عێراق.. لە 42 هەزار پشكنین پێنج هەزار حاڵەتی تووشبوون بە كۆرۆنا تۆمار كرا

:: PM:04:19:03/03/2021 ‌

بەپێی دوایین ئاماری تووشبوونی رۆژانەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 5173 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، بەرانبەر بە 3463 حاڵەتی چاكبوونەوە و 25 حاڵەتی مردن، ئەوەیش لە كۆی 42305 پشكنین لە تاقیگە تایبەتەكان لە هەموو عێراق.
ئاماری تووشبوون لە عێراق هەڵدەكشێت و ڤاكسین بەسستی دەگات
بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كرایەوە، لە 24 سەعاتی رابردوو 5173 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 3463 حاڵەتی چاكبوونەوە و 25 حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق هەبووە، بەوەیش كۆی تووشبوون تا ئێستە گەیشتووەتە 708951 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 646619 حاڵەت و مردنیش 13483 حاڵەت.

هەرچی ئامارەكانە لە هەرێمی كوردستان، بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەم بڵاو كرایەوە، لە 24 سەعاتی رابردوو 5229 پشكنین ئەنجام دراوە، 237 تووشبوونی نوێ تۆمار كراوە، زیاترینیان لە هەولێرە و 174 حاڵەتی چاكبوونەوە و سێ حاڵەتی مردن، دوو لە هەولێر و یەكێك لە دهۆك، بەوەیش كۆی تووشبوون گەیشتووەتە 109587 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 103918 حاڵەت و مردنیش 3525 حاڵەت. 
 
پێشتر حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عێراق گوتبووی، لەماوەی ئەم مانگەدا 1.5 ملیۆن ژەمی ڤاكسینی فایزەرمان بەدەست دەگات، جیا لە 3.4 ملیۆن ژەمی ڤاكسینی ئەسترازینیكای بەریتانی، كە 16 ملیۆن ژەممان داوا كردووە، بڕیاریشە لە مانگی ئازاردا هەشت ملیۆن هاووڵاتی ڤاكسینیان پێ بدرێت، سەرەتایش ناوچە هەژارنشین و توێژە پێویستەكان پێیان دەدرێت، دووەم ژەم لەماوەی دوو هەفتە دەدرێ و هەركەسێك پێی درا ناسنامەی تایبەتی پێ دەبەخشرێت.

شایەنی باسە تا ئێستە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و دوایین ئاماری تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی 115 ملیۆن و 409 هەزار حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە سەرووی دوو ملیۆن و 562 هەزار حاڵەت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل