چاودێران بۆ دۆخی ناوچه‌كه ئاماژه ده‌كه‌ن كه ئه‌مه‌ریكا ده‌ستی له‌سه‌ر رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست سووك كردووه و خۆی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی په‌ره‌سه‌ندووی رووسیا و چین ته‌رخان ده‌كات، ئه‌وه سیاسه‌تێكی كۆنی دیموكراته‌كانه له سه‌رده‌می باراك ئۆبامای سه‌رۆكی پێشووتری ئه‌مه‌ریكا، ئێسته جۆ بایدن به‌رده‌وامی پێ ده‌دات، به‌ڵام له سایه‌ی پاشه‌كشه‌ی سه‌ربازیانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه چی رووده‌دات؟
رۆژنامه‌ی
"جۆرشه‌لیم پۆست"ی ئیسرائیلی، باسی چه‌ند ئه‌گه‌رێك ده‌كات له حاڵه‌تی پاشه‌كشه‌ی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، ئیسرائیل زیاترین نیگه‌رانی هه‌یه له‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی له سه‌رده‌می سه‌رانی پێشووی ئه‌مه‌ریكا هاتووه‌ته دی، هه‌ڕه‌شه‌یان بكه‌وێته سه‌ر، هاوكات چاره‌نووسی رێككه‌وتنه‌كانی ئاشتی به‌ره‌و نادیاری بچێت، رۆژنامه‌كه ئاماژه ده‌كات، پاشه‌كشه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا له ناوچه‌كه له‌سه‌ر به‌ڵێنی سه‌رانی ئێسته و پێشووی ئه‌مه‌ریكا بووه، بڕیاره له 11ی ئه‌یلوول له ئه‌فغانستان پاشه‌كشه بكات، له عێراق و سووریایش ئه‌گه‌ری زۆری هه‌یه، بۆیه ماوه‌یه‌كی دوورودرێژه پاشه‌كشه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا پێشبینیكراوه و ئه‌و دۆخه له‌رزۆكه‌ی هه‌یه بۆ زۆرێك له یاریكه‌ره‌كان كۆتایی دێت.
كشانه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا ئه‌گه‌ری دروستبوونی ململانێ زیاتر ده‌كات
سه‌ره‌ڕای ئه‌و دیده گه‌شبینه‌ی كریستین فۆنتینرۆز، توێژه‌ر له په‌یمانگه‌ی ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تله‌سی ئه‌مه‌ریكی، كه باسی له‌دایكبوونی لێكگه‌یشتن له نێوان نه‌یاره سوننه و شیعه‌كان ده‌كات، بۆ چاره‌سه‌ربوونی كێشه و ناكۆكییه‌كانیان، به‌ڵام رۆژنامه‌كه ئاماژه ده‌كات كه پاڵنانی سعوودیه له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه بۆ ناو باوه‌شی ئێران، خزمه‌ت به رووسیا و چین و ئێران ده‌كات. رۆژنامه‌كه باسی له 10 ئه‌گه‌ر كردووه، كه پێویسته سیاسه‌توان و فه‌رمانده سه‌ربازییه‌كان و ئه‌ندامانی ده‌زگای هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكی له ماوه‌ی ساڵانی داهاتوودا مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بكه‌ن.
یه‌كه‌م/ تیرۆریسته ئیسلامییه‌كان شوێنی نوێ و كۆنی حه‌وانه‌یان ده‌ست ده‌كه‌وێت، ئه‌وه‌یش بۆ نانه‌وه‌ی پشێوی له دژی ئه‌مه‌ریكا و ئیسرائیل.
دووه‌م/ ئێران جموجۆڵه سه‌ربازییه‌كانی له دوو ناوچه‌ی هه‌ستیار زیاد ده‌كات، ئه‌وانیش گه‌رووی هورمز و گه‌رووی بابولمه‌نده‌بن، به‌وه‌یش هه‌ڕه‌شه ده‌خاته سه‌ر رێڕه‌وی هاتوچۆی ده‌ریاوانی دنیایی.
سێیه‌م/ له‌گه‌ڵ پاشه‌كشه‌ی سه‌ربازیی ئه‌مه‌ریكا، هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كانی دنیا د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه پابه‌ندییه‌كانی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا بۆ پاراستنیان ئێكسپایه‌ری هه‌یه.
چواره‌م/ هه‌ریه‌ك له ئێران و رووسیا و چین رۆڵی گه‌وره‌تریان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌بێت.
پێنجه‌م/ ئه‌گه‌ر سعوودیه و وڵاتانی كه‌نداو روو له ئێران بكه‌ن، دابڕانی ئیسرائیل زیاتر ده‌بێت، ئه‌گه‌رچی ئیسرائیل به‌رده‌وامه له هه‌وڵه‌كانی بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه به پێی رێككه‌وتنی ئیبراهیم و وه‌ك باشترین هاوپه‌یمان سه‌یریان ده‌كات.
شه‌شه‌م/ ئێران وا هه‌ست ده‌كات كه بواری باشتری بۆ سه‌ركێشیكردن ده‌بێت، چونكه ده‌زانێت ئه‌مه‌ریكا خواستی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیدا نییه، به‌هۆی ترسی له پاشه‌كشه‌كردنی له رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییه‌وه.
حه‌وته‌م/ دوای عێراق و لبنان، ئێران چاوی ده‌خاته سه‌ر ئوردن بۆ ئه‌وه‌ی بیخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی.
هه‌شته‌م/ بزووتنه‌وه‌ی تالیبان كۆنترۆڵی ئه‌فغانستان ده‌كاته‌وه، به‌وه‌یش هه‌موو مافێكی ژن و كه‌مینه‌كان له‌ناو ده‌چێت.
نۆیه‌م/ ئه‌گه‌ری دروستبوونی ململانێی ناوچه‌یی زیاتر ده‌كات.
ده‌یه‌م/ له داهاتوویه‌كی نزیكدا بڵاوبوونه‌وه‌ی چه‌كی ئه‌تۆمی له ناو وڵاتانی سوونه زیاتر ده‌بێت، ئه‌وه‌یش له به‌رژه‌وه‌ندی كه‌سدا نییه.
رۆژنامه‌كه ده‌ڵێت، ئاخۆ هیچ له‌و ئه‌گه‌رانه‌ی باس كران له به‌رژه‌وه‌ندی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مه‌ریكایه؟، ئاخۆ ئه‌مه‌ریكا ناچار نابێت جارێكی تر بگه‌ڕێته‌وه ناوچه‌كه، وه‌ك به په‌له گه‌ڕانه‌وه‌ی دوای كشانه‌وه‌ی له عێراق له 2011، رۆژنامه‌كه ئاماژه بۆ قسه‌یه‌كی مایكل ئۆرین، باڵوێزی پێشووی ئیسرائیل ده‌كات كه له 2019 به رۆژنامه‌كه‌ی گوتبوو، ئه‌گه‌ر وا باوه‌ڕت وابێت ئه‌مه‌ریكا وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی زاهێز ده‌توانێت بێ ئه‌وه‌ی خۆی بخاته مه‌ترسییه‌وه له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست پاشه‌كشه بكات، ئه‌وه فیڵ له‌خۆت ده‌كه‌یت.