لە بازاڕی رەشی ئێران پێكوتەی كۆرۆنا بە 60 ملیۆن تمەن دەفرۆشرێت

:: PM:01:26:12/04/2021 ‌
دەڵاڵ و بازرگانان لە تاران لە بری فرۆشتنی هەر پێكوتەیەكی كۆرۆنا، 60 ملیۆن تمەن وەردەگرن كە دەكاتە نزیكەی دوو هەزار و 500 دۆلار.

بەگوێرەی رادیۆ فەردا، یەكێك لەو بازرگانانە لە شەقامی ناسر خوسرەوی تاران گوتوویەتی، دەتوانێ بێت پێكوتە بۆ هەر كەسێك دابین بكات. ئەو ئاماژەی داوە وەك دەڵاڵ پێوەندییەكە رێك دەخات و دەیباتە نەخۆشخانەیەك و بە 60 ملیۆن تمەن پێكوتەكە لە كەسەكە دەدات.

حوسێن كرمانپوور بەڕێوەبەری گشتی پێوەندییەكانی فەرمانگەی تەندروستی ئێران، ئەو جۆرە بازرگانیكردنەی پشتڕاست كردووەتەوە، بەڵام گوتوویەتی زۆر بە كەمی هەیە، چونكە ئەگەر پێكوتەكان لە ناو ساردكەرەوە بهێنرێنە دەرەوە، ئەوا بۆ ماوەیەكی كەم تێكدەچن.

لەو وڵاتە 161 هەزار كەس كوتراون.


وەزارەتی تەندروستی ئێران هێشتا ئامارێكی نوێی لەسەر ئەوە بڵاو نەكردووەتەوە لەو وڵاتە چەند كەس پێكوتەكەیان لێ دراوە، بەڵام ئامارەكانی هەفتەی رابردووی هەندێك دامەزراوە باس لەوە دەكەن لەو وڵاتە 161 هەزار كەس كوتراون.

لە ئێران كارمەندانی تەندروستی و پزیشكان لە ئەولەویەتی كوتاندان، بەڵام دوو پزیشك گوتوویانە لە ریزی ئەو كەسانەی بۆ وەرگرتنی پێكوتە وەستاون، كەسانێكیان بینیوە فڕیان بە پزیشك یان فەرمانبەری تەندروستی نەبووە.

بەرپرسێكی تری كەرتی تەندروستی ئێرانیش گوتوویەتی، ئەو پێكوتانەی بۆ پزیشكان و پەرستاران دانرابوو، بە تەواوی بەدەست ئەوان نەگەیشتووە، بەڵكو بەشێكی دزراوە یان بۆ كەسانی تر بەكار هێنراوە.



وشە - سلێمان تاشان