هۆڵەندا بۆ یەكەم جار لە دوای جەنگی دووەمی جیهانیی قەدەغەی هاتوچۆ رادەگەیەنێت

:: AM:11:49:21/01/2021 ‌
حكوومەتی هۆڵەندا پڕۆژەیەكی پێشكەشی پەرلەمان كردووە كە بە گوێرەی پڕۆژەكە، هاتوچۆی ئۆتۆمبێل و تەنانەت هاووڵاتییانیش لە چەند سەعاتی دیاریكراو بە تەواوی قەدەغە دەكرێت. ئەم بڕیارەش ئەگەر پەسند بكرێت، ئەوا لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە بە یەكەم بڕیاری هاوشێوە هەژمار دەكرێت.

بەپێی پڕۆژەكە ئەو هاووڵاتییانەی لە وڵاتانی ئەندامی پەیمانی شنگن نین، بۆیان نییە گەشتی هۆڵەندا بكەن، ئەو هەنگاوەش لە پێناو ئەوە دراوە پێش بە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە جۆری بەریتانی بگرێت.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، مارك روتە سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا رای گەیاند، ئەگەر رێساكانی هاتوچۆ پەسند بكرێن كە لە پڕۆژەكە ئاماژەی پێ كراوە، لە شەمووی داهاتووەوە جێبەجێ دەكرێن و گەشتە ئاسمانییەكانی وڵاتانی ئەمەریكای باشووریش بۆ هۆڵەندا لە رۆژی یەكشەمەوە قەدەغە دەكرێن.

بەگوتەی سەرۆك وەزیران، ئەو هەنگاوانەی دەگیرێنەبەر، رێكاری زۆر توندن و هیچ چارەیەكی تریان نەبووە جگە لەوەی كە هانا بۆ ئەو رێسایانە بەرن، چونكە لە هەموو شوێنێكەوە خەڵك روو لە وڵاتی هۆڵەندا دەكات.

هاووڵاتییانی هۆڵەندا بۆیان نییە لە سەعات 4:30 ئێوارە تا 8:30ی بەیانی بچنە دەرەوە


بەپێی ئەو رێسایانەی دیاری كراون، هاووڵاتییانی هۆڵەندا بۆیان هەیە لە سەعات 8:30 بەیانی تا 4:30ی دوای نیوەڕۆ بچنە دەرەوە و پێداویستییەكانیان دابین بكەن و دوای ئەو كارە، هەر كەسێك سەرپێچی بكات، ئەوا بە بڕی 95 یۆرۆ سزا دەدرێت.

قوتابخانە و فرۆشگا ناسەرەكییەكان، خواردنگە و كافتریاكان دوو مانگە داخراون و لانی كەم تا نۆی شوبات بە داخراوی دەمێننەوە.

لە زۆر وڵاتی ئەوروپی چەندان هەفتەیە رێوشوێنی توند بەرانبەر كۆرۆنا گیراوەتەبەر و قەدەغەی هاتوچۆ لە هەندێكیان راگەیەنراوە.


وشە - سلێمان تاشان