ئێران بەفەرمی و بێ مەرج داوای لە ئەمەریكا كرد بگەڕێتەوە رێككەوتنی ناوكی

:: PM:03:18:20/01/2021 ‌
حەسەن رۆ‌حانی سەرۆك كۆماری ئێران هاوكات لەگەڵ ماڵئاوایی ترەمپ لە كۆشكی سپی، لە كۆبوونەوەی كابینەكەی لە تاران وتارێكی پێشكەش كرد و لە قسەكانی نەرمییەكی زۆر هەیە و پاشەكشەی لەو مەرجانەش كردووە پێشتر خستبوویەڕوو.

لە وتارەكەیدا رۆحانی ئاماژەی بە هیچ مەرجێك نەكردووە و گوتوویەتی، تۆپەكە لە گۆڕەپانی ئەمەریكایە و خۆیان لەگەڵ رێككەوتنی ناوكین و چاوەڕوانن ئەمەریكاش بۆ ئەو رێككەوتنە بگەڕێتەوە.

بەگوێرەی ئیرنا ئەو دەڵێت، "ئەگەر جۆ بایدن هەنگاوێك بێتە پێش، ئێمەش دەچینە پێش. ئەگەر ئەمەریكا بڕیارنامەی 2231 واژوو بكات، ئێرانیش شتێك واژوو دەكات، ئەگەر ئەوان فەرمانێك دەربكەن، ئێمەش دەری دەكەین و ئێستە تۆپ لە گۆڕەپانی ئەمەریكایە." 

هیوای خواستووە بایدن بتوانێت پەڵە رەشەكانی ترەمپ پاك بكاتەوە.


سەرۆك كۆماری ئێران بە خراپی باسی لە چوار ساڵ دەسەڵاتی ترەمپ كردووە و هیوای خواستووە بایدن بتوانێت پەڵە رەشەكانی ترەمپ پاك بكاتەوە. ئەو گوتوویەتی "ترەمپ مرد، بەڵام رێككەوتننامەی ناوكیی زیندووە. ترەمپ زۆری هەوڵ دا لە ناوی ببات، پێی نەكرا."

جۆ بایدن پێشتر گوتوویەتی دەچێتەوە ناو رێككەوتنی ناوكی، بەڵام ئێران مەرجی دیاری كردبوو، كاتێك ئامادەیە مەرجەكانی رێككەوتنەكە جێبەجێ بكات كە ئەمەریكا لای خۆی سەرجەم سزاكان لابەرێت.

لە وتارەكەی رۆحانی ئاماژە بەو خاڵە نەكراوە و ئەمەش بەوە لێك دەدرێتەوە ئێران هیچ دەرفەتێكی لە بەردەمدا نییە جگە لەوەی كە گوێرایەڵی بەشێك لە مەرجەكانی ئەمەریكا بێت، مەمنوونە بە بێ هیچ مەرجێك بایدن بۆ رێككەوتنەكە بگەڕێتەوە تا هەناسەیەك بە دۆخی نالەباری ئابووری ئێران بدرێت.


وشە - سلێمان تاشان