كەشناسیی هەرێم: شەپۆلێكی بەفر و باران بەڕێوەیە

:: AM:11:26:15/02/2021 ‌
لێپسراوی بەشی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، شەپۆلێكی بەفر و بارانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ دووشەم 15ـی شوبات، بژار ئەكرەم لێپسراوی بەشی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی چوارشەم 17ـی شوبات شەپۆلێكی بەفر و باران هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.

لیپسراوی بەشی پێشبینییەكان گوتی، شەوی چوارشەم لەسەر پێنجشەم بارستە هەوایەكی سارد ڕوو لە ناوچەكە دەكات و پلەكانی گەرمی ڕوو لە نزمبوونەوە دەكەن، لە ناوچە شاخاوییەكان پلەی گەرمی بۆ سفر پلە دادەبەزێت.

باسی لەوەش كرد، شەوی چوارشەم لەسەر پێنجشەم لە ناوچە شاخاوییەكان بەفر دەبارێت، لە ڕۆژی پێنجشەم بەفربارین زۆربەی ناوچە شاخاوییەكان و شارۆكە و شارەدێیەكان دەگرێتەوە و بارانیش بەردەوامی دەبێت.

ڕوونی كردەوە، ئەو شەپۆلە درێژ دەبێتەوە بۆ ڕۆژی هەینی، هەروەها شەپۆلەكە شەمووی تا نیوەڕۆكەی كاریگەری دەمێنێت.

بۆ ئەمساڵ بارانبارین لە هەرێمی كوردستان كەم بووە بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو، ساڵی ڕابردوو لەو كاتە پلەی گەرمی دوو پلەی سەدی بوو ئێستە 18 بۆ 20 پلەی سلیزییە.




وشە - رامیار جەواد