ڤاكسین و دووگیانی.. شارەزایان چی دەڵێن؟

:: PM:04:17:18/04/2021 ‌

پێناچێت ڤایرۆسی كۆرۆنا لە داهاتوویەكی نزیكدا یاخەی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی بەربدات، ئەو مرۆڤی بە جیاوازیی رەگەز و تەمەن و چینە كۆمەڵایەتییەكان و پێكهاتەی ئەتنی كردووەتە ئامانج، لە ماوەی رابردوو چەند بازدانێك لە پێكهاتەی بۆماوەیی ڤایرۆسەكە دروست بوو و وای كرد چەند تیرەیەكی شەڕانگێزتر دروست ببێت، بەتایبەتی تیرە بەرازیلییەكە، بەرپرسانی بەرازیل داوا لە ژنان دەكەن دووگیانبوونیان دوا بخەن.

وەك رۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی بڵاوی كردەوە، بەرپرسانی بەرازیل رێنوێنیی ژنانیان كردووە بۆ دواخستنی پرۆسەی دووگیانی تا ئەوكاتەی پەتاكە تێپەڕ دەبێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی دەركەوت تیرە بەرازیلییەكە بۆ سەر دایكانی دووگیان زۆر كاریگەرە، ئەو رێنوێنییە لە كاتێكدایە دۆخی بەرازیل بە دەست كۆرۆناوە زۆر خراپە و رۆژانە زیاتر لە ناوچەكانیتری دنیا قوربانی هەیە.
مەترسیی بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ سەر تەندروستی ژنانی دووگیان دەرنەكەوتووە
رافائیل بارینتی، بەرپرس لە وەزارەتی تەندروستی بەرازیل دەڵێت، ئەوان دەتوانن تا باشتربوونی دۆخەكە دووگیانبوون دوابخەن، چونكە تاقیكردنەوەكان دەریانخستووە ئەو تیرە نوێیە مەترسیدارترە بۆ سەر ژنانی دووگیان، پێشتر حاڵەتەكانی تووشبوون لە دوای سێ مانگی دووگیانی بوو، ئێستە مەترسییەكەی لە یەكەم و دووەم سێیەكی ماوەی دووگیانبوونە.

لە بەریتانیا راوێژكارانی بواری ڤاكسینەكان داوایان لە حكوومەتی وڵاتەكەیان كرد بۆ پێدانی ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا بە ژنانی دووگیان، لیژنەی هاوبەشی كوتان و خۆپاراستن دەڵێت، باشترین جۆری ڤاكسین بۆ ئەوان فایزەر/بیۆنتیك یان مۆدێرنایە، چونكە بەڵگەی زیاتریان لەبارەی بەكارهێنان لەسەر ژنانی دووگیان هەیە، كاتێك زانیارییەكانی لە ئەمەریكا هاتوون لەبارەی 90 هەزار ژنی دووگیان، ئەوان هیچ مەترسییەكیان لەسەر دەرنەكەوت، دووپاتی كردەوە كە بڕیاری بەكارنەهێنانی ڤاكسینی ئۆكسفۆرد/ئەسترازینیكا بەهۆی بوونی مەترسی لەبارەی خوێن مەیین لای ئەوان نەبووە. ئەوە لەوكاتەی تا ئێستە تەنیا ئەو ژنە دووگیانانە دەكوتران كە كێشەی تەندروستیان هەبووە. 

وی شین لیم، مامۆستای زانكۆ و بەرپرسی یەكەم لە ڤاكسینی دژ بە كۆرۆنا لە لیژنەی هاوبەشی كوتان و پاراستن دەڵێت، ئەوان هانی ژنانی دووگیان دەدەن بابەتی سوود و مەترسییەكانی ڤاكسین لەگەڵ پزیشكەكانیان باس بكەن، وا باشترە ئەگەر هەلیان بۆ رەخسا، ئەو ژنانەی ئەگەری تووشبوونی زیاتر و مەترسی زیاتریان لەسەرە خۆیان بكوتن.

روونی كردەوە، مەترسیی بەكارهێنانی هیچ جۆرە ڤاكسینێك بۆ سەر تەندروستی ژنانی دووگیان دەرنەكەوتووە، بەڵام زانیارییەكانی لە ئەمەریكا هاتووە باس لە بەكارهێنانی ڤاكسینەكانی فایزەر/ بیۆنتیك و مۆدێرنا دەكات، بۆیە پێمان باشە و رێنوێنی بەكارهێنانی ئەو جۆرانە بۆ دووگیانان دەدەین.

لیژنەكە ئاماژەی كرد كە 90 هەزار ژنی دووگیان لە ئەمەریكا ئەو ڤاكسینانەیان بەكارهێناوە بێ دەركەوتنی هیچ كێشەیەك لەبارەی سەلامەتیان، بە هەمانشێوە هەزاران ژنی دووگیان لە بەریتانیا خۆیان بەو ڤاكسینانە كوتاوە، ئەوانەیشی ڤاكسینی ئەسترازینیكایان وەرگرتووە، پێویستە بەردەوام بن و ژەمی دووەمی وەربگرن.

پێشتر زانیارییەكان وا بوون كە بەڵگەی پێویست نییە بۆ پاڵپشتیكردنی بەكارهێنانی ڤاكسین بۆ ژنی دووگیان، بەڵام ئەوكاتەی مەترسی تووشبوون زیاد دەبوو یان نەدەتوانرا خۆتی لێ لابدەیت، دەكرێ بیر لە وەرگرتنی بكەیتەوە، یان ئەوكاتانەی ژنانی دووگیان كێشەی تری تەندروستیان هەبووبێت. 

ئەم هەفتەیە بەرنامەی كوتان دەستی كردووە بە دانانی خشتەی پێدانی ڤاكسین بۆ ئەوانەی لە سەرووی 45 ساڵن و ئەگەری پێدانی ڤاكسین بە ژنانی دووگیان و تەمەنی خوارتریش هەیە، سەبارەت بە مەترسییەكانی ڤاكسین لەسەر ژنی دووگیان، مەترسییەك هەیە بۆ لەدایكبوونی زووتری منداڵەكەی، كاتێك یەك لەسەر پێنجی ژنانی دووگیان كە بەدەست كۆرۆناوە دەناڵێنن و دەبردرێنە نەخۆشخانە، رەنگە ناچاری بوونی منداڵەكانیان زووتر لەكاتی خۆی ببنەوە.

لووسی چابیل، پزیشكی راوێژكاری لەدایكبوون و بەرپرسی ڤاكسنی دژ بە كۆرۆنا لە كۆلێجی پزیشكی شاهانەی بەریتانیا بۆ منداڵبوون و نەخۆشییەكانی ژنان دەڵێت، بڕیارەكەی لیژنەی ڤاكسینەكان هەنگاوێكی لۆجیكییە، پزیشكانی لەدایكبوون ئامادەن بۆ پاڵپشتیكردنی ژنانی دووگیان بۆ بڕیاردان لەبارەی وەرگرتنی ڤاكسینەكان. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل