تووشبوون بە كۆرۆنا لە عێراق هەشت هەزار حاڵەتی تێپەڕ كرد

:: PM:04:44:13/04/2021 ‌

بەپێی دوایین ئاماری تووشبوونی رۆژانەی پەتای كۆرۆنا لە عێراق، لە ماوەی 24 سەعاتی رابردوودا 8179 حاڵەتی تووشبوون تۆمار كراوە، بەرانبەر بە 5791 حاڵەتی چاكبوونەوە و 39 حاڵەتی مردن، ئەوەیش لە كۆی 47366 پشكنین لە تاقیگە تایبەتەكان لە هەموو عێراق.
تووشبوون لە 950 هەزار حاڵەت نزیك بووەتەوە
بەپێی دوایین راگەیەندراوی وەزارەتی تەندروستی عێراق ئەمڕۆ سێشەم بڵاو كرایەوە، لە 24 سەعاتی رابردوو 8179 حاڵەتی نوێی تووشبوون و 5791 حاڵەتی چاكبوونەوە و 39 حاڵەتی مردن لە سەرانسەری عێراق هەبووە، بەوەیش كۆی تووشبوون تا ئێستە گەیشتووەتە 941078 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 826323 حاڵەت و مردنیش 14796 حاڵەت.

هەرچی هەرێمی كوردستانە ئەمڕۆ سێشەم لە راگەیەندراوێكی وەزارەتی تەندروستیدا هاتووە، 1228 تووشبوونی نوێ و 406 حاڵەتی چاكبوونەوە و 15 حاڵەتی مردن تۆمار كراوە، بەوەیش كۆی تووشبوون گەیشتە 134656 حاڵەت و چاكبوونەوەیش 114845 حاڵەت و مردن 3814 حاڵەت.

شایەنی باسە تا ئێستە بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا لە دنیا بەردەوامە و دوایین ئاماری تووشبوون گەیشتووەتە سەرووی 137 ملیۆن و 425 هەزار حاڵەت و مردنیش گەیشتووەتە سەرووی دوو ملیۆن و 962 هەزار حاڵەت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل