سەرمایەیەكی زۆر بۆ كەرتی نیشتەجێبوون دەچێ بێ ئەوەی سوودی بۆ ئابووری كورستان هەبێ

:: PM:03:58:27/02/2021 ‌
ماوەیەكە پڕۆژەكانی نیشتەجێبوون لە هەولێر بە خێرایی زیادیان كردووە، جگە لەو پڕۆژانەی دەستەی وەبەرهێنان خۆی مۆڵەتی جێبەجێكردنی پێ داون، دەیان پڕۆژەی تر لە چوارچێوەی پڕۆژەی بازرگانی جێبەجێ كراون یان لە جێبەجێكردندان، ژمارەیان ئەوەندە زۆرە بە ناوی جیاواز لە ناوچە جیاوازەكانی هەولێر بە تایبەتی باكور و باكوری رۆژهەڵاتی شارەكە هەڵتۆقیون. ئەو پڕۆژانە سەرمایەیەكی زۆریان بۆ لای خۆیان راكێشاوە بێ ئەوەی سوودیان بۆ ئابووری كوردستان و دەرفەتی كار هەبێت.

زۆر لەو پڕۆژانە بە قستی درێژخایەن جێبەجێ دەكرێن و نرخەكانیشیان كەم نین، خەڵكی ئاسایی و كەمدەرامەت یان كرێچی توانای ئەوەی نییە بە قست بیانكڕێت، چ بگا بەوەی راستەوخۆ یەكەیەكی نیشتەجێبوون بكڕێت، زیاتر ئەوانە كڕیارن كە خۆیان خاوەنی خانوون و بەو پارەیەی لە بەردەستیانە دەیانەوێ بە ئامانجی قازانج شوقە و خانووی نوێ بكڕن و لە داهاتوودا بە نرخێكی گرانتر بیانفرۆشنەوە.

لە داهاتوودا ئەوانە زیان دەكەن كە ئەم خانوو و شوقانە دەكڕن.


خەلیل سریوكا حەنان وەبەرهێنەر كە پێشتر لە كەرتی خانووبەرە زیاتر وەبەرهێنانی دەكرد، بۆ "وشە" روونی كردەوە، رووتێكردنی وەبەرهێنەران لە كەرتی خانووبەرە و دروستكردنی شوقەی نیشتەجێبوون، هیچ سوودێكی ئابووری بۆ كوردستان نییە، لە داهاتوودا ئەوانە زیان دەكەن كە ئەم خانوو و شوقانە دەكڕن.

وەك زیاتر خستیەڕوو، وەبەرهێنان دەبێ بەگوێرەی داخوازی لەسەر كەرتەكە بێت و لەوانەیە سەردەمێك پێویست بووبێت، بەڵام ئێستە بەتایبەتی بۆ هەولێر پێویست نییە، زۆرن ئەو پڕۆژانەی خانووەكانیان و شوقەكانیان بە چۆڵی ماونەتەوە، لە داهاتووشدا دەبن بە شوێنی سەگە بەڕەڵاكان و كەس لە نرخیان ناپرسێتەوە.

هۆكاری رووتێكردنی وەبەرهێنەران لەم پڕۆژانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، وەبەر‌هێنەران لەسەر حیسابی ئەو پارەیەی لە لای خەڵك هەیە، دەیانەوێ بە خێرایی قازانجێكی زۆر بكەن و دواجار ئەوەی زیانە گەورەكەی بەردەكەوێت، ئەوانەن كە شوقە و خانووەكانیان كڕیوە و چاوەڕوانن بە قازانج بیفرۆشنەوە، وەبەرهێنەریش قازانجی خۆی بینیوە و خەم لە داهاتووەكەی ناخوات.

خەریكە كار بۆ دروستكردنی هەمان بڵقی ئابووری دەكرێت


ئەو ئاماژەی بە شەش ساڵی رابردوو كرد كە ئەو خەڵكەی هەندێك ڤێلایان بە 400 هەزار دۆلار كڕیبوو، لە هەندێك شوێن بە 150 هەزار دۆلار بۆیان نافرۆشرێتەوە. سەردەمێك لە وەبەرهێنانی ئەم كەرتە بڵقێك دروست بوو كە لە پڕ  تەقییەوە و دۆخێكی ناهەمواری بۆ ئەوانە هێنایە كایەوە خانوو و شوقەیان بۆ قازانج كڕیبوو، زۆربەیان بە زیان فرۆشتیانەوە. ئێستەش خەریكە كار بۆ دروستكردنی هەمان بڵقی ئابووری دەكرێت و لە داهاتوودا ئەوانە دیسان زیانیان بەردەكەوێتەوە.

