هیندییەكان بۆ خۆپارێزی لە كۆرۆنا تەپاڵەی مانگا لە خۆیان دەسوون

:: AM:09:53:11/05/2021 ‌
لە ویلایەتێكی هیندستان و بەتایبەتی هیندۆسییەكان، بۆ خۆپاریزی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا، پەنا بۆ تەپاڵە و میزی مانگا دەبن و لە جەستەیان دەسوون، ئەو دیاردەیە لەو وڵاتە جۆرێكە لە كولتوور و پێیان وایە تەپاڵە و میزی مانگا لە زۆر نەخۆشی دووریان دەخاتەوە. پزیشكانیش دیاردەكە بە مەترسی دەزانن.

پێگەی "عەرەبیە" ئەمڕۆ سێشەم 11ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، لە ویلایەتی جۆجارات لە رۆژئاوای هیندستان، خەڵكی ئەو ناوچەیە داونەریتیان وایە كە بەلایانەوە تەپاڵە و میزی مانگا لە زۆر نەخۆشی دووریان دەخاتەوە، بۆیە لەم قۆناغەدا كە كۆرۆنا تەنگی بەو وڵاتە هەڵچینوە، زیاتر هیندۆسییەكان پەنایان بردووەتەبەر تەپاڵە و میزی مانگا و لە جەستەی خۆیانی دەسوون.

لەوبارەیەوە پزیشكانی ئەو وڵاتە رایان گەیاند، بەڵگەیەكی زانستی لە بەردەست نییە پێمان بڵێ تەپال و میزی مانگا بۆ چارەسەر بەكار دێت، بەپێچەوانەوە مرۆڤ تووشی چەندان نەخۆشیی دەكات.

ئێستە كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بە فراوانی هیندستانی گرتووەتەوە، بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی تەدروستیی ئەو وڵاتە، 22 ملیۆن و 660 هەزار كەس تووش بوون، هاوكات 246 هەزار و 116 كەس بەهۆیەوە گیانیان لە دەست داوە. بەڵام پسپۆڕانی هیند دەڵێن، ژمارەكە پێنج ئەوەندەی ئەو ژمارەیەیە كە وەزارەت رای دەگەیەنێت.

بەپێی هەواڵەكەی "عەرەبیە" رۆژانە خەڵكێكی زۆری ویلایەتی جۆجارات كە زیاتر لە هیندۆسییەكانن، روو دەكەنە سەنتەرەكانی بەخێوكردنی مانگا، لەوێ تەپاڵە و میزی مانگا لە جەستەی خۆیان دەسوون، پێیان وایە تەپاڵە و میزی مانگا بەرگریی لەشیان بەهێز دەكات و خۆیان لە ڤلیرۆسی كۆرۆنا دەپارێزن.

ئەوەشی گوتووە كە خەڵكی ئەو ناوچەیە چەندان سەتەیە ماڵەكانیشیان بە تەپاڵە و میزی مانگا پاك دەكەنەوە، مەبەستیشیان خۆپارێزییە لە نەخۆشی.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د