قادر ئه‌سعه‌د هونەرمەندی گەورەی كوردستان كه به‌مدواییانه به‌رهه‌مێكی نوێی به‌ناوی "ته‌یراوه" بڵاو كرده‌وه و ده‌نگدانه‌وه‌یه‌كی زۆری به‌دوای خۆی هێنا، له دیمانه‌یه‌كی بۆ "وشه" باس له به‌رهه‌مه‌كه ده‌كات و ئاشكرای ده‌كات، نیازی هه‌یه له داهاتوو به‌شی دووه‌میشی بڵاو بكاته‌وه.
گۆرانیی "ته‌یراوه" له تێكست، ئاواز، مۆنتاج و گوتنی قادر ئه‌سعه‌ده، له ستۆدیۆی خۆی له ستۆكھۆڵم تۆماری كردووه، ئازاد شه‌مسه‌دین كاری ئاماده‌كردن و دابه‌شكردنی موزیكی بۆ ئه‌نجام داوه، هه‌روه‌ها میكس و ماستێرینگی له ستۆدیۆی ھونه‌رمه‌ند عه‌مار كوفی له‌لایه‌ن ئه‌وه‌وه كراوه، كلیپه‌كه‌ش چه‌ندان وێنه‌گر كاریان تێدا كردووه.
له‌باره‌ی ئه‌و كلیپه‌وه، قادر ئه‌سعه‌د له دیمانه‌یه‌كی تایبه‌ت به "وشه" گوتی: به‌خۆشحاڵییه‌وه گۆرانییه‌كه زۆر باش پێشوازیی لێ كرا، له‌لایه‌ن خه‌ڵكی ڕه‌سه‌نی ئه‌م گه‌ڕه‌كه به هه‌موو چین و توێژه‌كانه‌وه نامه و پێوه‌ندیی ته‌له‌فۆنی زۆرم پێ گه‌یشتووه، بۆیه ئێسته سه‌رقاڵی تۆماركردنی به‌شی دووه‌می گۆرانیی "ته‌یراوه"م كه به شێوه‌ێكی زۆر جیاوازتر ده‌بێت له ژیانی ھونه‌ری من.
تكایه ئه‌و مافه‌م پێ بده‌ن كه باسی شوێنی له‌دایكبوونی خۆم بكه‌م
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی بۆچی له‌ناو ئه‌و هه‌موو گه‌ڕه‌كه‌ی هه‌ولێر، قادر ئه‌سعه‌د "ته‌یراوه"ی هه‌ڵبژاردووه، گوتی: ئه‌گه‌ر ئاگادار بن له سه‌ره‌تای به‌ھاری ساڵی 2020 كارێكم بۆ ھه‌ولێر وه‌ك مه‌قام كرد، ھه‌روه‌ھا ساڵی 1995 له ئه‌لبوومی ئازیزان گۆرانییه‌كم بۆ ھه‌ولێر تۆمار كردووه و كرا به كلیپیش.
بیرۆكه‌ی گۆرانی ته‌یراوه له وه‌فا و خۆشه‌ویستم بۆ ئه‌و گه‌ڕه‌كه میلی و ھه‌ژارنشینه‌یه كه یه‌كه‌م لانه‌ی خۆمه و لێی له دایك بووم، ده‌نا وه‌ك له كاتی بڵاوكردنه‌وه‌ی ته‌یراوه ئاماژه‌م پێ داوه، من نه‌ته‌وه‌ییانه و كوردستانییانه بیر ده‌كه‌مه‌وه، به‌ڵام تكایه ئه‌و مافه‌م پێ بده‌ن كه باسی شوێنی له‌دایكبوونی خۆم بكه‌م.
