باڵەكایەتی و برادۆست.. پەكەكە كێشە بۆ هاتوچۆی رەوەند و كۆچەرییەكان دروست دەكات

:: PM:09:32:28/03/2021 ‌

بەهۆی نائارامی و هەبوونی شەڕ و پێكدادان لە ناوچە سنووری و كوێستانەكانی دەڤەری باڵەكایەتی و برادۆست، ئەمساڵ چوونی رەوەند و كۆچەرییەكان بۆ كوێستانەكانی ئەو دەڤەرانە  زەحمەتە و مەترسیدارە، بەرپرسێكی كارگێڕی زانیاری زیاتر دەخاتە روو .

لە رۆژانی رابردوو لە ناوچەی گەرووی سنگانی برادۆست، كە رێگای سەرەكیی كوێستانەكانی بێركمە، مێرگەمیر، مێرگەدوكان و بەربزین، بەهۆی دانانەوەی مادەی (تی ئێن تی)، لەلایەن پەكەكەوە، دوو كەس بوونە قوربانی، ئەمەیش ترسی لای رەوەندەكان دروست كردووە .
جیا لە وەرگرتنی سەرانە و باج، كڕیار و بازرگانان بۆ كاروباری خۆی بەكاردێنێت
ئیسحان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان بە "وشە"ی راگەیاند، هێشتا چەند رۆژێكی ماوە كاتی چوونی رەوەند و كۆچەرییەكان بۆ كوێستانەكان نییە، بەڵام ئەمساڵ هاتوچۆ و مانەوەیان زەحمەتترە بە بەروارد بە ساڵانی رابردوو، چونكە جیا لە شەڕ و پێكدادان و بۆردمانەكان، چەند رووداوێكی نەخوازراو لەسەر رێگای كوێستانەكان روویان داوە .

زیاتر گوتی، زانیاریمان هەیە لەماوەی رابردوودا لەلایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، رێگای هاتوچۆی هاووڵاتییانی مینڕێژ كردووە و زیانی گیانی و مادی بەر هاووڵاتییان و كاسبكاران كەوتووە، ئاماژەی دا، لە ڕۆژانی داهاتوو بڕیاری كۆتایی دەدەین لەبارەی چوونی رەوەند و كۆچەرییەكان و كام شوێن رێگەپێدراوە و كام شوێنیش قەدەغە دەكەین .

لای خۆیەوە، سەرچاوەیەكی تەناهی لە دەڤەری سۆران ئاشكرای دەكات كە لەلایەن چەكدارانی پەكەكەوە كێشە بۆ هاوردەكردنی مەڕوماڵاتی بیانی دروست دەكرێت، سەربای وەرگرتنی گومرگ و باج و سەرانە، دەیانەوێ كڕیار و بازرگانانی ئەو بوارە بچنە ژێر دەسەڵاتی ئەوان، بەمەبەستی دروستكردنی هاوئاهەنگی و سوودوەرگرتن بۆ كاروباری سیاسی و چەكداریان .

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل