جەنگی ئێران و ئیسرائیل كەی دەست پێ دەكات؟

:: PM:04:09:03/02/2021 ‌

نەیاریی ئێران و ئیسرائیل زۆر كۆنە و لەوەیش تێپەڕی كردووە كە تاران تەنیا بە میلیشیا و مووشەك هەڕەشە لە تەلئەبیب بكات،  مەترسیی گەورە بۆمبی ئەتۆمییە كە ئێران هەوڵی بۆ دەدات و ئیسرائیل بەربەستی دەخاتە پێش، لێرە پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر ئەوان دوژمنی یەكترن، بۆچی دەست بە جەنگی راستەوخۆ ناكەن؟.

ئێستە رێككەوتنی ئەتۆمی و بەرنامە ئەتۆمییەكەی ناران بە دۆخێكی هەستیاردا دەروات، ئێران دەیەوێ و گوشار دەكات بۆ گەڕانەوەی ئەمەریكا بۆ رێككەوتنی واژووكراو لە 2015، كە پەرەدەیەكی باش بوو بۆ هەوڵە شاراوەكانی ئێران بۆ بوون بە خاوەن چەكی ئەتۆمی، لەلایەكی تر ئیسرائیل هەموو هەوڵێك دەدات بۆ نەگەڕانەوەی ئەمەریكا، یان گەڕانەوەی بۆ رێككەوتنێكی نوێ و توندتر بۆ ئێران بۆ رێگرتن لە بوونی بەخاوەن چەكی ئەتۆمی.

هەریەك لە ئێران و ئیسرائیل هەڕەشە لە یەكتر دەكەن، بەڵام هیڵی سووری یەكتر بۆ جەنگێكی سەربازی نابەزێنن، بەمدواییە ئیسرائیل رای گەیاند كە پیلانێكی ئێرانی بۆ هێرشكردنە سەر باڵوێزخانەیەكی لە ئەفریقیا ئاشكرا كردووە، كاتێك ئێران ژمارەیەك نۆكەری رەوانە كردووە بۆ كۆكردنەوەی زانیاری لەبارەی هەردوو باڵوێزخانەی ئیسرائیل و ئەمەریكا، پێش هێرشكردنە سەریان، بۆیە ژمارەیەكیان گیراون، ئەوەیش لە تۆڵەی كوژرانی قاسم سلێمانی و موحسین فەخری زادە، گەورە زانای ئەتۆمی لە ساڵی رابردوودا.

محەمەد عەبادی، توێژەر لە كاروباری ئێران گوتی، پێشبینی دەكرێت تاران لەپشت ئەو هەوڵانەوە بێت، چونكە ئەو شێوازەی هێرشكردنە ئامرازێكی ئێرانە بۆ وەڵامدانەوە نەیارانی وەك ئەوەی لە نیودەلهی رووی دا، وەك ئاماژەیەك بۆ هێرشەكەی دوایی بۆ سەر باڵوێزخانەی ئیسرائیل لە هیندستان، بەگشتی ئیسرائیل پلانی ئامادەی بۆ لێدانی دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئێران هەیە، ئەگەر لە دروستكردنی چەكی ئەتۆمی نزیك ببێتەوە، بۆیە پێشبینی دەكرێت ئیسرائیل لە هێرشەكانی بۆ سەر ئێران بەردەوام بێت، بەتایبەتی لە سووریا و هێرشی ئەلیكترۆنی و هیتریش.
ئێران تەنیا مووشەك و میلیشیای هەیە و هەر جەنگێك هەشت رۆژ زیاتر نابێت
عەلی سەراف، نووسەری عێراقی لەوبارەوە دەڵێت، رژێمی ویلایەتی فەقێكانی ئێران تەنیا لە دیدی رۆژی قیامەتەوە دوژمنداریی ئیسرائیل دەكات، ئەگینا ناتوانێت رووبەڕووی ببێتەوە و سیستمی بەرگرییەكەی تەنیا بریتییە لە مووشەك و میلیشیاكان، ئەو رووبەڕووبوونەوە ناراستەوخۆیەی ئەو دوو وڵاتە ناتوانن ئەوە بشارنەوە كە هەردووكیان نایانەوێ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ رووبدات، نەك لەبەر تێچووەكەی، بەڵكو لەكاتی رووبەڕووبوونەوەدا دەبێت براوە و دۆڕاو هەبێت، ئەوەیش هیچیان نایانەوێت، دواتر بیردۆزی نەیاریان بۆ یەكتر بۆ هەوڵدانی بۆ یەكتر سڕینەوە دەگۆڕێت.  

