ڕێكخراوی خۆراكی و كشتوكاڵی جیهانی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان هۆشدارییه‌كی توندی بڵاو كرده‌وه و ئاماژه‌ی داوه كه نزیكه‌ی سێ ملیۆن هاووڵاتی عێراق خۆراكی پێویستیان نییه ڕۆژانه بیخۆن و ئه‌مه‌یش چاوه‌ڕوان ده‌كرێ كاره‌ساتێكی مرۆیی لێ بكه‌وێته‌وه، ئه‌گه‌ر به‌هۆی په‌تای كۆرۆنا و ته‌نگژه‌ی ئابوورییه‌وه دۆخی وڵاته‌كه و كه‌رتی كار به‌رده‌وامی ڕوو له پاشه‌كشه بكه‌ن.
ڕێكخراوه‌كه هۆشداری به حكوومه‌ت ده‌دا و ئاماژه‌ی داوه كه له‌گه‌ڵ به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار، نرخی كاڵاكانیش كه زۆرینه‌یان له ده‌ره‌وه هاورده ده‌كرێن له بازاڕه‌كانی عێراق ڕوویان له به‌رزبوونه‌وه كردووه، له كاتێكدا ڕۆژ دوای ڕۆژیش ڕێژه‌ی بێكاری له عێراق به‌رز ده‌بێته‌وه، توانای خه‌ڵك بۆ كڕینی كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نی به ته‌واوی سنووردار بووه و نزیكه‌ی سێ ملیۆن كه‌س به‌ره‌و ته‌نگژه‌ی برسیه‌تی هه‌نگاو ده‌نێن.
عه‌بدولره‌حمان میجاج نوێنه‌ری ڕێخكراوی خۆراكی جیهانی له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان له لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامه‌ی "سه‌باح"ی زمانحاڵی حكوومه‌تی عێراق ئاشكرای كرد، به گوێره‌ی سیسته‌می چاودێریكردنی برسیه‌تی سه‌ر به ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی، نزیكه‌ی سێ ملیۆن هاووڵاتی عێراق به ده‌ست كه‌می خۆراكه‌وه ده‌ناڵێنن و به‌رده‌وامیش پێویستی ڕۆژانه‌یان بۆ خۆراك كه‌متر و كه‌متر ده‌بێته‌وه، واته ڕۆژ دوای ڕۆژ برسیتر ده‌بن، له‌و ژماره‌یشدا نزیكه‌ی 731 هه‌زار هاووڵاتی بریتین له ئاواره‌كان كه تا ئێسته‌یش نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه زێدی خۆیان و ئه‌وانه‌یشی كه گه‌ڕاونه‌ته‌وه بێ شوێن و جێگه‌ن و له دۆخێكی سه‌ختدان و هیچ كارێكیشیان ده‌ست ناكه‌وێت.
برسیه‌تی له عێراق ڕووی له فره‌وانییه و حكوومه‌ت هاوكاری هه‌ژاران ناكات
ئاماژه‌ی داوه، به ڕوانین به ئابووری عێراق كه به ڕێژه‌یه‌كی ره‌ها پشت به داهاتی نه‌وت ده‌به‌ستێ و نرخی نه‌وتیش به به‌روارد به ساڵانی زوو كه‌می كردووه و په‌تای كۆرۆنایش بوونی هه‌یه، كه خه‌ڵكێكی یه‌كجار زۆری بێكار كردووه، ئه‌مه وایكردووه كه كاریگه‌رییه‌كانی ته‌نگژه‌كه له‌سه‌ر خه‌ڵك زۆر به خێرایی ده‌ربكه‌وێت، به تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی نرخی دیناری عێراق دابه‌زێنرا، به ئامانجی ده‌سكه‌وتنی سیوله‌ی پێویست دۆلار به‌رزكرایه‌وه ،ئه‌مه وایكردووه نرخی كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نیش له بازاڕه‌كان به‌رز ببنه‌وه، چونكه زۆرینه‌ی بازرگانانی عێراق سه‌رجه‌م كاڵاكان به كه‌لوپه‌لی خوارده‌مه‌نیه‌وه‌یش به دۆلار له ده‌ره‌وه ده‌یكڕن و ده‌یهێننه‌وه بۆ عێراق، ئه‌مانه بوونه‌ته مه‌ترسییه‌كی گه‌وره له‌سه‌ر ژیانی خێزانه‌كانی عێراق، چونكه داهاتیان زۆر ڕووی له كه‌می كردووه و نرخی خۆراكیش ڕووی له به‌رزبوونه‌وه‌یه، به‌وهۆیه‌وه تووشی برسیه‌تی و كه‌می خۆراك ده‌بنه‌وه.