سریوكا پێی سەیرە ئەو رووبەرە زۆرەی زەوییەكان بۆ نیشتەجێبوون تەرخان كراون بێ ئەوەی خەڵكی كەمدەرامەت سوودیان لێ وەربگرن، ئەگەر هەر بە زەوی كشتوكاڵی بمانایەوە، ساڵانە بە سەدان هەزار تۆن گەنمیان لێ بەرهەم دەهات.

لە لایەكی ترەوە دكتۆر ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری، بۆ "وشە" پێی وایە جێبەجێكردنی ئەو ژمارە زۆرەی یەكەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان بە تایبەتی هەولێر، لەوانەیە لە لایەك ئەو كاریگەرییە ئەرێنییەی هەبێت نرخی دابەزێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی كە سەرمایەیەكی زۆر رژاوەتە ئەو كەرتە بەو ئامانجەی قازانج بكرێ، نرخیش دانابەزێت.

ئەو روونی كردەوە، یەكەی نیشتەجێبوون هەیە بە 100 تا 300 هەزار دۆلار دەفرۆشرێن. پڕۆژە هەیە بە ملیار دۆلاری خەڵكی تێدایە و دەكرا هەر بەو پارە زۆرە، پڕۆژەی زۆر ستراتیجی پێ بنیات بنرێت كە هەم خەڵك و هەم وەبەرهێنەر و هەم حكوومەت سوودیان لێ بینیبوایە و بۆ داهاتووی هەرێمی كوردستانیش سوودی هەبوایە.

چوار ملیار دۆلار لەو پڕۆژەیەدا وەبەرهێنان كراوە، دەكرا بە هۆیەوە هەموو كوردستانی پێ بكرێتە رێی شەمەندەفەر


دكتۆر ئەرشەد تەها ئاماژەی بە پڕۆژەی فلۆریا كرد كە لەمدواییانەدا زانیویەتی چوار ملیار دۆلار لەو پڕۆژەیەدا وەبەرهێنان كراوە، دەكرا بە هۆیەوە هەموو كوردستانی پێ بكرێتە رێی شەمەندەفەر و بە سەدان ساڵی تر سوودی هەبوایە .

ئەو رەخنەی لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرت كە نەیتوانیوە وەك پێویست ئەو سەرمایەیە ئاراستە بكات كە لە بەردەسەتی خەڵكە، دەبوو رێكارێكی دەستنیشان بكردایە وەبەرهێنان  تەنیا لە خانووبەرە نەكرێت، خەڵكی بۆ ئەو كەرتانە هان بدایە زیاتر بەرهەمهێنەرن و هەر ئێستە 30%ی كۆی ئەو پڕۆژانەی لە بواری نیشتەجێبوون مۆڵەتی وەبەرهێنانیان پێ دراوە، چۆڵن یان پەكیان كەوتووە .

كێشە لەوەدایە ئەوانەی لەو پڕۆژانەدا وەبەرهێنان دەكەن، بەشێكیان بە بەلاش زەوییەكەیان دەست كەوتووە و خێری خۆیان هەر دەكەن، لەوانەیە خەڵكێكیش كە مامەڵەی پێوە دەكەن ماوەیەك قازانج بكەن، بەڵام دواجار زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە.

كرێی خزمەتگوزاریشیان هێندەی كرێی گرتنی خانووەكە بە كرێ


سەیر لەوەدایە زۆر لەو یەكە نیشتەجێبوونانە كە رووبەرەكەیان ناگاتە 80 مەتر، بە نرخێكی زۆر بەرز دەفرۆشرێن و كرێی خزمەتگوزاریشیان هێندەی كرێی گرتنی خانووەكە بە كرێ. وەك ئەو پسپۆڕە ئابوورییە ئاماژەی پێ دا، كاتی ئەوە هاتووە دەستەی وەبەرهێنان بە سیاسەتەكانیدا بچێتەوە و ئاراستەی ئەو سەرمایەیە بكات لای خەڵكە، لە جیاتی كەرتی نیشتەجێبوون، سەرمایەكە بۆ كەرتە بەرهەمهێنەرەكان بگوازرێتەوە كە سوودی هەمەلایەنەی بۆ كوردستان هەیە.


وشە - سلێمان تاشان