ئەو نووسەرە دەڵێت، ئیسرائیل رۆژانە گوزری ئاسمانی لە میلیشیاكانی ئێران لە سووریا دەوەشێنێت، هۆكارەكەی ئەوەیە ئەو نایەوێت بەرەیەكی راستەوخۆی رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ حزبوڵا لە لبنان بكاتەوە و دەیەوێ وەك یاریكەرێكی كاریگەر لە سووریا بمێنێتەوە بۆ پارێزگاریكردن لە بەرزاییەكانی جۆلان، بۆیە ئیسرائیل سوود لە نەیاریی ئێران وەردەگرێت بۆ كۆكردنەوەی هاوبەشانی لەو نەیارییە بۆ تاران و بەهێزكردنی پێگە و رۆڵی لە ناوچەكەدا، ئەو لە ماوەی سێیەكی سەتەیەك یەكەم نهۆمی قەوارەكەی بنیات نا، ئێستەیش خەریكی دووەم نهۆمیەتی و چەندان وڵات دەیانەوێ ببنە هاوبەشی تەلئەبیب لە جەنگ لەدژی ئێران.    

هەرچی ئێرانییەكانە كە لە سۆنگەیەكی ئایدۆلۆجییەوە خەریكی فرەوانخوازین لە ناوچەكەدا، لایان گرنگە ئەو دوژمندارییەی ئیسرائیل بەردەوام بێت بۆ پاڵپشتیكردنی پاڵنەرە ئایدۆلۆجییەكەیان، چونكە بێ بوونی هەڕەشە و رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی، نیوەی پڕۆژەكەی پەكی دەكەوێت و پڕۆژە تایفییەكەی رووت دەبێتەوە و ئاشكرا دەبێت، بۆیە ئێران زیاتر لە نەوت پێویستی بە ئیسرائیلە، رەنگە تاران بێ هەناردنی نەوت بتوانێت بژیت، بەڵام بێ دروشمی نەیاری بۆ ئیسرائیل ناتوانێت شۆڕشەكەی رەوانەی دەرەوەی سنوورەكانی بكات، بۆیە لە ساڵانێكی دوورودرێژی گەمارۆكان ئێران توانی بژیت، بەڵام بێ دروشمەكانی رووبەڕووبوونەوەی چاوەڕوانكراوی لەگەڵ ئیسرائیل ناتوانێت.

ئەوە رەوت و كولتوورێكی سەفەوییەكانە، واتە لەناوبردنی ئیسرائیل، ئەو قسە چاویان كوێر دەكات و وا دەزانن راستەقینەیە، كەچی راستییەكەی ئەو قسانە تەنیا گەرمكردنەوەی چێشتێكە بۆ رۆژێك یان دوو رۆژ پێش رۆژی قیامەت، ئەو نەیارییە تەنیا بە هاتنی مەهدی مونتەزەڕ یەكلا دەبێتەوە، واتە ئەوانەی چاوەڕوانی جێبەجێبوونی هەڕەشەكانی ئێران دژ بە ئیسرائیل دەكەن، دەبێت چاوەڕوانی مەهدی مونتەزەڕ بكەن، بۆیە ئێمە لەبەردەم بیردۆزی نەیارین نەوەك دوژمندارییەك و هەڕەشەیەكی كردەنی.

ئێران و ئیسرائیل ئامرازی كاركردنی یەكترن، تەنیا مەبەستی هەردووكیان لەو هێرشانەی دەیكەنە سەر یەكتر، پاراستنی گەرمیی چێشتەكەیە، تا ئەوكاتەی بەردەكە رۆژێك یان دوو رۆژ پێش رۆژی قیامەت بۆ خواردن ئامادە دەبێت، هەردووكیان باش دەزانن ئەگەر رووبەڕووبوونەوەی سەربازی رووی دا، براوە و دۆڕاوی دەبێت، یان بە رێككەوتنامەی ئاشتی كۆتایی دێت، لە هەردوو حاڵەتیش ئەوان كاڵا سەرەكییەكانیان لەدەست دەدەن.

ئەمەریكا و ئیسرائیل لە یەك حاڵەت جەنگ لەگەڵ ئێران هەڵدەگیرسێنن، كە لەناوی ببەن، ئەو قەناعەتەیش هێشتا دروست نەبووە، ئەوەی هەیە هەڕەشەیە و سیاسەتوانەكانی تەلئەبیب دەستیان لە قازانجەكە بەرنابێت، هەرچی ئێرانە ئەو توانای رووبەڕووبوونەوەكەی نییە، تەنیا مووشەك و میلیشیای بەدەستەوەیە و بەهێزی بەرانبەرەكەی دەزانێ و جەنگەكە ئەگەر دروست بێت هەشت رۆژ زیاتر نابێت، فەقێكانی ئێران ئەوە دەزانن، بۆیە هەڕەشەی جەنگی سەرانسەری دەكەن، واتە دەبێت هەمووان باج بدەن، بۆیە ئەو قسانەی لەبارەی جەنگی ئێران و ئیسرائیل دەكرێت، تەنیا باسێكی تری هاوشێوەی 30 ساڵی رابردووە.         



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل