ئێران وێنەی ئەو كەسەی بڵاو كردەوە كە لە تەقینەوەی نەتەنز دەستی هەبووە

:: PM:04:08:17/04/2021 ‌
هەفتەیەك دوای ئەو تەقینەوەیەی لە وێستگەی ناوكیی نەتەنز كرا، وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران وێنەی بكەرەكەی بڵاو كردەوە و میدیاكانی ئێرانیش دەڵێن، بۆ دەرەوە رای كردووە.

وەزارەتەكە ناو و تایبەتمەندییە كەسییەكانی ئەوی بڵاو كردووەتەوە و گوتوویەتی، لە دەرەوەی وڵات بەدوایدا دەگەڕێت و پۆلیسی ئینتەرپۆلی لێ ئاگادار كردووەتەوە. كەسەكە ناوی رەزا كەریمییە و تەمەنی   43 ساڵە و خەڵكی كاشانە. 

ئیسرائیل لە پشتەوەی هێرشەكەی وێستگەی ناوكیی نەتەنز بووە و پێ دەچێت ئەو كەسەی بەرەو دەرەوە هەڵاتووە، پلانەكەی جێبەجێ كردبێت.

بەو هێرشە حەیای ئێران چووە

بەگوێڕەی دۆیچەوێلە، عەلی ئەكبەر ساڵحی سەرۆكی ئاژانسی وزەی ناوكیی ئێران، پێشتر هێرشەكەی بە تیرۆریزمی ناوكیی هەژمار كردبوو. موحسین رەزایی سكرتێری گشتی ئەنجوومەنی باڵای دیاریكردنی بەرژەوەندییەكانی ئێرانیش گوتبووی، بەو هێرشە حەیای ئێران چووە و دەزگای تەناهی ئێران دزەی كراوەتە سەر.

پێویستە ئاماژە بەو راستییە بكرێت كە ئیسرائیل جگە لەو هێرشە، پێشتریش چەندان هێرشی تری كردووەتە سەر ئێران و تەنانەت لە تاران توانی موحسین فەخریزادە گرنگترین كەسایەتی ناوكیی ئێران، بكوژێت و ئێستەشی لەگەڵدا بێت ئێران نەیتوانی لەسەر ئەم هێرشە هیچ كەسێك بگرێت.

ئیسرائیل بۆ جێبەجێكردنی پلانەكانی لە ناوخۆی ئێران، پشت بە كەسانی شارەزا و لێهاتوو هەر لە ناو دەزگا تەناهییەكانی ئێران دەبەستێت و ئەوەش بابەتێكە ئێرانی هەراسان كردووە.



وشە - سلێمان تاشان