عه‌بدولڕه‌حمان
میجاج ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا، كه پێویسته حكوومه‌تی به‌غدا یارمه‌تی خه‌ڵك بدات و به په‌له ئه‌و كێشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات و بودجه‌ی پێویست بۆ كۆمه‌ككردنی ئه‌و ماڵباتانه‌ی تووشی برسیه‌تی بوون ده‌سته‌به‌ر بكات و نرخی كاڵاكان له بازاڕ كۆنتڕۆڵ بكات، پێداچوونه‌وه به بڕیاری به‌رزكردنه‌وه‌ی نرخی دۆلار بكات و به دوای سه‌رچاوه و چاره‌سه‌ری تر بگه‌ڕێت، بۆ پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه.
هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی بازرگانی به‌رده‌وامه له‌سه‌ر ڕووپێوكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق، تا بتوانێ ماڵباته شیاوه‌كان بدۆزرێته‌وه و ڕێژه‌ی ئه‌وانه‌ی تووشی كه‌می خۆراك ده‌بنه‌وه ده‌ستنیشان بكات، هاوكات سیسته‌می نوێكردنه‌وه‌ی كۆبوونی وه‌رگرتنی خۆراك له ناوچه‌كانی عێراق كراوه‌ته ئه‌لیكترۆنی و ماڵباته‌كان ده‌توانن له ڕێی مۆبایله‌وه داتاكانیان تۆمار بكه‌نه‌وه، ئه‌مه‌یش بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له كۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵك له به‌رده‌م بریكاره‌كانی خۆراك بكرێت، به‌مشێوه‌یه‌ش خه‌ڵكی زیاتر له تووشبوون به ڤایرۆسی كۆرۆنا ده‌پارێزرێن.
به گوێره‌ی داتا و زانیارییه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه ئاسایشی خۆراكی ماڵباته‌كانی عێراق له مه‌ترسیدایه و ئه‌وان ده‌یانه‌وێ به پشتبه‌ستن به ته‌كنه‌لۆجیا و به‌شێوه‌یه‌كی ئه‌لیكترۆنی گه‌وره‌ترین تۆماری كۆمه‌ڵایه‌تی دروست بكه‌ن، تا ئه‌وانه‌ی پێویستیان به كۆمه‌ك و خۆراكه به په‌له بدۆزرێنه‌وه و كۆمه‌كیان پێ بگه‌یه‌نرێت.
نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كه له عێراق نه‌یشارده‌وه كه له ساڵی 2020 زیاتر له 630 هه‌زار كه‌س له ژه‌مه خۆراك و پرۆگرامی به‌هاناوه‌چوونی لێقه‌وماوان و ئه‌وانه‌ی پێویستیان به كۆمه‌ك و هاوكارییه سوودمه‌ندبوون، به‌شێوه‌ی مانگانه‌یش كۆمه‌ك به ماڵباته هه‌ژاره‌كان و منداڵان كه له قوتابخانه‌ن ده‌گه‌یه‌نێت، جیا له‌وه‌یش پرۆژه‌ی ڕه‌خساندنی هه‌لی كار و باشتركردنی سیسته‌می دابه‌شكردنی به‌شه خۆراكه‌كانیان سه‌رجه‌میان ئه‌رك و ئامانجه‌كانی ڕێكخراوه‌كه بوون و له 2020 كاری زۆر له‌وباره‌وه كراوه و له هه‌نگاوه‌كانیشمان به‌رده‌وامین.
نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان 650 هه‌زار كه‌سی كۆمه‌ك كردووه له ساڵی ڕابردوو و به‌شه خۆراكی پێداون
ئاماره‌كان دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه كه ڕێكخراوی خۆراكی جیهانی ته‌نیا له 2020 بڕی زیاتر له 43 ملیۆن و 400 هه‌زار دۆلاری ئه‌مه‌ریكی پرۆژه‌ی به‌هاناوه‌چوون و گه‌یاندنی ژه‌مه‌خۆراكی بۆ هاووڵاتییانی لێقه‌وماو و كه‌مده‌رامه‌ت خه‌رج كردووه و له پرۆسه‌كانیشی به‌رده‌وامه.
ئاشكرابوونی ئه‌و داتا ترسناكه له عێراق له كاتێكدایه كه حكوومه‌ت هیچ هه‌نگاوێكی به‌و ئاراسته نه‌گرتووه‌ته‌به‌ر و به‌رده‌وامیش ناوه‌نده جیهانییه‌كان هۆشداری له پاشه‌كشه‌ی ئابووری عێراق و زۆربوونی ڕێژه‌ی بێكاری و هه‌ژاری ده‌ده‌ن.