بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم رای گهیاند كه لهلایهن كابینەی نۆی حكوومهتی ههرێمهوه زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان تەرخان کراوە، کە پێداویستیی هەنووکەیی بەنداوەکە بوو و دەبوایە بە زووترین کات بکرایە.
بهمدواییه راپۆرتێكی "وشە"، لەسەر كێشهكانی بەنداوی دەربەندیخان بڵاو بووهوه كه لە لایەن بەغداوە کەمتەرخەمی دەکرێت و پارە تەرخان ناکات بۆ مووچەی فەرمانبەران و خەرجی بەنداوەکە و نۆژەنکردنەوەی، لەکاتێکدا 80%ی ئاوی بەنداوەکە بۆ ناوچەکانی عێراق دەڕوات و ئەوان سوودی لێ دەبینن.
بەغدا پارە و بودجە بۆ بەنداوەکانی هەرێم تەرخان ناکات و پشتگوێی خستوون
ئەکرەم ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەنداوەکانی هەرێم بە "وشە"ی گوت، سوپاسی کابینەی نۆ دەکەین بۆ تەرخانکردنی ئەو بڕە پارەیە، کە زیاتر لە دوو ملیار دینارە و بۆ نۆژەنکردنەوەی بەنداوی دەربەندیخان تەرخان کراوە، کە پێداویستیی هەنووکەیی بەنداوەکە بوو و دەبوایە بە زووترین کات بکرایە.
زیاتر گوتی، بەپێی یاسا بەنداوەکان سەر بە حکوومەتی فیدڕاڵین و دەبێت بەغدا هەموو خەرجییەکیان بۆ دابین بکات و مووچەی فەرمانبەران و تەواوی خەرجییەکان بگرێته ئهستۆ، بەڵام بەغدا جیاوازی لە نێوان بەنداوەکانی هەرێم و عێراق دهكات و پارە و بودجە بۆ بەنداوەکانی عێراق تەرخان دەکات و بۆ بەنداوەکانی هەرێم تەرخان ناکات و گرنگییان پێ نادات و پشتگوێی خستوون.
بهڕێوهبهری بهنداوهكانی ههرێم ئاماژهی كرد، دەستخۆشی لە حکوومەتی هەرێم دەکەم کە چاوەڕێی بەغدای نەکرد و پارەی تەرخان کرد و خاوەنداریی بەنداوەکەی کرد، ئهو ههنگاوه جێگای پێزانینە.
لای خۆیهوه ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە "وشە"ی گوت، ئەم بڕیارە کارێکێ ئێجگار مەزن و گەورەی کابینەی نۆیە و سوپاسی حکوومەت دەکەین کە ئەو بڕە پارەی بۆ تەرخان کردین، بڕیارەكه جێبەجێ دەکرێ و بەزووترین کات دەدرێت بە کۆمپانیای جێبەجێکار.
روونی كردهوه، لە بنەڕەتدا ئەمە ئەرکی حکوومەتی عێراقە و حکوومەتی هەرێم دەیکات، بۆیه جێگای دەستخۆشییە و ڕژدی و سەرکەوتوویی کابینەکە دەردەخات بۆ خزمەتکردن، بەغدا بودجەی باش بۆ بەنداوەکانی خۆی دابین دەکات و گرنگیان پێ دەدات، بەڵام گرنگی بە ئێمە نادات و تەنانەت مووچەکانیشمان پێ نادات.
شایهنی باسه ٩ی ئەم مانگە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک بڕی زیاتر لە دوو ملیار دیناری بۆ نۆژەنکردوەی بەنداوەکە تەرخان کرد.
شارهزوور/ ئاسان محەمەد