سبەی لەناو سەنتەری شاری سلێمانی و دهۆك بەفر دەبارێت

:: AM:10:41:19/01/2021 ‌
بەرپرسێكی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، بەهۆی كاریگەریی شەپۆلی سەرما، سبەی لە سەنتەری شاری سلێمانی و دهۆك بەفر دەبارێت.

ئەمڕۆ سێشەم 19ـی كانوونی دووەم، بژار حەكیم بەرپرسی بەشی پێشبینییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، سبەی لە سەنتەری دوو شار بەفر دەبارێت.

بەفربارین، سبەی زیاتر كاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر بەشێك لە ناوچەكەمان بە تایبەتی ناوچە شاخاوییەكان و شارۆكەكان دەردەكەوێت.
زیاتر گوتی، كاریگەری ئەو شەپۆلەی رووی لە ناوچەكەمان كردووە، بەردەوامی دەبێت بە بارانبارین و بەفربارین، سبەی زیاتر كاریگەری ئەو شەپۆلە لەسەر بەشێك لە ناوچەكەمان بە تایبەتی ناوچە شاخاوییەكان و شارۆكەكان دەردەكەوێت.

باسی لەوەش كرد، ئەو شەپۆلە وادەكات لە ناوچە شاخاوییەكان و ئەگەری بەفربارینیش بۆ ناو سەنتەری پارێزگای دهۆك و سلێمانی هەبێت.

ڕوونی كردەوە، كاریگەریی ئەم شەپۆلی باران و بەفرە لە رۆژی پێنجشەم كۆتایی دێت.

بەگوێرەی پێشبینییەكانی دەزگای كەشناسی دنیا، پێشبینی دەكرێت تا كۆتایی ئەم مانگە شەپۆلێكی تری بەفر و باران هەرێمی كوردستان بگرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد