ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌غدا ئاماده نییه كوردستان سه‌ربه‌خۆ بێت، هاوكات وه‌ك به‌شێك له عێراقیش له ڕووی مووچه و بودجه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ ناكات.
عوسمان سێده‌ری ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنی یه‌كێتی، به "وشه"ی راگه‌یاند، ماده‌ی 140ی ده‌ستوور چه‌ندان ساڵ تێپه‌ڕی به‌سه‌ریدا، به‌ڵام ئه‌وان نایانه‌وێ جێبه‌جێی بكه‌ن و كێشه و له‌مپه‌ری بۆ دروست ده‌كه‌ن، له كاتێكدا له‌و ناوچه كێشه له‌سه‌رانه بۆشاییه‌كی ته‌ناهیی فراوان دروست بووه و دوژمنان له‌و ناوچانه خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌شی گوت، شاندی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی چه‌ندان جاره بۆ رێككه‌وتن ده‌چێته به‌غدا، به‌ڵام له كۆی ئه‌و هه‌موو ژماره په‌رله‌مانتاره شیعه‌یه، ته‌نیا چه‌ند دانه‌یه‌كیان ناڕازین، ئه‌مه مانای ئه‌وه‌یه سه‌ردانه‌كان تا ئاستێك توانراوه له‌گه‌ڵ شیعه به‌شێك له به‌سته‌ڵه‌كه‌كان بتوێنێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بژارده‌ی دووه‌می هه‌یه له حاڵه‌تی رێكنكه‌وتن، به‌ڵام نامانه‌وێ كار بگاته ئه‌وه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كار گه‌یشته ئه‌وه ره‌نگه باشتر بۆ پرسی كورد به‌ده‌ست بهێنێ، كاتێك به‌غدا مووچه و بودجه نه‌داته هه‌رێم، كه‌واته هه‌رێم به‌شێكی جیاكراوه‌یه له به‌غدا، كه‌وایه نابێت له حاڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی گله‌ییمان لێ بكه‌ن.
باسی له‌وه‌ش كرد، ئێمه ده‌مانه‌وێ له چوارچێوه‌ی حكوومه‌تێكی یه‌كبوون و ده‌ستوور خۆمان ببینینه‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌وانه بیانه‌وێ هه‌رێمی كوردستان له‌وه ده‌ربهێنن، ئه‌گه‌ر ئه‌نجامه‌كه‌ی هه‌رچی بوو، ده‌بێت خۆشیان به‌رگه‌ی بگرن.
سلێمانی/ هۆشیار عه‌لی