جێهێشتنی مۆبایل لەسەر شەحن چۆن كار لە تەمەنی پاتری دەكات؟

:: PM:04:54:10/05/2021 ‌

یەكێك لەو بابەتانەی تا ئێستە باسی دەكرێت، ئەوەیە هێشتنەوەی مۆبایل لەسەر شەحن زیان بە پاتری مۆبایل دەگەیەنێت و تەمەنی كورت دەكات، راستییەكە چییە؟

رەنگە ئەو مەترسییە تا رادەیەك لە حاڵەتی مۆبایل و پاترییە كۆنەكان راست بێت، بەڵام لە سەردەمی مۆبایلی زیرەك نا، چونكە پاتری ئەوان جیاوازە، وەك ماڵپەڕی "PC Mag"ی باسی دەكات، مۆبایلە زیرەكەكان پارچەیەكی ئەلیكترۆنیان بۆ دانراوە بۆ پاراستنی، هەركاتێك پاترییەكە بە رێژەی 100% شەحن بووەوە، ئەو پارچە ئەلیكترۆنییە هاندەكە ئاگەدار دەكاتەوە بۆ وەستانی شەحنكردنەوە، ئەگەر هاندەكە لاش نەبرێت. 
پاتری لیسیۆم لە رووی كیمیاییەوە كۆن دەبێت و ئەوەیش لە تەمەنی پاترییەكە دەبات
لەبارەی كەمبوونەوەی تەمەنی پاترییەكە، هەر خۆی تەمەنی پاتری هەموو مۆبایلێك بە تێپەڕبوونی كات لە كورتی دەدات، بۆیە جێهێشتنی لەسەر شەحن جیاوازییەكی ئەتۆی نابێت، چونكە وا دروست كراوە كە دوای شەحنبوونەوەی بە تەواوەتی، چیتر شەحن وەرناگرێت، لێرەدا مەرجێك هەیە ئەویش ئەوەیە كە پاترییەكەی رەسەن بێت و مەترسی تری مانەوەی لەسەر شەحن نەبێت.

كایل وینز، سەرۆكی كۆمپانیای ئای فیكسایت دەڵێت، بابەتەكە پێوەستە بە خولەكان و چۆنیەتی بەكارهێنانی پاترییەكە و بڕی كاركردنی، پاتری نموونەیی دەتوانێت 400 خولی شەحنكردنەوە وەربگرێت، واتە تەمەنی بۆ ساڵێك و نیو و زیاتر دەبێت، جێهێشتنی هاند لەسەر شەحن شەوانە و دوای پڕبوونی، تەنیا بە بەكارهێنانی هاندەكە ئەو شەحنە كەم دەبێتەوە و لە تەمەنی پاترییەكە دەبات.   

بەڵام چەند مەترسییەك لە جێهێشتنی مۆبایل لەسەر شەحن هەیە، چونكە دوای تەواوبوونی شەحنەكەی، رەنگە شەحنی دابەزێت، بەوپێیەیش كە بە شەحن بەستراوەتەوە، بۆیە دووبارە شەحن دەبێتەوە، بەڵام لەبیرت نەچێت پاتری جۆری لیسیۆم لە رووی كیمیاییەوە كۆن دەبێت، ئەوەیش لە تەمەنی پاترییەكە دەبات.  

بەو پێیەی جێهێشتنی پاتری مۆبایل لەسەر شەحن شەوانە مەترسی ئەوەیشی هەیە كە هاندەكە گەرم ببێت و كار بكاتە سەر پاترییەكە، بۆیە چەند رێگایەك هەیە بۆ كۆنترۆلكردنی شەحنبوونەوەی پاتری لەوانە ئامێری تەوقیتكردنی داخستنی شەحنكردنەوە یان دەستكاریكردنی رێكخستنی هاندەكەت لەوناو ئامێرەكە.   



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل