حكوومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی تایبەت بۆ كڕینی ڤاكسین تەرخان دەکات

:: AM:11:53:21/01/2021 ‌
وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، لەگەڵ كۆمپانیای فایزەر و ئەسترازینك، لە گفتوگۆداین بۆ ئەوەی ڤاكسین بەدەست بهێنین و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش ئامادەیی پێشان داوە بودجەی تایبەت بۆ كڕینی ڤاكسین دابین بكات.

ئەمڕۆ پێنجشەم 21ـی كانوونی دووەم، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەپێی ئەو گوتانەی بەرپرسانی عێراق پێیان ڕاگەیاندووین، لە كۆتاییەكانی مانگی شوبات ڤاكسین دەگاتە عێراق و پشكی هەرێمی كوردستانیش دابین كراوە.

بەفەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی پێشان داوە لەكاتی كڕینی ڤاكسین، بودجەیەكی تایبەت دابین بكات
زیاتر گوتی، ئێمە خۆشمان ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو كۆمپانیایانە ڤاكسینیان بەرهەم هێناوە، لە گفتوگۆداین و لەگەڵ كونسوڵی ئەو وڵاتانە قسەمان كردووە بۆ ئەوەی ڕێژەیەكی زیاتری ڤاكسین بەدەست بهێنین.

باسی لەوەش كرد، بەفەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامادەیی پێشان داوە لەكاتی كڕینی ڤاكسین، بودجەیەكی تایبەت دابین بكات و ڤاكسین بگاتە هاووڵاتییان، هەروەها ئێستە لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكیش لە گفتوگۆداین تا لە كڕینی ڤاكسین ڕێژەی زیاتری بەدەستمان بگات.

ڕوونی كردەوە، بەكارهێنانی ڤاكسین پێویستی بە ڕاهێنان و شوێنی تایبەت هەیە بۆ كارمەندان، بۆیە لە داهاتوودا كار دەكەین تا ئامادە بین هەركاتێك ڤاكسین گەیشت، بۆ هاووڵاتییان بەكار بێت.





وشە - رامیار جەواد