كچ و كوڕانی سۆران خواردن و دانەوێڵە بۆ ئاژەڵە كێوییەكان دابین دەكەن

:: PM:10:06:20/01/2021 ‌

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم ژمارەیەك گەنج بە سەرپەرشتی رێكخراوێكی ژینگەیی، خواردن و دانەوێڵەیان لە چیاكانی دەڤەری برادۆست لە سنووری پارێزگەی هەولێر بۆ ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دانا .
بەهۆی بەفرەوە باڵندەكان ناتوانن خۆراك بۆخۆیان دەستەبەر بكەن
هەژار ماهیر ئێدلبی، بەرپرسی رێكخراوی "وار" بۆ پاراستنی ژینگە لە سۆران بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی هاتنی وەرزی سەرماوە، هەرێمی كوردستان كەوتووەتە ژێر كارێگەری شەپۆلێكی بەفر و باران، بەهاتنی یەكەم بەفربارینی ئەم ساڵیش لە ناوچە شاخاوییەكان، چاوەڕوان دەكرێ هاتنەخوارەوەی ئاژەڵ و پەلەوەرە كێوییەكان لە چیا سەختەكانەوە دەست پێ‌ بكات و بێنە نزیك ئاوەدانی و گوند و دێهاتەكان، كە خۆشبەختانە هەڵكەوتەی جوگرافی دەڤەری سۆران و  بارزان و باڵەكایەتی و برادۆست، بە هەبوونی چەندان چیای سەخت و كوێستان و دارستان وای كردووە كە رێژەیەكی زۆر باڵندە و ئاژەڵی كێوی لەم ناوچانەدا بژین.

زیاتر گوتی، ساڵانە بەهۆی تۆپبارانی ئێران و توركیا و سووتانی ناوچە شاخاوییەكان، چ بە دەستی ئەنقەست بەردانی ئاگر لە ناوچە سەختەكان، رێژەیەكی زۆر باڵندە و ئاژەڵە كێوییەكان لەناو دەچن، بەتایبەتی خشۆكەكان، بۆیە وەك ئەركێكی مرۆڤایەتی لەكاتی زیادبوونی خواردن لەسەر سفرە و خوانمان، ئەو خواردنانە یان ئەو خواردنەی ناتوانین دووبارە بیخۆینەوە، تكایە فڕێی نەدەن و لە شوێنی گونجاوی دابنێن تا ئاژەڵ و باڵندەی كێوی بتوانن بیخۆن، چونكە لە وەرزی بەفر و سەرما دەستكەوتنی خواردن ئەستەم دەبێت بۆیان و باڵندەكان ناتوانن خۆراك بۆخۆیان دەستەبەر بكەن.

ئاماژەی كرد، وەفاداریی مرۆڤ بۆ مرۆڤ و مرۆڤ بۆ ئاژەڵ گرنگە بۆ بەردەوامیدان بە ژیانێكی جوانتر، ئەمڕۆ لەگەڵ كۆمەڵێك گەنج لە كچ و كوڕی دەڤەری سۆران و ستاف و ئەندامە ژینگەدۆست و مرۆڤ دۆستەكانی وار، لە كاری مرۆڤایەتی خۆیاندا، هەڵمەتی بردنی خۆراك و دانەوێلەمان بۆ ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دەست پێ كرد، دەیان كیلۆمەترمان لە چیای حەسەن بەگی دەڤەری برادۆست بڕی بۆ خزمەتكردنی ئاژەڵ و باڵندەی كێوی، ئەوەیش لە كارێكی مرۆڤایەتیدا خواردن و دانەوێڵەمان بۆ ئاژەڵ و باڵندەی كێوی دانا .

سۆران/ موڕشید برادۆستی 















وشە - مه‌حموود ئیسماعیل