مه‌كته‌بی سیاسی پارتی داوای دۆزینەوەی تەقەكەرانی لقی 12ی هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌كات

:: PM:04:57:19/03/2021 ‌
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕای گه‌یاند، چەندان جارە تەقە لە بارەگاكانمان لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی دەكرێت، دووبارە و چەندبارەبوونەوەی ئەو كردەوە دوژمنكارانە و نه‌گرتنى بكەرانی گومان لە ڕژدى بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ئەم  ڕووداوانە دروست دەکات.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 19ی ئادار، مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕاى گه‌یاندووه‌، "شەوی ڕابردوو 18 لەسەر 19ـی ئادار، جارێكی تر لە دوو لاوە تەقە لە بارەگای لقی 12ی هەڵەبجەی شەھید كرایەوە، بەداخەوە چەندان جارە تەقە لە بارەگاكانی پارتیمان دەكرێت لە سنووری پارێزگاکانی هەڵەبجە و سلێمانی، دووبارە و چەندبارەبوونەوەی ئەو كردەوە دوژمنكارانە و نه‌گرتنى بكەرانی گومان لە ڕژدییه‌تی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەی ئەم  ڕووداوانە دروست دەکات"

زیاتر هاتووه‌، "بەتایبەتی كە لە هەندێ‌ ڕووداو و تاوانی تردا دەزگا ته‌ناهییه‌ بەرپرسیارەكان بەزوویی بكەرانیان دەستنیشان كردووە و گیراون، بەڵام کە بابەت دەبێتە تەقەكردن و هێرشكردنە سەر بارەگاكانی پارتیمان، نە كامێراكانی چاودێری و نە دامودەزگا پێوەندارەكان زانیاریان لەلا دەست ناكەوێت."

ئاشكراى كراوه‌، "ئێمە ئیدارەی دەڤەرەكە و دام و دەزگا ته‌ناهییه‌كان بە بەرپرس دەزانین لە دۆزینەوە و بەسزاگەیاندنی یاسایی ئەوانەی ئەم كارە ترسنۆكانە و دوور لە شارستانیەتە ئەنجام دەدەن، بەردەوام بوونی ئەم حاڵەتە و نه‌گرتنى تاوانبارن دەبێتە هاندەری خەڵكی تریش لە پارێزگاكانیتری هەرێم بۆ تەقەكردن لە بارەگای حزبەكان و بێ‌ حورمەتی كردن بەرانبەریان و دروستكردنی كەشوهەوایەكی نالەبار بۆ كار و چالاكی حزبەكان".

ئه‌وه‌یان خستووه‌ته‌ڕوو، "بۆیە هانی ئیدارە و دامودەزگا ته‌ناهییه‌ پێوەندارەكان دەدەین، بە ئەركی سەرشانی خۆیان هەستن لە پاراستنی بارەگاكانمان و دۆزینەوەی هەرچی زووتری تەقەكەرانی شەوی ڕابردوو و پێشوتریش، ھەروەھا بەگوێرەی یاسا لە یاسادەرچووان سزابدرێن بۆ ئەوەی رَێ لە تەشەنەسەندنی ئەم دیاردە ناشرینە بگیرێت."


وشە - محەمەد میران