ماچکردن لە دنیای ئاژەڵان دا

:: PM:03:10:11/04/2021 ‌
رەنگە پێمان وا بێت ماچکردن کردارێکی تایبەت بە مرۆڤ بێت، بەڵام هەندێک رەفتار لە دنیای ئاژەڵان دا هەیە کە زۆر بە ماچکردنەکەی ئێمەی مرۆڤج دەچێت. بۆ نموونە کاتێک باڵندەکان دەنوکیان لە یەکتر دەخشێنن، بەو واتایەیە کە خۆشەویستییەکی لە رادە بەدەریان بۆ یەکتر هەیە.

ئاژەڵە کۆمەڵایەتییەکان
زۆربەی ئەو ئاژەڵانەی سەر بە بنەماڵەی پشیلەکانن، وشک و دڕندەن، بەڵام شێر و پڵنگ لە هەموویان جیاوازترن. لەبەر ئەوەی کاتێک دەگەنە یەکتر بۆن بە یەکترەوە دەکەن و دەموچاوی یەکتر دەلێسنەوە و روومەتیان لە یەکتر دەخشێنن، ئەو کردارەیان زۆر بە ماچکردن ولە ئامێزگرتنی مرۆڤ دەچێت.

فیل
ئەو دوو فیلە خەریکی جووتبوون نین، ئەوان لە راستیدا خەریکن پاڵ بە یەکترەوە دەنێن و لەسەر ئاو خواردنەوە شەڕیانە، بەڵام بەدەر لەمە فیلەکان لە ئاژەڵە هەرە کۆمەڵایەتییەکانن و لە دەوری یەک دەژین و پارێزگاری لە یەکتر دەکەن، ئەوانیش بە تێک ئاڵاندنی لوتیان لە یەکتر، کردارێکی هاوشێوەی ماچکردنی مرۆڤ ئەنجام دەدەن.

لە ئامێز گرتنی یەکتر
وا پێدەچێ ئەو دوو جرجە خەریکی گۆڕینەوەی خۆشەویستی بن و یەکتر ماچ بکەن، بەڵام ئەو دوانەش خەریکی ماچکردنی یەکتر نین، ئەو جۆرە جرجانە کە لە ناوچە بیابانییەکان دەژین، کاتێک دەگەن بە یەکتر سەر و لوتیان لە یەک دەخشێنن و لەو رێگەیەوە سڵاو لە یەکتر دەکەن.

من عاشق نیم جەنگاوەرم
ئەو ماسیانە لە جۆری گوورامین و دەمیان خستووەتە ناو دەمی یەکتر، وا پێدەچێ ناز بەسەر یەکتر دا بکەن، لە وێنەکە دا وەک ئەوە دەردەکەون کە ماچی یەکتر بکەن، بەڵام لە راستی دا ئەوان خەریکن لەگەڵ یەک شەڕ دەکەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەش لە هەندێک وڵات و لە سەرووی هەموانەوە لە چین، ماسی گوورامی بە سیمبولی خۆشەویستی دادەنرێت.

بۆنکردنی کەروێشکەکان
لەو وێنەیەشدا ئەو کەروێشکانە یەکتر ماچ ناکەن، بەڵکوو لە یەکتر نزیک بوونەتەوە بۆ ئەوەی بۆنی یەکتر بکەن، کەروێشکەکان ئەوانەی رەبەنن و ئەوانەش کە جووت بوون، زۆر شەرمێونن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئاژەڵێکی گرجوگۆڵن و لە یەک سەعات دا 56 کیلۆمەتر دەبڕن.

شێری دەریایی
یەک لەو هۆکارانەی ئاژەڵان سەریان بە سەری یەکترەوە دەنێن بۆ ئەوەیە تا بۆن بە یەکترەوە بکەن، ئەو دوو شێرە دەریاییەش لەو جۆرە ئاژەڵانەن کە بۆن بە یەکترەوە دەکەن، بەڵام هۆکاری ئەمە چییە؟ لە راستی دا ئەو ئاژەڵانە بۆ ئەوەی یەکتر بناسنەوە بۆن بە یەکترەوە دەکەن، زۆربەی ئاژەڵەکان بۆ دۆزینەوەی رەگەزی یەکتر ئەو کردارە ئەنجام دەدەن.

گازگرتن
ئەو دوو نەهەنگە لە وێنەکە دا وا دەردەکەوێ خەریکن یەکتر دەگەزن، بەڵام لە راستی دا ئەوە شێوەی ماچکردنی ئەو بوونەوەرە دەریاییەیە، نەهەنگەکان سروشتێکی شەڕانگێزیان نییە و هیچ کات هێرش ناکەنە سەر یەکتر، نەهەنگ لەناو بوونەوەرە دەریاییەکان دا بە بوونەوەرێکی هێمن و خێزان خۆشەویست ناسراوە.

شەڕە دنوک
ماچکردن بۆ باڵندەکان کارێکی ئاسان نییە، ئەوان لەجیاتی ماچکردن دنوکیان لە یەکتر دەخشێنن. ئەو رەفتارەی باڵندەکان دەگەرێتەوە بۆ غەریزەیان، واتا ئەو کاتەی بە بێچوویی دایکیان بە دنوک خواردن دەکات بە قوڕگیان دا، بۆیە هەرکات دوو باڵندە دنوکیان لە یەکتر خشاند گوزارشتە لە پێشاندانی ئەوپەڕی خۆشەویستی بۆ یەکتر.

تا مردن دەستبەردارت نابم
ئەو دوو توتییە دنوکیان بەیەکەوە ناوە و پێدەچێ خەریکی ماچکردنی یەکتر بن. توتییەکان سروشتێکی تایبەتیان هەیە، لە هەڵبژاردنی جووتەکەیان زۆر ورد و بە پارێزن، بەڵام کاتێک جووتەکەی خۆیان دۆزییەوە، تا کۆتایی تەمەنیان لەگەڵی دەمێننەوە و لەگەڵ هیچ توتییەکی تر جووت نابن.


وشە - هیدایه‌ت جان