کۆماری کوردستان کەی و چۆن دامەزرا؟

:: PM:12:26:21/01/2021 ‌
یەکی سێپتەمبەری ساڵی 1939 لەگەڵ هەڵگیرسانی شەڕی دووەمی جیهانی، ئێران بێ لایەنی خۆی لەو شەڕە راگەیاند، ئەڵمانیای نازی لە هەموو بەرەکانی رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەستی بە پێشڕەوی کردبوو و لە هەموو بەرەکاندا سەرکەوتنی مەزنی بەدەست هێنابوو، بەڵام سوپای سۆڤیەت توانی لە ستالینگراد هاوکێشەکە پێچەوانە بکاتەوە و لە کۆی 783 هێزی ئەڵمانی 607 هێزی تێکشکاند. سوپای سوور بەرەو رۆژهەڵاتی ئەوروپا پێشڕەوی کرد و سوپای ئەڵمانیای لەو ناوچانە راماڵی، لەگەڵ هاتنە ناوەوەی ئەمەریکا بۆ شەڕی ئەوروپا، لە هاوینی ساڵی 1943 خۆری ئەڵمانیا بەرەو ئاوابوون رۆیشت و هاوپەیمانان بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەراست داگەڕان.
یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا لە دوو قۆڵی باشوور و باکووری ئێرانەوە هێرشیان کرد

باڵوێزی سۆڤیەت و بەریتانیا لە ئێران چەندان جار نامەی فەرمیان بۆ مەحموود جەم، سەرۆک وەزیرانی ئێران نارد بۆ ئەوەی رێ بە سوپاکەیان بدات بە شێوەیەکی ئاشتیانە بە خاکی ئێراندا تێپەڕن، بەڵام بەردەوام رەزا شا ئەو داوایەی رەت دەکردەوە، سەرئەنجام لە 25ی ئابی 1941 سوپای سوور هێرشی کردە سەر ئێران و لە سێ قۆڵی جوڵفا و ئاستارا و خوراسانەوە چووە ناو خاکی ئێران و سوپای بەریتانیاش لە دوو قۆڵی خانەقین و خوزستانەوە هێرشی کردە سەر ئەو وڵاتە و لە ماوەی شەش رۆژدا لە قەزوێنی نزیک پایتەختی ئێران یەکیان گرتەوە.

لەگەڵ بە یەکگەیشتنی ئەو دوو سوپایە، حکوومەتی ئێران هیچ دەسەڵاتێکی سیاسیی و سەربازی نەما و رەزا شا ناچار بوو مل بۆ مەرجەکانیان بدات، تا ئەو ئاستەی هاوپەیمانان بە تاوانی پشتیوانی لە ئەڵمانیای نازی، دەسەڵاتیان لێ سەندەوە و محەمەد رەزای کوڕی بوو بە شای ئێران و هێزەکانی بەریتانیا رەزا شایان بەرەو ئەفریقای باشوور راگواست و تا کۆتایی تەمەنی نەیانهێشت بگەڕێتەوە ئێران. 
 
کۆمەڵەی ژێکاف
چەمکی ناسیۆنالیزم و خەباتی نەتەوایەتی کە لە دوای شۆڕشی مۆدێرن لە ساڵی 1789 لە فڕەنسا سەری هەڵدا، دوای زیاتر لە سەدەیەک تازە گەیشتبووە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ەرۆفیسۆر عەباسی وەلی بیرمەندی کورد، دەڵێ: "بیر و فەلسەفەی ناسیۆنالیزم لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدە بەملاوە دەست پێ دەكات. شۆڕشی فڕەنسا لە ساڵی 1789 ئەو كاریگەرییە خێرا و بنەڕەتییەی هەم لەڕووی فكری و هەم لەڕووی سیاسییەوە لەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دانەنا، فكری ناسیۆنالیزم لەگەل فكری ریفۆڕم و چاكسازی لە سەردەمی كۆتایی ئیمپراتۆرییەتی عوسمانیدا بەشێوەیەكی تیۆریزە نەكراو لە نووسراوەكانی عوسمانییە گەنجەكاندا سەری هەڵدا. واتە ئەگەر بمانەوێ‌ بەشێوەیەكی دیاریكراو باسی بكەین، لە ساڵی 1875 بەملاوە بنەماكانی ئەم فكرە سەر هەڵدەدات".
25ی گەلاوێژی 1942 کۆمەڵەیەکی ناسیۆنالیستی بەناوی کۆمەڵەی ژێکاف دامەزرا

رەزا شا کە بە کودەتایەکی سەربازی توانی دەسەڵات بگرێتە دەست، لە ساڵی 1923 لەژێر کاریگەری مۆدێلی ناسیۆنالیزمی تورکی هەوڵی سڕینەوەی سەرجەم ئەو بزووتنەوانەی دەست پێ کرد کە نەتەوەکانی ناو ئێران هەڵیانگیرساندبوو و هەر لە سەرەتاوە شۆڕشی نەتەوەیی سمایل ئاغای سمکۆ و جافر سوڵتان و حەمەڕەشی خانی بانەی سەرکوت کرد و هەوڵی دا لە رێگەی هێز و بە تواندنەوەی سەرجەم نەتەوەکانی ئێران لەناو نەتەوەی فارسدا، ناسیۆنالیزمێک بە ناوی ناسیۆنالیزمی ئێرانی-فارسی دروست بکات.
دوای نزیکەی 20 ساڵ لە زەبروزەنگ و سەرکوتی کورد و نەتەوەکانی تری ئێران، رەزا شا بە فەرمانی بەریتانیا لە دەسەڵات لادرا و لەگەڵ دوورخستنەوەی تا ئاستێک فەزای سیاسیی لە ئێران کرانەوەی بەخۆیەوە بینی و لە مهاباد کە بەهۆی هێرشی سوپای سۆڤیەتەوە بۆشایی دەسەڵات دروست بووبوو، 11 گەنجی خوێندەوار کە زۆربەیان زانکۆیان تەواو کردبوو، لە 25ی گەلاوێژی 1942 کۆمەڵەیەکی ناسیۆنالیستییان بەناوی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد "ژێکاف" پێک هێنا.

ئامانجی ئەو کۆمەڵەیە رزگاری نەتەوەی کورد بوو لە ژێردەستەیی و سەرەتا بەشێوەی نهێنی دەستیان بە چالاکی کرد و لە ساڵی 1943 یەکەم کۆنگرەیان بە ئامادەبوونی زیاتر لە 100 ئەندام بەست و بڕیاری دەرکردنی گۆڤارێک بۆ بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوایەتی و ئامانجەکانی ئەو کۆمەڵەیەیان دا و "گۆڤاری نیشتمان” بوو بە زمانحاڵی کۆمەڵەی ژێکاف.

لەو سەروبەندەدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەردەم گۆڕانکارییەکی نوێدا بوو و ئاڵوگۆڕەکان بە رادەیەک خێرا بوون کە ئیتر کۆمەڵەی ژێکاف دەربەست نەدەهات لەو فۆرمە کۆن و باوەدا رێکخستنەکانی درێژە پێ بدات و پێویستی بە رێکخراوێکی مۆدێرن بوو بۆ ئەوەی بتوانێت وەڵامدەرەوەی ئەو خواستە نەتەوەییە بێت کە لە رێی بڵاوکراوە و رێکخستنەکانیدا لەناو جەماوەر خوڵقاندبوویان.

رۆژی 25ی گەلاوێژی ساڵی 1945 و دوای تێپپەڕینی سێ ساڵ لە تەمەنی کۆمەڵەی ژێکاف، ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە بڕیاری دامەزراندنی "حزبی دیموکراتی کوردستان”یان دا و بە فۆرم و شێوازێکی سەردەمیانە دەستیان کرد بە رێکخستن و بە خێراییەکی چاوەڕواننەکراو جەماوەرێکی زۆر لە دەوری ئەو حزبە کۆ بوونەوە.

قازی محەمەد
لەو سەردەمەدا قازی محەمەد دادوەری شاری مهاباد بوو و لە ناوچەی موکریان وەک کاریزمایەکی فەرهەنگی و کۆمەڵایەتی لەلایەن خەڵکەوە رێزی زۆر لێ دەگیرا، دوای پێوەستبوونی بە رێکخستنە نهێنییەکانی کۆمەڵەی ژێکاف و دواتر وەک سەرۆکی ئەو کۆمەڵەیە بڕیاری گۆڕینی کۆمەڵەی ژێکافی بۆ حزبی دیموکراتی کوردستان دەرکرد.
پێشەوا دانوستانەکانی بۆ دروستکردنی کیانێکی سەربەخۆ لەگەڵ سۆڤیەت دەست پێ کرد

ئاشکرابوونی خەباتی حزبی دیموکرات و بوونی کەسایەتی قازی محەمەد لەناو ئەو بزووتنەوەیەدا بووە هۆی ئەوەی زۆر بە خێرایی ئەو حزبە لە ناوچە ئازادکراوەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان پەل بهاوێت و دانوستانەکان لەگەڵ سۆڤیەت بۆ دامەزراندنی کیانێک بۆ کورد دەستی پێ کرد.

سۆڤیەت کە هاوکات لە شاری تەورێز پشتیوانی لە دامەزراندنی دەوڵەتێکی بۆ نەتەوەی ئازەری دەکرد، دەیویست کوردستانیش بکاتە بەشێک لە دەوڵەتی ئازەربایجان، بەڵام بە هەوڵ و پێداگرییەکانی قازی محەمەد کە ناسناوی پێشەوای کوردی پێ بەخشرابوو، سۆڤیەت لەو بڕیارەی پاشگەز بووەوە و ناچار بوو ددان بە دەسەڵاتی کورددا بنێت.

کۆماری کوردستان
دوای چوار ساڵ و شەش مانگ رێکخستن، رۆژی دووی رێبەندان "22ی کانوونی دووەم"ی ساڵی 1946 بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم پارچەکانی کوردستان، پێشەوا قازی محەمەد لە مهاباد کۆماری کوردستانی راگەیاند و یەکەم کابینەی دەوڵەت لە 14 وەزیر پێک هات و سوپای کۆماری کردستان دامەزرا.

کۆماری کوردستان بە پێچەوانەی کۆماری ئازەربایجان کە بە پاڵپشتی سەربازی سۆڤیەت راگەیەنرا، پشتی بە هێزی سەربازی خۆیی بەست و سوپای کۆمار کە بەشێکی پێکهاتبوون لە هێزی بارزانییەکان بە سەرکردایەتی مەلا مستەفا بارزانی، دامەزرا و محەمەد حوسێن سەیفی قازی وەک وەزیری جەنگ دەستنیشان کرا و پلەی جەنەڕاڵ بەخشرایە مەلا مستەفا بارزانی.
ئەو سوپایە سەرجەم تایبەتمەندییەکانی سوپاییەکی نیشتمانی تێدا بوو و بە شێوەیەکی سەردەمیانە رێکخراو، بۆ پارێزگاری لە سنوورەکانی کۆماری کوردستان. 
ئامانجی کۆمار فراوانکردنی قەڵەمڕەوی سەربازی نەبوو

سوپا لە ماوەی تەمەنی کۆماردا چەندان جار بەرپەرچی هێرشی تارانی لە ناوچەکانی مامەش و قاراوە و هێڵی سەقز– بانە دایەوە و هێرشەکانی تێک شکاند.

کۆماری کوردستان وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ لە ماوەی تەمەنیدا کە ئەوکات دۆخی ئێران بە تەواوەتی شێوابوو و لە راپۆرتی حکوومەتی تاراندا ئاماژە بە سەرهەڵدانی برسێتی و دزی و تاڵانی لە سەرجەم شارەکانی ئێران دەکرا، هیچ تاوانێکی تێدا تۆمار نەکرا و سەلماندی کە کورد ئەگەر دەسەڵاتی سیاسیی هەبێت، دەتوانێ ببێتە نموونەیەکی ئارام و شارستانییانە بۆ ناوچەکە.
پێشەوا دەیویست بناغەیەک بۆ بیری ناسیۆنالیزمی کورد دابنێت

گەشەی ئابووری و فەرهەنگی لە ماوەی تەمەنی کۆماری کوردستان رووی لە هەڵکشان کرد و گۆڤار و رۆژنامە و بڵاوکراوەکان پەرەیانسەند و چاپخانە دامەزرا و ژنان هاتنە ناو چالاکییە سیاسییەکانەوە و بڕیاری خوێندنی زۆرەملێ لەلایەن حکوومەتەوە دەرچوو و زمان و ئەدەبیاتی کوردی بووژانەوەیەکی یەکجار زۆری بەخۆیەوە بینی.

لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە یەک لەو خاڵانەی حکوومەتی کوردستان وەک ئامانجە ستراتیجییەکانی کردی بە بەرنامەی کار، بە مەدەنیکردنی کۆمەڵگەی عەشیرەتیی بوو کە پێشەوا نەخوێندەواری بە هۆی سەرەکیی ئەو دیاردەیە دەزانی، بۆیە خوێندن لە هەموو ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆمار بە زۆرەملێ کرا و کۆمەڵێک خوێندکار رەوانەی دەرەوە کران بۆ ئەوەی خوێندنی باڵا تەواو بکەن.

کۆماری کوردستان مانیفێستی سەرجەم شۆڕشەکانی کورد بوو و پێشەوا بە ئەزموون وەرگرتن لە شۆڕشەکانی شێخ سەعیدی پیران و سمایل ئاغای سمکۆ گەیشتبووە ئەو باوەڕەی کە نابێ پشت بە هێزی عەشیرەتی ببەستێت بۆ دامەزراندنی دەوڵەت و لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیدەوە بەو ئەنجامە گەیشتبوو کە پشتبەستن بە هێزی دەرەکی ناتوانێت بە ئامانجە نەتەوەییەکەی بگەیەنێت، بۆیە هەموو هەوڵی ئەوەبوو لەسەر بنەمایەکی مەدەنی و ئاشتیانە تاکەکان بە رۆحی کوردبوون و مافە نەتەوایەتییەکانی ئاشنا بکات.

پێشەوا بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان چەندان جار لەگەڵ نوێنەرانی سۆڤیەت کۆ بووەوە و کاتێک یەکێتی سۆڤیەت کە یەک لە دوو جەمسەرەکانی هێزی دنیا بوو پشتیوانی بۆ کۆمار راگەیاند، داوای لە پێشەوا کرد چی داواکارییان هەیە بۆ دامەزراندنی کۆمار بیخاتە ڕوو، بۆ ئەوەی هاوکاری بکەن، پێشەوا دوو داواکاری هەبوو لە سۆڤیەت کە ئەوانیش بریتی بوون لە چاپخانە و رادیۆ.

دامەزرێنەرانی کۆمار دەیانزانی ئەو هەلە بەهۆی بارودۆخی نالەباری سیاسیی و هێرشی وڵاتانەوە هاتووەتە پێش و تەنیا دەسەڵاتیان بەسەر کەمتر لە 30٪ی خاکی رۆژهەڵاتدا هەیە، بەڵام بە پشتبەستن بە بڵاوکراوە و زمانحاڵەکانی کۆمار دەردەکەوێت ئامانجیان فراوانکردنی قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی سەربازی نەبووە، بەڵکو ویستوویانە بناغەیەک بۆ بیری ناسیۆنالیزمی کوردی دابڕێژن کە بنەماکانی لەسەر سێ کوچکەی خاک و زمان و دەوڵەت بنیات نراوە.

گەرچی دەسەڵاتی سیاسیی کۆماری کوردستان نەیتوانی لە سنووری موکریان تێپەڕێت، بەڵام بیر و ئەندێشەی ئەو کۆمارە توانی لە سەڵماسەوە تا ئیلام بتەنێت و سنوورەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان ببڕێت و باشوور و رۆژئاوا و باکوری کوردستانیش بخاتە ژێر هەژموونی ئەو مۆدێلە ناسیۆنالیزمە و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ بکاتە کەڵکەڵەی تاک بە تاکی نەتەوەکەی.


وشە - هیدایه‌ت جان