قادر ئه‌سعه‌د باسی له‌وه‌ش كرد، ده‌یان و سه‌دان یادگاریی تاڵ و شیرینی له‌و گه‌ڕه‌كه ھه‌یه، گوتی: ئێمه خاوه‌ن دوكانێك بووین له ناوه‌ندی ته‌یراوه، جا ڕۆژانه به‌ركه‌وتنمان ھه‌بوو له‌گه‌ڵ خه‌ڵكی گه‌ڕه‌ك، ھه‌ر له شه‌ڕه به‌رده‌قانی و دارلاستیكی نێوان قه‌ڵا و ته‌یراوه تا قه‌ره‌باڵغیی بن ته‌جنید و گوڕه‌گوڕی ماتۆڕی شه‌قاوه‌كانی سه‌ر شه‌قام و چایخانه‌كان، هه‌روه‌ها قسه خۆش و گه‌رموگوڕه‌كانی پیاوانی بن دیواری مزگه‌وت و یاریی دامه‌كردنیان و زۆر شتی تر.
دوای كۆتاهێنان به پرسیار له‌باره‌ی كلیپی ته‌یراوه و یادگارییه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ڕه‌كه، قادر ئه‌سعه‌د ڕای خۆی له‌سه‌ر ئه‌و هونه‌رمه‌ندانه ئاشكرا كرد كه ئێسته ناویان له گۆڕه‌پانی هونه‌ریدا نه‌ماوه و دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، گوتی: ڕه‌نگه ئێمه زۆر له‌باره‌ی ژیانی ھه‌ندێكیان نه‌زانین كه بۆچی ئێسته دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر پرسیار له‌وان بكه‌یت باشتر ده‌بێت و وه‌ڵامێكیان ده‌بێت، ھه‌ندێكیشیان ھیچیان پێ نه‌ماوه تا پێشكه‌شی بكه‌ن، ڕه‌نگه ھه‌ندێكی تر سه‌ختی ژیان و باری كۆمه‌ڵایه‌تییان ڕێیان پێ نه‌ده‌ن به‌رده‌وام بن.
ڕوونی كرده‌وه، بێگومان ھه‌ندێكیش ھه‌ر له سه‌ره‌تاوه له‌و په‌یامه‌ی ھونه‌ری گۆرانی نه‌گه‌یشتبوون، ته‌نیا بۆ حه‌زێكی كاتی ھاتن، بۆیه ھه‌ر زوو بزر بوون و ناویان نه‌ما، ئه‌وه ئه‌وانه بوون به مه‌ستی شێواندن ھاتبوون نه‌ك خزمه‌تی هونه‌ر.
له‌باره‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئێسته و داهاتوو، قادر ئه‌سعه‌د بۆچوونی خۆی بۆ "وشه" ئاشكرا كرد و گوتی: بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت له سه‌رده‌می ھه‌شتاكان بگره نه‌وه‌ته‌كانیش كاری ھونه‌ری موزیك و گۆرانی سه‌ختتر بوو، ھۆكاریش زۆرن، بۆ نموونه نه‌بوونی ته‌كنه‌لۆجیای پێشكه‌وتووی تۆماركردن و نه‌بوونی په‌یمانگه ھونه‌رییه‌كان به‌و شێوه‌یه‌ی ئێسته، هه‌روه‌ها نه‌بوونی ئامرازی بڵاوكردنه‌وه "ئینته‌رنێت و یوتوب ...ھتد".
زیاتر گوتی: به‌ڵام ئێسته زۆر به ئاسانی ده‌توانی سوود له ته‌كنیككردنی ده‌نگ و دروستكردنی ستایله ھه‌مه چه‌شنه‌كان وه‌ربگریت، به‌ڵێ ھونه‌ری موزیكی ئێسته پێشكه‌وتووتره له‌وه‌ی دوێنێ؛ به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی ھه‌ر ئه‌و دوێنێیه بوو كه ئه‌مڕۆی دروست كرد، ھونه‌ری ئه‌وكات به گشتی نه‌مرتره له‌وه‌ی ئه‌مڕۆ.
هەولێر/ محه‌مه‌د جه‌مال