترە لە كاریگەرییە ئەرێنییەكانی، چونكە عێراق جگە لە نەوت كە هەناردەی دەكات، هەموو كاڵاكانی تر لە بازاڕی دەرەوە بە دراوی دۆلار هاوردە دەكات و بە دیناریش لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق مامەڵەیان پێوە دەكرێت، ئەمەش بە واتای زیادبوونی بەهای سەرجەم كاڵاكان و خزمەتگوزارییەكان دێت.

باسی لەوەش كرد، لەگەڵ پەرلەمانتارە كوردەكانی پەرلەمانی عێراق لەسەر هێڵین بۆ ئەوە لە رێی پەرلەمانەوە رێگری لەم سیاسەتە بگرین كە دەرئەنجامەكەی هەژارتركردنی خەڵك و سستكردنەوەی گەشەی ئابووری دەبێت.

ڕوونی كردەوە، لە رێی ئەندامانمان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە گوشار دەخەینە سەر حكوومەت و بانكی ناوەندی بۆ ئەوەی بەهای دینار بگەڕێتەوە ئاستی خۆی و سەقامگیری بازاڕ بگەڕێتەوە ئاستی پێشووی. 




وشە - رامیار جەواد